ئاژاوەگێڕەکانی هەولێر کێن ..؟!
بەشدار عوسمان
2020-06-01   767
ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە
دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانی، ئەوانەن کە داهاتەکەی فەرهوود
دەکەن و کرێی کرێگرتەکانیان نادەن و لەکاتی داواکردنیشی شەق لەناو گەڵی مامۆستا و
فەرمانبەرەکانی هەڵدەدەن،ئەوانەن دەستدرێژیکارانی سەر مناڵی حەوت ساڵان و
تاوانباران لە دادگا دەرباز دەکەن، ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراک و دەرمانی
ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن، ئەوانەن پایتەخت دەکەن بە مۆڵگەی دەزگا
سیخوڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، ئەوانەن زانکۆکەی بێ کاریگەر و ئیفلیج دەکەنو
وەکو ناوەندێکی حزبی چاوی لێدەکەن،ئاژاوەگێڕەکانی شار ئەوانەن لەسەر داهاتی
خەڵکەکەی نەخۆشخانەیان بۆ خۆیان چێکردووە و کەرتی گشتییان بەفەرامۆشی سپاردووە،
ئەوانەی بڕوایان بە قوتابخانە گشتیەکان نیە و بۆ مناڵ و نەوەکانیان قوتابخانەی
تایبەتیان دورستکردووە و مناڵی زۆربەی خەڵکەکەشی چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانن
بەسەریاندا،ئەوانەن پیر و پەککەوتەی شارەکە لەبێ کارەبای و نەبوونی ئاودا ڕادەگرن
و خۆشیان ئاو و کارەبای فول و بەردەوامیان هەیە.
ئاژاوەگێڕەکان و تێکدەرەکان ئەوانەن،
زەوییە ڕوکن و شوێنە ستراتیژەکان بەسەر خۆیان و دەوروبەرەکەیان تاپۆ دەکەن و بەشێکی
بەرچاوی خەڵکەکەشی بەدیار کرێی خانوەوە کۆتایی مانگ دۆش دادەمێنێت،ئەوانەن مەرجی
دەستکەوتنی کار و وەزیفە دەبەستنەوە بە تەسکیە و وەلائی حزبی،ئەوانەن رۆژانە نامەی
هەڕەشە بۆ خەڵک دەنێرن و لەهەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتیەکاندان، ئەوانەن پیاسەیەک
و ژوانێک بۆ کچ و کوڕە گەنجەکان ڕەوا نابینن و رێگای ئیجەیان نیشان دەدەن،
ئەوانەشن رۆژانە وانەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەوریمان بۆ دەڵێنەوە و خۆشیان
بەبێدەنگی لە دیمەنی تۆپبارانەکان و لاشەکان ڕادەمێنن .
ئاژاوەگێڕەکان ئەمانەن، کە کارگەی جگەرە
و مافوری هەولێر و کارگەی شیری ئەلبان و هەرچی کارگە و کارخانە بوو لەکاریانخست، دەرفەتی کار و بەرهەمیان نەهێشت و
لەشکرێک لە خەڵکیان کردە مووچە خۆری بندیوار و خانەنشینی نایاسایی .
هەموو ئەو ئاژاوەگێڕ و تێکدەرانە بگرن و
سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن کە ئەو وەزعیەتەیان بەسەر ئەو خەڵکە هێناوە، لایەکی شارەکە لە نانی بەیانی
مناڵەکانی دڵنیا نیە.
بێدەنگ کردنی خەڵک و لە جوڵە خستنی هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی
لە شارەکە و هەڕەشە و تۆمەت و سیناریۆ دورست کردن بۆ کەسانی ناڕازی بەو وەزعیەتە
پڕ نەهامەتیە، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، دوورستکردنی ژینگەی پڕ لە ترس و
تۆقاندن و سەپاندنی عەسکەرتاریەت بە شەقامەکانی لەگەڵ دڵفراوانی و هێمنی خەڵکەکەی
نامۆیە .
هەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ
سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک ڕەنگی و خامۆشکرنی دەنگە
جیاوازەکان و ڕاونان و دەرکردنی خەڵکانێکی شارەکە،تەنها لەبەر ئەوەی جیاواز
بیردەکەنەوە، ناعەدالەتی ئازاریان دەدا، لەبەرامبەر ستەمکاری دێنە دەنگ،مۆرێکی
ناشیرینە بۆ هەموو شوێن و جێگا و دەسەڵاتێک،مێژوو لە بکەرانیان خۆش نابێت و
باجەکەی دەبێت بدەن.
هەولێر ئەگەر بە بێدەنگیش بێت رۆژانە قسە دەکا و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی
بەهەموو دنیا دەگەیەنێت .