ئەمەریکا و جەنگە درێژخایەنەکان: ناسینەوەی ئەکتەری سیاسی

لاوك سەڵاح
  2021-06-07     343
پرسیارێکی باو و ئاشکرا هەیە، هەمیشە، چەند بارە دەبێتەوە؛ ئایا ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە، ئەم پرسیارە میدیاکاران و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان و نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان و خەڵکیش بە گشتی لە ئاستی جیاوازدا دووبارەی دەکەنەوە. ئەم پرسیارە چەندین وەڵامی پەنهان لە خۆ دەگرێت. هەندێکیان لە نیگەرانی "وجود"ەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ نموونە، لە ئاستی خەڵکدا دەڵێن ئەگەر ئەمەریکا جێمان بهێڵێت ئێمە چی بکەین؟ بەخوا بە تەنیا و بێکەس دەمێنینەوە! نیگەرانییەکە داواکارییە بۆ پاراستنی ژیان و ئارامی سیاسی ناوچەکە، واتە داواکارییەکی ئەمنییە، هەندێکی دیکە وای دەبینن کە ئەمریکا لە بەرئەوەی زلهێزێکی گەورەیە تەنیا ئەو دەتوانێت رێ لە هەرەشە شەرانگێزەکان و ململانێ مێژوویەکانی ناو ناوچەکە بگرێت و پلانە فەرەخوازەکان راگرێت، بە شێویەکی گشتی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەمریکا وەک ئەکتەرێکی سیاسی لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان و بەرژوەندییە ئیقلیمییەکان وێنا دەکرێت، هەمیشە وەک فریادرەسێک تەماشا دەکرێت کە توانایەکی "سەرمەدی" هەیە بۆ پاراستنی نەتەوە بێکەسەکان.

شێوازی وێناکردنی رۆڵی ئەکتەرە سیاسییەکان لە نێو کارەساتەکانی رابردوومان و لە ئەدەبیاتی سیاسیدا زۆر ئاشکرا و روون نییە، هەندێ جار لەبەر شاردنەوەی زانیارییە گرنگەکان و پلانە سیاسییە پەنهانەکان بووە، هەندێ جار لەبەر ئەو رۆڵە چەواشەکاریانە بووە کە دەزگا سیاسییەکان لە هەڵمەتە سیاسییەکاندا دەیگرێن بۆ نووسینەوە و هۆنینەوەی حیکایەتێکی سیاسی کە پڕ بە پێستی مەرامێکی سیاسی بێت یان بۆ رەواکردنی کەیسێکی سیاسی یان بۆ خوڵقاندنی دوژمنێکی هاوبەش بۆ دروستکردنی وەهمی حەقیقەتێک بەوەی بەرژوەندی هەردوولا لە مەترسیدایە و دەبێت هەڵوێستی سیاسی وەربگیرێت، بەداخەوە، کەیسە سیاسییەکە وا وێنا دەکرێت کە پارستنی ئەو بەرژوەندییە خوێنی ملیۆنەها کەس لە جەنگی درێژخایەندا دەخوازێت کە دواجار دەبنە شەهیدی حکایەتێکی سیاسی پەنهان و لە پاش تێپەربوونی چەندان ساڵ حیکایەتە سیاسییەکە دەبێتە وەهمێکی سیاسی و نەوەیەک پر لە شکستی و نائومێدی دێنێتە ئاراوە، دیارترین نموونە بۆ سەلماندنی ئەم قسانە جەنگی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران و جەنگی تاڵبان و ئەمریکایە، لاتان سەیر و سەمەرە نەبێت، دوور نەبوو ئەگەر پشتگیری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ داعش بەردەوام بوایە و ململانێ سیاسییە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر نەبووایە، ئەمریکا لەگەڵ داعش رێک دەکەوت وەک چۆن لەگەڵ تاڵەبان لە قەتەر گەیشتنە رێکەوتن، بێگومان پێش هەر رێکەوتنێکی سیاسی، دانپیانانی سیاسی دێت!

دیارە، رۆڵی "بەد"ی پڕ تاوانی رژێمە ناوخۆیی و بەناو نیشتمانییەکانی رابردوو زۆر بەزەقی یارمەتی رەوایەتی هاتنە ژوورەوەی هێزە نێودەوڵەتەکانی داوە، ئەگەر ئەو رژێمانە توانای بیناکردنی تۆمارێکی یاسایی دادپەروەرانەیان هەبووایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتیانیاندا، هەرگیز دەرگا واڵا نەدەبوو بۆ ئەوەی نیشتمان ببێتە مەیدانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و لە بەهاکانی بەتاڵ بکرێتەوە و سەردەمێک لە نیگەرانی و بێ متمانەیی و شەکەتی رۆح  و پەرتەوازەیی و هەرەسی دامودەزگا فەرمییەکان ببێتە خەسڵەتی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

پاشەکشێی ئەمەریکا لە جەنگە درێژخایەنەکان، لە واقیعدا، دەبێت لەسەر بنەمای بەرژوەندی هەردوو وڵاتەکە بێت و بەرژوەندی ئاسایشی نیشتمانی هەردوولا، پێکەوە بەهەند وەرگرێت، نەوەک تەنیا هی ئەمەریکا. پاشەکشێ ئەرکێکی ئالۆزە، پابەندبوونی یاسایی و سیاسیە، پابەندبوونی دەوڵەتی و نێودەوڵەتییە. لەبەر چەندین هۆی ئەمنی و سیاسی و یاسایی، دەبێت لە کاتی گونجاوی خۆیدا و بە رێکەوتن لە نێوان هەردوولایەندا بێتە دی، ئەگەر نا زیانی زۆرترە، هەروەک چۆن لە سۆماڵ و ئەفگانستان روویدا. تەماشای جەنگی ڤێتنام بکەن، هێشتا ئاساورەکانی بەردەوامە و هەر باس دەکرێن. تەماشای پاشەکشەی ئەمەریکا لە ئەفگانستان بکەن لە پاش شکستی سوپای رووس، ئەمەریکا پشتی کردە ئەفگانستان و نیشتمانێکی وێرانەی لە پاش خۆی بەجێ هێشت کە دواتر رووبەرووی دونیایەک پەرچەکرداری سیاسی بۆوە. هیوادارم پاشەکەشی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتی گونجاوی خۆیدا بێت و کاتێک بێت کە پابەندبوونە سیاسی و یاساییەکانی خۆیان جێبەجێکردبێت، ئەگینا لە پاش ژەنگ هێنانی چەکی میلانی قەدیم و نەناردنی فیشەک بۆ بەکارهێنانی، رەنگە، خوانەخواستە، دووچاری پەرچەکرداری سیاسیمان بکاتەوە. گرنگە پاشەکشێ کاتێک رووبدات کە ئەرک و پەیام و کارەکە  تەواو بوو دەبێت، بە تایبەتی کە بەرپرسیاریەتی سیاسی و ئەخلاقی دەکەوێتە سەرشانی لایەنەکان، بێگومان ئەمە بۆ هەموو لایەک ئەرکە، بەڵام بەر لە هەموویان و بە تایبەتی بۆ ئەمریکا خۆی.

لە جەنگی ئەفگانستان و عێراقدا دونیایەک نموونە هەن بۆ ناسینەوەی رۆڵی ئەمەریکا لە جەنگە درێژخایەنەکاندا، لە بەراوردکردنی دوو جەنگەکە وردەکاریەکان هەندێکیان لە یەک دەچن و هەندێکی دیکەیان هەڵگری خەسڵەتی ژینەگە لۆکەڵەکەن، بۆ نموونە هەردوو وڵاتە تا ئێستا سەقامگیری سیاسی بەخۆوە نەدیوە و ئەو حکومەتانەی ئەمریکا پاڵپشتی کردوون سەرکەتوو نەبوون لە کارەکانیاندا. گرفتی سەرەکی و گرێ کوێرە ئەوەیە هەر ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا دێتە سەرکار، دەرەقت نایەت بە چوار ساڵ یان بە سیاسەتێکی چوار ساڵی مێژوویەک لە وێرانە و ئاڵۆزیی سیاسی چارەسەر بکات، لە باشترین دۆخدا میراتێک بۆ ئیدارەی پاش خۆی بە هەموو هەڵەکانەوە بەجێ دەهێڵێت. لە عێراق، لاتان سەیر نەبێت، لە هەڵە گەورەکانی ئەمەریکا پشتیوانی کردنیان بووە لە چەندین کەس کە بە نیشتمان پەروەر وێنایان کردووە و ئەنجامی هەڵبژاردنیان بۆ گۆریوە، دواتر زانیویانە کە ئەجەندای سیاسی دیکەی هەبووە.   

بۆ شارەزابوونی زیاتر لە پرۆسەی ناسینەوە و دەستنیشانکردنی رۆڵی ئەکتەرە سیاسییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ شارەزابوون لەوەی بۆ رۆژئاوا بە درێژای مێژوو لە رۆژهەڵات بووە و هەموو جارێکیش بە بەرگێكی نوێوە هاتووە، بەڵام هەمیشە بۆ هەمان مەبەست لێرە بووە، لە نێویدا راگرتن و هاوسەنگی توانای دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست تا نەبنە هەرەشە بۆ سەر بەرژوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە پێداچوونەوە بە هەموو سیستمەکانی خوێندنی زانستی سیاسی هەیە لە هەرێمی کوردستان، پێویستمان بە چەندین دەزگای شیکردنەوەی سیاسی بابەتی و دەوڵەتی و سەربەخۆ هەیە، پێویستمان بە کەسانی پسپۆر و پیشەیی هەیە کە رۆژ بە رۆژ ئاگاداری رەوت و ژینگەی سیاسیبن.

ئاورێک لە دواوە بدەنەوە بزانن بە چی پشت ئەستوورین؛ بە دامودەزگای سیاسی و ناوەندەکانی شیکردنەوە لە ناو و دەرەوەی پارتی سیاسی یان بە بوونی دوو هێزی پێشمەرگەی پەرتەوازە یان بە رەشەبایەک کە هەر کات هەڵبکات وەرزی راماڵینی خۆیەتی.

پوختەی قسە: لە پاش جەنگە درێژخایەنەکان و نەمانی بەهانە و پاساوی جەنگ، خۆمان لە ناکاو و لە پڕدا لە دووریانی سیاسیدا دەبینینەوە، بەر لە هەڵبژاردنی ئاراستەکان، با پلانێک بۆ هەڵبژاردنی ئارامترین و سەلامەترین رێگا دارێژین بەر لەوەی رەشابەکە هەڵمانبدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×