لێکدانەوەی چەوتی لامەرکەزیەت
لاوك سەڵاح
2019-03-26   801
دوپاتی دەکەمەوە کە مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ چەمکە سیاسی و فیکرییەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەی خۆمان، ئەوانەی بەرهەمی پەرەسەندنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی نین، لە زۆر کەیسدا هەڵە و تێنەگەیشتنی چەوت و زەقی لێکەوتۆتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی رەها وا دەزانین تێگەیشتنەکانمان لە سەدا سەد راستە و بە شێوەیەکی رەهاش بەرگری لە تێگەیشتنەکانمان دەکەین وەک ئەوەی ئەوە تەنها تەفسیری راست بێت و تا رادەی خوێن رشتنیش کۆڵمان نەداوە. گرفتی سەرەکی هەمیشە نەبونی سەرچاوەی راست و دروستی زانیارییەکان و کەمی یان نەبونی توانای لێکۆڵینەوەو کەمی توانای کەسەکان بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی جەوهەری دور لە بەرژەوەندی سیاسی دیاریکراو بوە.
گرنگە، زۆر گرنگە بە وریایی و بە گیانێکی بەرپرسیاریانە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکانەدا بکەین، دور بین لە بەکارهێنانی چەوت و سەقەت کردن و قەرزکردنی ئەو بەشە چەمکانەی کە غرورمان رازی دەکات. جاران لەگەڵ مارکسیەت و سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزم و وجودییەت و مەسەلەکانی "ناوەرۆک یان شکڵدا" وامان دەکرد. با ئێستا لەگەڵ چەمکە هاوچەرخەکانی دیموکراسیەت و جیهانگیری و حکومڕانی و لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێ و ناسیۆنالیزمی نوێ دا ئەو رەفتارە سیاسییە بۆ رازیکردنی غەریزە بایۆلۆجییەکانی خۆمان هەمان رەفتارمان نەبێت. بۆ نمونە ناکرێت هەندێ زاراوەی وەک "دابڕان" بێنیتە ناو کۆمەڵگەیەکەوە کە وەک روداو و کارەسات ئەو زاراوەیە و چەمکەی تێپەراندوە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە لامەرکەزیەتەویە هەیە، چەند فۆرمێک لە لامەرکەزیەت تا ئەم ساتە بە کۆمەڵگەی ئێمە پێناسەکراوە، دەبێت ئەو راستییە بڵێین کە ئەم چەمکە لە پاش 2003 لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە وەک چارەسەرێکی نامۆ بە کۆمەڵگەی ئێمە ناسێنرا. بێگومان ئێمە بەگەرمی پێشوازیمان لێکرد بە بێ ئەوەی بتوانیین چەمکەکە بکەینە بەرهەمێکی خۆماڵی. من پێشنیاری کۆنفراسێکی راوێژکاری فراوان دەکەم لەسەر هەمو ئاستەکانی حکومەت و تەنانەت ناو پارتە سیاسییەکان کە سەرچاوەی ئەم گرفتەن بۆ ئەوەی لامەرکەزیەت نەوەک هەر ببێتە دروشم، بەڵکو بەرنامەی فیعلی هەمو لایەنێک. دوبارەی دەکەمەوە ئەم پرسە، بەرپرسیاریەتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نییە. پرسی ئەوان نییە کە لامەرکەزیەت لە ئامادەکردنی فۆرمی دارایی و ئیداریمان کورت بکەنەوە، ئەمە پرۆژەیەکی نیشتمانییە بە مانای ئەوەی دەبێت کۆمەڵگە ئیرادەی خۆرێکخستنەوەی هەبێت و ببێتە ئەولەویەتی کاری هەمو حکومەتەکانی ئاییندە. هەر بۆ زانیاری، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم پرۆژەیەکی لەم جۆرەی هەیە بەناوی" خزمەت"، باوەرناکەم لەسەر ئاستی گشتی کەس ئاگادار بێت، ئەوە جارێ داوای کاریگەری بەرنامەکە ناکەین، کە بەتەواوی پرۆژەی رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و هیچ جۆرە شارەزاییەک و بودجەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە و تەنانەت وەک راوێژکاریش پرسی پێنەکاراوە، لەبەرئەوەی پرۆگرامەکە بەشێکە لە رێکەوتنی بانکی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق.
هەندێک داوای لامەرکەزیەتی ئیداری دەکەن، هەندێک داوای دەسەڵاتی رەهای دادوەری و ناوچەیی و دارایی دەکەن بە بێ ئەوەی دیدێکی شارەزا کە مەودای کارپێکردن و گونجاندن و بە قۆناغ کردنی ئامانجەکانی پێوابێت. دەبێت ئەوەش بڵێێن کە لامەرکەزیەت خۆی بەشێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی سیاسی و سیستمی وردکردنەوە و پیادەکردنی چەمکەکانی دیموکراسیەت کە بێگومان کۆمەڵگەیەک بە چەندان جەنگدا تێپەربوبێت کارێکی ستەمە ئەو متمانەیە لە لای پارت سیاسییەکانی و رێکخراوە مەدەنییەکانی بخوڵقێنێت کە بە ئاسانی کاری پێ بکات و تێگەیشتنێکی واقیعی بۆ چەمکەکە هەبێت و بەتایبەتی کە خاوەنی میراتێکی شەکەت و درێژە لە شەر و جەنگ لە ناو خۆیدا و لەگەڵ دەرەوەیدا. هەر بۆیە تا ماوەیەک زاراوەکە بە مەنگی دەمێنێتەوە و بە گومانەوە تەماش دەکرێت. هەر بۆیە دەبێت ئەم دۆخە باش رەچاو بکەرێت و لۆبی باشی بۆ بکرێت لە سەر ئاستی بڕیاردەر و نوخبە و هاوڵاتییان.
هەندێک بۆ بەرژوەندی سیاسی و تاکەکەسی کورت خایەن ئیدعای فۆرمێکی شێواو لە لامەرکەزیەت دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ نەوەکانی خۆی لەو ناوچانەدا بهێڵێتەوە کە مۆنۆپۆلی کردوە و دەخوازێت هەر وا بمێنێتەوە، بێگومان بەم کارەیان هیچ بوارێک ناهێڵنەوە بۆ هێنانەکایەی ئەو پەرەسەندە سیاسییەی کە پێویستە بۆ ئەوەی لامەرکەزیەت بێتە کایەوە. ئەمە بە یەکێک لە هەرەشە سیاسییەکان دەژمێدرێت کە دەبێت حسابی بۆ بکرێت.
بەڕای من هەڵەی کوشندە و سەقەتی لامەرکەزیەت لە کۆمەڵگەی ئێمە لەو ساتەوە دەستی پێکرد کە رێکەوتنی واشنتۆن ناچارانە ئیمزاکرا و هەرێمی کردە دو ئیدارە بۆ ئەوەی پارسەنگی هێز لە نێوان هێزە ناوخۆییەکان و هێزە ئیقلیمییەکان راگرێت. ئەو دابەشکردنی هێز و دەسەڵات و ناوچە و بودجە بوە سەرەتاییەکی نوێی دیکە بۆ کەرتکردنی هەرێم. بەداخەوە هەر دو هێزە سەرەکییەکەی ئەو کاتە هەڵەیەکی کوشندەیان کرد و ئێستا باجەکەی دەدەن و بە ئاشکرا بە دانوستانەکانی ئێستاوە بۆ پێکهێانی حکومەت دیارە، رەنگە تەندروسترین بڕیار لەمەودای دوردا ئەوە بوبێت کە هێزی سێهەم و لایەنی دیکەی سیاسی دروست ببێت بۆ ئەوەی هەرێم لە درێژبونەوەی مێژویی سیاسی دو جەمسەری قوتار بکات، بەهیوای ئەوەی هەرێم لە سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆریەت بپارێزێت و دەسەڵاتەکانیش دابەش بکات و وردە وردە پرۆسەیەکی سیاسی لە مەودایەکی دوردا بێتە ئاراوە و لە گەردەکانی پاکژی بکاتەوە.
دەبێت ئەو چەمکە نەبێتە ئامرازێک بۆ گەمێی سیاسی نێوان لایەنەکان و بە بێ مانا و بێ ویژدان لە هەڵمەتە سیاسییەکان و دانوستانە سیاسییەکان بەکاربێت.
تکایە ئەوەش مەشێوێنن.