بۆچی گرنگە دەنگ بە حزبی کرێکاران بدەین لە ١٢ی دیسەمبەردا
ئاسۆ کمال
2019-12-11   928
حزبی کرێکارانی بەریتانیا (لەیبەر پارتی) لەم هەڵبژاردنەدا دژی بەرنامەی نیولیبرالیزمی حزبی پارێزگارانی سەرمایەدارانە . گرنگی ئەم سەرکەوتنەی لەیبەر تەنیا لە رفرۆرمەکانیدا نیە کە ئەمانەش گرنگە بەڵکو لە شکستدانیش بە حزبی پارێزگارانی دوژمنی کرێکاراندایە کە دەیەوێ سەرمایەدارەکان دەوڵەمەندتر و کرێکاران هەژارتر بکا.
لەیبەر دەیەوێ لانی کەمی کرێ ٧.٥بکا بە ١٠ پاوەند و هەژاری ١٤ ملێۆن کرێکار کەم بکاتەوە.
دەیەوێ نەبونی گرێبەستی کار قەدەغەبکا کە ٩٠٠ هەزار کرێکار دەگرێتەوە و هەموو کرێکارێک دەبیت گرێبەستی یاسایی هەبێ تاکو مافەکانی کرێ ، پشو و نەمانی کار و هتد لەلایەن خاوەن کارەوە بەپێی یاسا پێ بدرێ.
لەیبەر سەعاتی کار لە ماوەی ١٠ ساڵدا دەکات بە ٣٢ سەعات کار لە هەفتەیەکدا .
لەیبەر بەرنامەی پاراستنی سروشت و نەمانی زیندانی کردنی داواکارانی پەنابەری و ئازادی هاتوچۆی کرێکارانە ئەگەر لە یەکێتی ئەوروپاش نەمێنێتەوە. یاسا دەردەکا کە قەرزی خوێندن لە زانکۆ نەمێنێ.
لەیبەر جارێکی تر خزمەتگوزاریەکانی گواستنەوە و تەندروستی و خوێندن دەکاتەوە بە کەرتی دەوڵەتی و لە کەرتی تایبەتی دەسەنێتەوە.
لەیبەر کێشەی دەرچون لە ئەوروپا لە رفراندۆمێکدا دەخاتە دەنگدانەوە لەسەر ڕیکەوتنێکی گونجاو و یان مانەوە .
لەئاستی جیهانیدا لەیبەر کۆتایی بەسیاسەتی شەڕخوازانەی "بۆمباران بکە و دواتر گفتوگۆبکە" دەهێنێ و ئەم باڵە چەپەی لەیبەر هەمیشە دژ بە سیاسەتی دەستدرێژیە سەربازیەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و خەڵکی ستەملێکراو بوە.
ئەمانە چەند مافێکی تر کە حزبی کرێکاران لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەیکاتە یاسا و ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێ لەم هەڵبژاردەندا لەڕێگای حکومەتی کرێکارانەوە دەیەوێ ریفورم بکا لە بەرنامەی ئابوری ئێستای سەرمایەداریدا بە قازانجی کرێکاران.
گرنگی سەرکەوتنی لەیبەر پارتی لە ئەمڕۆی دنیاشدا بەهێزکردنی بزوتنەوەی دژی نیولیبرالیزمی سەرمایەدارانە و شکستی یەکێک لەقەڵا بەهێزەکانی جیهانی نیولیبرالیزم و پاشەکشەکردنێکی مێژوویی بەم ڕەوتە سەرمایەداریەیە کە تاتچەری سەرۆک وەزیارنی پارێازگاران لە ساڵەکانی ٨٠کانی سەدەی بیستدا سەرکردایەتی کرد و دنیایان بەم چەشنەی ئێستا غەرقی نایەکسانی و شەڕو بێکاری و برسیەتی کرد.
بێگومان سەرکەوتنی باڵی چەپی لەیبەر بەمانای دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازادی نیە بۆ ئینسانەکان بەڵکو هەنگاوێکە لەڕاستای لەبارتربونی زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ کرێکار و چینە کەم دەرامەتەکان و یەکێتیە کرێکاریەکان و بزوتنەوەی دژی سەرمایداری لە بەریتانیا بۆ خەباتی سەرکەوتوانەتوتر دژ بەسەرمایەداران ، وە هاوکات بەهێزکردنی ئەو بزاتنەوە دژی نیولیبرالیزمە سەرمایەداریەیە کە هەر ڕۆژەو لە گۆشەیەکی دنیا ، وەک فەرەنسا و چیلی و لوبنان و عێراق و ئێران و شوێنەکانی تر دێتە مەیدان.
هەربۆیە گرنگە لە ١٢/١٢دا دەنگ بدەین بە لەیبەر پارتی لە بەریتانیا