کودەتا نۆرمێکی حزبی میلیشیاییە نەک لادان لەبنەماکانی بێت، تێگەیشتن لەژیانی حزبایەتی لەکوردستان
ئاسۆ کمال
2021-07-15   682
باسی حزبەکان لە کوردستان و دابەش بونیان بەپێی ناسیونالیست و ئیسلامی و چەپدا و لێک چون و جیاوازیەکانیان و ریفۆرم لە حزبایەتیدا و پێویستەکانی گۆڕانیان،پێویستی بەباسی دورودرێژ و لێکوڵینەوەی مێژوو،دەور و بەرنامە و کارکردنیانە و لەوتارێکی کورتدا دەتوانرێ تەنیا سەرخەتی ئەم باسە و تیشک خستنە سەر حزبەدەسەڵاتدارەکان بخەینەڕوو.
کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی تازەی عێراق لەنزیک بە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە چوەتە ژیانی حزبایەتیەوە. فۆرم و ئایدیۆلۆژی حزبی شیوعی عێراق کاریگەری لەسەر دروسبونی حزبەکان لە کوردستان هەبوە و دواتر ناسیونالیزمی کورد لەگەڵ بەرپاکردنی شەڕی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتی ناسیونالیستی عەرەبی عێراقدا ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەم ستراکچەر و ئیدیۆلوژی و دەور و نەخش و بەرنامەیدا هات.
لە شەستەکانەوە تا نەوەدەکان حزبە ناسیونالیستەکان وەک حزبی جەماوەری و چەکداری و لەپێناو ئۆتۆنۆمیدا دەوردەگێڕن و جێگیر دەبن. لەم قۆناغەدا حزب دەبێتە دەسەڵاتێکی عەسکەری و میلیشیایی کە بەپێی یاساکانی نێو سوپا و دەزگای عەسکەری دەبرێت بەڕێوە.ئەندامەتی لەم حزبانەدا وەک بەشداری لەشەڕ دژی دوژمنی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی و بەعس دەبێتە ئایدیولۆژی و ناسنامە و دەورگێڕانی فەرد و جەماوەر لەژیانی حزبیدا. لەهەمان کاتدا کێبڕکێ لەسەر پاوانکردنی مەیدانی سیاسی لە کوردستاندا لەنێوان حزبە ناسیونالیستە کوردەکان ناسنامەی سۆرانی و بادینانی و تیرۆری سیاسی و سیاسەت و فەرهەنگی “جاش” ی عێراق و ئێران دروست دەکا.
لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا گۆڕانی گەورە بەسەر ستراکتۆر و شێوازی سیاسەت و بەڕێوەبردنی حزبیدا نەهاتوە لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە حزبی چەکداری شاخاویەوە بونەتە حزبی دەسەڵاتداری ناوشار. ڕاستە جگە لە حزب پەرلەمان و حکومەت هەیە کە پێشتر ئەم دەزگایانە نەبون. بەڵام پەرلەمان و حکومەت وەک مەکتەبی سیاسی و ڕێکخستنە حزبیەکان مل کەچی دەستەی تایبەت و بنەماڵەی تایبەتی ناوحزبن. ئەو دەسەڵاتە کۆکراوە و شمولیەی کە تاڵەبانی و بارزانی لە حزبدا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە دروست بوە ئێستا بوەتە دەسەڵاتێکی ڕەهای عەسکەری و سیاسی و دارایی.
حزبی جەماوەری جاران و ناسنامەی ئەندامەتی و پێشمەرگایەتی کەوەک وتم پێویستی دەورانی شەڕ دژی بەعس بوو گۆڕاوە بە حزبی کارتێل و کۆمپانیا کە دەوری جەماوەر و ناسنامەی حزبی بریتیە لە دەنگدان و پاشکۆیەتی مادی بۆ حزب لەپێناو مانەوەی وەزیفە و سەرچاوەی گوزەراندا. ئەم حزبانە هەرچەند دەنگدەریان هەیە و ئەندامیان زۆرە بەڵام حزبێکن کە بەرژەوەندی کەمایەتی سەرەوەی حزب دەپارێزن و ژیانی ناوحزب هەروەک ژیانی نێوکۆمەڵگە بەپێی یاسای سەربازی و میلیشیایی و نەبونی ئازادی و دەورگێڕان لەسیاسەت و کاری حزبدا بەڕێوەدەچێ.
ڕێکخستن و ژیانی حزبایەتی و ستراکتۆر و بەڕێوەبردنی ئەم حزبانە ئاوێنەیەکی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و خودی دەسەڵات و دەوڵەتداریە.
لەدنیای سەرمایەداری مۆدێرندا لە ئەوروپا و ئەمریکا حزبە لیبرال و کۆنسەرڤاتیڤ و چەپەکانی بورژوازی لەڕێگای کڕینی کاربەدەستە گەرورەکانی دەوڵەت و دۆستایەتی نێوان حکومەت و بانک و بۆرسەوە کۆنترۆڵی دەسەڵات دەکەن و لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا میلیاردێرەکان ئاکامی هەڵبژاردنی دوو حزبی سەرەکی دیموکرات و کۆماریخوازەکان دیاری دەکەن. هەرچەند ئاڵوگۆڕە ئایدیۆلۆژی و ستراکتۆریەکانی لە هەشتاکانەوە ڕەوتی نیولیبرالیزم هێناویەتی جیاوازی نێوان باڵی ڕاست و ناوەڕاست و چەپی بورژوازی زۆرکەمکردۆتەوە و شیوازی “حزبی جەماوەری و”حزبی کادر و جەماوەری” گۆڕیوە بە”حزبی”پڕۆفیشنالی دەنگدەرەکان” و پرۆسەی “نوێنەرایەتی” و “یاساداڕێژی” کورتکردۆتەوە لە لەدەستی “دەستەبژێری هەمەکارە”ی حزبدا کەچیتر “حزبی دەوڵەت”ن نەک جەماوەر . بەڵام لە کوردستان ئەم پرۆسەیە هەم پێویستی بەو ڕوپۆشکردن و ڕازاندنەوە نیە و ڕاستەوخۆ سەرۆکی حزبەکان و بنەماڵەی دەسەڵاتداری حزب خۆی خاوەنی بودجە و نەوت و پۆست و پۆلیس و پێشمەرگە ودادوەر و پەرلەمانتار و مەلا و سەرۆکی عەشیرەت و میدیاو خوێندەوار و چاودێری سیاسی و هەموو شتێکە و دەسەڵاتی حزبی ڕاستەوخۆ و بێ پەردەیە. هەم کۆکردنەوەی دەسەڵات و چڕکردنەوەشی پێویستی بەڕیفۆرمی حزبی نەبوە چونکە بنەمای دەسەڵاتەکە خۆی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی حزبێکی میلیشیاییە کە پرۆسەی نوێنەرایەتی و یاساداڕشتن تیایدا لەناو کۆنگرە و ژیانی حزبیدا هیچ حسابێکی بۆناکرێ و هەڵبژاردن و ئەندامان لەم حزبانەدا پێشتر وەلائی سیاسی و دەوری حزبیان دیاریکراوە. هەربۆیە کاتێک ئەم حزبە دەیەوێ سیستەمی “نوێنەرایەتی” و “یاساداڕشتن” لە کۆمەڵگەش لە دەست جەماوەر دورخاتەوە بەهەمان شێوەی ناوحزب مامەڵەی لەگەڵدا دەکا و ئەوەی قسەی ئاخر دەبڕێنێتەوە لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی چەکداری بنەماڵە و دەستەبژێری هەمەکارەی مالی و سیاسی حزبن نەک دەنگدەران و دەنگدانی گشتی.
ڕق لە حزبایەتی نەک لە ناوجەماوەری ناحزبیدا بەڵکو لەنێوئەندامانی حزبیشدا نیشانەی ناکۆکی چینایەتی و بەرژەوەندیەکانی ڕیزە دەوڵەمەند و هەژارەکانی ناوحزبە. کاتێک دەسەڵات و حکومەتداری لە کوردستاندا بامانای کۆنترۆڵکردن و پاوانکردنی ڕاستەوخۆی هەموو بوارەکانی ژیان و سەرچاوەکانێتی ئیتر خودی حزب دەبێتە سیستەم و دامودەزگای بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەڕیوەبردن و یاسادانان و دادوەری و تەنانەت پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیش. سەیر لەوەدایە یەکێتی و پارتی لەنەوەدەکانەوە باسی فەشەل و هەرەسەی سیستەمی تۆتالیتاری و شمولی دەکەن بەڵام ئایا شتێک ماوە لە کوردستان لەلایەن ئەم دووحزبەوە کۆنترۆل و پاوان و سنوری بەدەوردا نەکێشرابێ. ئەم دوو حزبە لەپاڵ ڕێکخستن و میدیا و حکومەت و پەرلەماندا دەزگای عەشیرەتەکان و مەکتەبی کۆمەڵایەتی و لیژنەی فەتوا و حزبی سەلەفی و دیوەخانی دەروێشەکان و میلیشیای گیانفیداکانی بارزانی و هێزی ٧٠ و هەشتا و زێڕەڤانی و دەزگای زانیاری و پاراستن و حساب بانکی ماڵی سەرۆک و ماڵی سکرتێری گشتیان هەیە.
ئەوەی دەوڵەتی نوێی پێ جیادەکرێتەوە لە سیستەمی عەشیرەتی و هۆزە چەکدارەکان بونی دامودەزگای گشتی و دەسەڵاتی گشتیە و حزبەکان دەیانەوێ وابنوێنن کە لەڕێگەی هەڵبژاردنیان لەلایەن خەڵکەوە شەرعیەت وەردەگرن تا ئەم دامودەزگا گشتیانە بەڕیوەبەرن و بەم شێوەیە ناوەرۆکی چینایەتی حزبەکان و ئەو بەرژوەندەیە مادی و چینایەتیانە دەشارنەوە کە لە پشت ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەوە دایان ناوە،بەڵام لە کوردستان حزب پێویستی بەم خۆشاردنەوە نیە بۆ ڕەوایەتدان بەدەسەڵاتەکەی بۆیە بەئاشکرا سیستەمە عەشیرەتیە میلیشیایەکەی بەناوی پەرلەمان و حکومەتەوە دەبات بەڕیوە. ئەوەی ئەم کڵاوەی کردۆتە سەرخەڵک نەبونی هوشیاری سیاسی و تەجروبەی شۆڕشگێڕانەیە لە گۆڕینی ئەم سیستەمە عەشایەری و خێڵەکیانەدا و تێگەیشتنە لەوەی چیتر ئەندام بون لەم حزبانەدا یەکگرتوبون و هێزوەرگرتن نیە دژی دوژمنی دەرەکی بەڵکو چونە ژێرسایەی دەسەڵاتێکە کە پێویستە خۆی لەدژی بجەنگی. هەربۆیە ڕیفۆرمی ئەم حزبانە هەڵوەشانەوەی سیستەمەکەیانە و ئەم کارە لەناو ئەم حزبانەدا ناکرێ.
حزب و ژیانی تازەی حزبایەتی پێویستە لە دڵی گۆڕانکاری لەم سیستەم و دەسەڵاتەی ئێستادا بێتە دەرەوە. سیستەم و ستراکتۆر و شێواز و سیاسەتێک کە دەوری ئەندام و جەماوەر و بڕیار و کاری ڕاستەوخۆی ئەوان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی دنیایەکی باشتر مسۆگەربکا. دەبێ تایپی حزب لە فەرمان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بگۆڕدرێ بە تایپی جوڵان لە خوارەوە بۆسەرەوە. حزب ئەوکات دەبێ بە پانتاییەک بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاربون لەدەست “دەسەڵات”ی حزب خۆشی.