گاڵتەجاڕی پارتی وەک چاودێری تورکیا

ئاسۆ کمال
  2019-01-27     1315

جەبار یاوەر بەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکای وتووە."ئەوەی کە ئێمە، بەس لە ماوەی چوارساڵدا کە ژماردوومانە، ئامارمان وەرگرتووە کە لە ١/١/٢٠١٥ وە تاکو ٣١/١٢/٢٠١٨ تاکو ئێستا حکومەتی تورکیا ٣٩٨ جار لە رێگای فڕۆکەوە بۆردوومانی ناوچە سنووریەکان و گوندەکانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، جگە لەوەش ٤٢٥ جار بە ھۆێ تۆپخانەوە بۆردوومانی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستانی کردووە کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەس لە ھاووڵاتیانی بێ تاوان لەو گوندانە گیانیان لە دەستداوە وە تا ئێستا ٢٨٨ لە گوندەکانی سنووری بۆردوومان کردووە، دیارە ئەمە زیانێکی زۆر گەورەی بە ھەموو ناوچەکانی کوردستانی گەیاندووە، وە ھەر ئەو بۆردوومانەی کە پێرەکە کرا لە ناوچەی دیرەلوک چوار ھاووڵاتی بێ تاوان شەھید بوون ".


ھەرکەس ئەم قسانە ببیستێ وادەزانێ ئەم کەسە بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤە لە کوردستان نەک بەرپرسی ھێزە چەکدارەکان. بەڵام بێگومان پارتی لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا ھیچی زیاتری بۆ خەڵکی کوردستان لەدەست نایەت و لەم ٢٨ ساڵەی پێشێلکاریەکانی تورکیادا ئەمە یەکەمجارە باسی ئەم ئامارانە دەکا، ئەویش نەک لە UN و دەزگا نێودەوڵەتیەکان بەڵکو بۆ ڕوسپیکردنەوەی خۆی لای خەڵکی خۆپیشاندەری شیلادزێ و خەڵکی ناڕازی کوردستان. ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورکیا دەریچەی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمنی پارتیە، ھەربۆیە نەک ھەر خەڵکی ئەو گوندە سنوریانەی کردۆتە قوربانی ھێرشەکانی تورکیا بەڵکو ئامادەیە ھەموو کوردستان بکاتە سەربازگەی ئەو دەوڵەتە. 


ئەوە خەڵکی شێلادزێ و باقی شوێنەکانی کوردستانە کە خۆیان ئەم بنکە سەربازیانەی تورکیا تێکوپێک دەدەن و وەڵامی ھێرشە سەربازیە دڕندانەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە و ماڵ و حاڵیان دەدەنەوە. پارتی بەرامبەر بەم کردەوە شۆڕشگێڕانەی خەڵک تەنیا دەبێ ئارەقی خەجاڵەتی بۆ سەرانی تورکیا بسڕێ و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە لە قوربانیەکان بدات نەک لە جەلاد. ئەمە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردە کە بۆ سێ دەیەیە خەڵکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێ کە نەک ھەر خۆی سەرکوتی خەڵک دەکا بەڵکو سوپای دەوڵەتانی تورکیا و ئێرانیش دەپارێزن لەکاتێکدا کە خەڵکی کوردستان دەکوژن.


پارتی و یەکێتی نەک دەسەڵاتێکی ئابوری موڵکانەستێنن بەڵکو وەک دەسەڵاتێکی موڵکانە فرۆشی سیاسیشن بە ئەمریکا و ئێران و تورکیا و عێراق. سەروەرێتی و دەوڵەتداری ئەم دوو حزبە لەم جۆرە فرۆشتنی خوێنی خەڵکی کوردستاندایە بەھەر ھێزێک کە مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان پێویستیەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×