هەڵبەت ئەم حەقیقیەتە جەدەل هەڵناگرێت، لەم زەمانو زەمینەیەدا كه مەبدەئـو ئینتیما لای زۆرێك ئهرزشێكی نهماوه، لەسەردەمێکدا کە هێندە بههاو پرەنسیپە فکرییو ئەخلاقییەکان لاواز بون، بەشێک لەئینسانەکان سەرقاڵو سەرگەرمی پەت پەتێنی حیزبیو گۆڕینی سەنگەرو هەڕاجکردنی نەفسو کەرامەتی خۆیاننو خاڵی بونەتەوە لەسەرەتاییترین بنەما مەبدەئییو فکرییەکانو خاوەنی هیچ مۆڕاڵێکی موعەین نین کە داکۆکی لێ بکەنو لەسەری بمێننەوە، هەڵکەوتنو دەرکەوتنی کەسانێک کە لەپێناو ئامانجێکی دینیی، نەتەوەییو نیشتیمانیدا گیانی خۆیانو خێزانو خانەوادەیان بەخت بکەن، زۆر دەگمەنە، ئەمەی ئیسماعیل هەنییەو قیادەو قواعیدی حەماس لەناوخۆو دەرەوەی غەززەدا بەرجەستەی دەکەنو پیشانی هەمووانی دەدەن، مەگەر تەنها لەباکورو ڕۆژئاوای کوردستان لەئێستاو ڕابردودا نمونەی هەبێت..!
ئەمەش بەو مانایه نایەت کە ئەو ڕاستییەمان لەیاد بچێت کە هەنییە، یەکێکە لەمودەبیرو عەقڵی پشت هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کە لە 10 مانگی ڕابردودا بەهۆی ئەو کردە نادروسته، ناسیاسییە، ناسهربازییه، نائهخلاقییو ناعەقڵانییەوە، تائێستا خوێن لەجەستەی منداڵانو ژنانو هاوڵاتی ئاسایی غەززە دەتکێ..
بەدرێژایی ئەو 10 مانگە، هیچ لێکۆڵەرێکی سیاسی، عەسکەرییم پێ شک نایەت لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبیو ئیسلامی -کە نەزعەی دینییو نەتەوەیی ختوکەی نەدا- سەر لەمەغزی نەخشەداڕێژەرانی 7ی ئۆکتۆبەر دەربکات!
کام دەستکەوتو کوا سەرکەوتن..! ئاخر دەگونجێت؟! لەپێناو ئازادکردنی چەند سەد زیندانییەکی فەڵەستینی لەزیندانەکانی ئیسرائیلدا 7ی ئۆکتۆبەر بخوڵقێنیتو لەماوهی 10 مانگی ڕابردودا لانیکەم 6 هەزار فەڵەستینی بۆ زیندانەکانی ئیسرائیل زیاد بکەیت؟!
ئەم پلانو تاکتیکە سیاسییە سەربازییە لەکوێوە دێت کە لەبەرامبەر کوشتنو بەدیلگرتنی چەند سەد ئیسرائیلییەکی مەدەنیدا لە 7ی ئۆکتۆبەردا، 40 هەزار مەدەنی بێ تاوان لەخەڵکەکەی خۆت بەکوشت بدەیت؟!
زیاتر لە 100 هەزار کەسی تر بریندارو کەمئەندام ببێ، سەرباری ئاوارەبونو دەربەدەربونی دو ملیۆن غەززەیی بێ نانو بێ ئاوو بێلانە!
لەدرئهنجامیشدا کاولکردنی شارێکی ئاوەدانو تەختکردنی زانکۆ، خوێندنگا، نەخۆشخانەو مزگەوتەکان پێکەوە!
ئێستا دهكرێت پێشناوی "شههید" وهك تهكریم و تهعزیم بۆ كهسانی وهك ئیسماعل ھەنییەو هاوڕێكانی دابنێین؟! لهكاتێكدا یەکێکە لەوانەی بەرپرسە بەرامبەر بەو ھەموو ماڵوێرانییو کوشتنو خوێنڕشتنەی له 10 مانگی ڕابردودا توشی خهڵكی غهززهییان كردووه!
ئەو مەجزرەیەی بەپاڵنەری دەرەکی لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە سەرکردەکانی حەماس بۆ خەڵکیان سازکردو غەززەو خەڵکەکەیان کرد بەشانۆی پاکتاوی حساباتی هێزە ڕکابەرەکانی ناوچەکە، دواجار گەیشتە کەلە سەری خۆشیان!
هەڵگیرساندنی جەنگ بەبێ دیراسە کردنو نەخوێندنەوەو گوێنەدان بەهاوسەنگی هێزو حیسابنەکردن بۆ ئاستی پێشکەوتویی تەکنەلۆژیای سەربازیی بەرامبەر، لەکۆتاییدا دەبێت ئەم ئەنجامانە بچنیتەوە: زیاتر لە 40 هەزار کوژراو، زیاتر لە 100 هەزار بریندار، زیاتر لە 50 هەزار توشبو بەنەخۆشییە گواستراوە کوشندەکان کە بەهۆی پیسی ئاوی خواردنو زبڵو خاشاکو تەرمی کوژراوەکان بڵاوبونەتەوە، ههروهها زیاتر لەدو ملیۆن ئاوارە، وێرانبونی هەزاران خانوو باڵەخانەی نیشتەجێبون، کە بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە 40 ملیار دۆلارە، 80 ساڵی دەوێ تا دەگەڕێتەوە دۆخی پێش 7ی ئۆکتۆبەر، تەنها پاککردنەوەی لەبینای داڕوخاو چەند ساڵێکی زۆری پێویستە!
ئەو ئاگرەی لەئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردودا بەناوی داکۆکیکردن لەقەزییەی فەڵەستین کرایەوەو تائێستا بەخوێنی هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە خۆش دەکرێو ڕۆژ بەرۆژ زیاتر تاو دەستێنێ، لەئێستادا ئەوەندەی ئێران خاوەندارێتی لێ دەکاو لەشەڕەقۆچدایە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ چنینەوەو کەسبی مەصڵەحەتی سیاسی خۆی، هێندە ناوی فەڵەستینییەکان ناهێنرێت! ئەوەی بۆ حەماسو فەڵەستینییەکان ماوەتەوە، جگە لەدەریاک خوێنو تەصفییەی جەسەدی یەک لەدوای یەکی سەرکردەکانیو لەدەستدانی خاکی زیاترو حوکمو ئیدارهدانی غەززە، چی دیکە نەبو! رەنگە جێی سەرنجو سەرسوڕمان بێت، لەئێستادا تاکە داواکاریو مەرجی حەماس لەگفتوگۆکانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل گەڕانەوەی دۆخەکەیە بۆ پێش 7ی ئۆکتۆبەر، بەڵام ئیسرائیل قبوڵی ناکاتو بڕیاری کۆتاییپێهێنانی یەکجارەکی حەماسی داوە!
پێشترو لەهەمان ڕۆژی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەڵێنی تەصفییەی جەسەدی هەمو ئەوانەی دا کە لەهێرشەکەدا بەشداربون، تائێستا بەشێکی بەرچاو لەسەرکردە دیارەکانی حەماس لەدوای ئۆکتۆبەرەوە کوژراون، هێشتا ماویەتیو ڕون نییە لەم ململانێیەدا چەند جەستەی تر سارد دەکرێتەوە!
وەک بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل-یش لەوتارەکەی ڕۆژێك دوای كوشتنی ههنییه وتی، "ژێرخانی شەڕانگێزیی لەناو دەبەینو هەموو ئەوانەی هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل، لەناویاندەبەین."!
بەکوشتنی سەرکردەکانیو دانیشتووانە مەدەنییەکەی غەززە، ئەوەی بۆ حەماس دەمێنێتەوە، ناوێکی گەورەو درەوشاوەیە لەمێژوی بەرخودانو پاڵەوانێتیو گیانی بەرگرییدا، بەڵام بەپێی پێدراوەکان داهاتوی حەماس لەسەر زەویو جوگرافیادا نزیکە لەکۆتاییو ئاوابون..
هەڵبەت ڕۆحی هەستانەوەو گیانی بەرگریو نەمریی لای نەتەوە ژێردەستەو چەوساوە عەقائیدییو خاوەن پرەنسیپەکان ڕەنگە ئاسانتر بێت، بەڵام پێناچێت دروستکردنەوەو ڕێکخستنەوەی بزوتنەوەیەکی بەهێزو ڕێکخراوی وەك حەماسی پێش ئۆکتۆبەری 2023 ئاسان بێت..