وتاری یەکەم
ئەرک و پەیامەکانی کۆنگرە
(کۆنگرەی چوار!)
لەمێژووی (ی ن ک)دا، کۆنگرەی (٤) ؛ بەقوورسترین و
ئاڵۆزترین گۆنگرە لەقەڵەمئەدرێت ، لەبەر چەندین هۆکار ، لەناویاندا:
١- نا ئامادەیی و بۆشایی سەرکردەی نەمرمان ؛ ڕەوانشاد
مام جەلال.
٢- ئیرادەو پێداگریی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی (م.س)و
سەرکردایەتیی ، لەخۆپاڵاوتن و گووشارو هەوڵی بێووچانیان ؛ بۆ مانەوە لەپلەو
پۆستەکانیان ، هاوکات کارکردنیان بۆ دەرچوواندنی ژمارەیەک لەهەڤاڵی تر ؛ کە بەشایستەو
تەواوکەری خۆیانی ئەزانن.
٣- بوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری پاڵێوراو ، بۆ سەرکردایەتیی لەناو کادیرانی مامناوەندو
کادیرانی پێشکەوتوو.
٤- بوونی دیدو تێڕوانینی جیاواز و ناکۆکیی و ململانێیەکی
کاریگەر ؛ لەسەر چۆنیەتی پێکهاتەی پلەو
ئۆرگانە باڵاکان و ژمارەی ئەو هەڤاڵانەی کە ئەو پلەو ئۆرگانانە ئەبەن بەڕێوە ؛
لەنموونەی (سەرۆکی پارت و جێگرەکانی ،
هەیکەلی کۆمیتەی سەرکردایەتیی ، مەکتەبی سیاسیی) .
٥- بوونی ناکۆکیی و ململانێ و ڕکابەرییەکی فراوان ، بۆ
خۆ پاڵاوتن لەکۆنگرەدا بۆ سەرکردایەتیی ، بەتایبەتیی لەنێوان دوو ئاراستەی دیاردا
، کە یەکەمیان بریتییە لەئاراستەیەکی موحافزکاری باڵادەست ، دووەمیشیان بریتییە
لەئاراستەیەکی ڕادیکاڵ ، کە بانگەشە بۆ نوێبوونەوەی (ی ن ک) ئەکات ، ئاراستەی
یەکەم پێداگرە لەسەر پرانسیپی سازان و پێکهاتن لەگەڵ ئاراستەی دووەم ؛ پێش چوونە ناو هۆڵی کۆنگرە ، بەڵام پێ ناچێت
ئاراستەی دووەم ، بیەوێت بەسازانێکی
گشتگیرو فراوانەوە ، بەشداریی لەکۆنگرەدا بکات .
٦- هەندێک لەچاودێرانی سیاسیی ؛ بوونی ئەگەری سەرهەڵدانی
ململانێی توندو جیابوونەوەو لێکترازان ، یان بایکۆتی بەشێک لەسەرکردەکان ؛ بە(٢) ئەگەر ، لەئەگەرەکان ئەژمار ئەکەن ، بەتایبەتیی
لەئەگەری مەترسیی ڕوودانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی ؛ لەپێکهاتەی پلەو ئۆرگانە باڵاکان و
کۆمیتەی سەرکردایەتیی و نەمانی ئۆرگانی (م.س) ؛ بەچەشنی قۆناغی پێش کۆنگرەی (٤) .
(ئەرکەکانی کۆنگرە)
کۆنگرەی تەندروست و سەرکەوتوو ؛ ئەو کۆنگرەیەیە کە پارتی
سیاسیی بتوانێت ، بیکاتە وێستگەیەک بۆ وەرچەرخان و گواستنەوە بۆ قۆناغێکی جیاوازتری
درەوشاوە ، ئەویش بەکۆنگرەیەک کە لەسەر بنەمای ڕوونیی و دیموکراسیی ئازادیی و گفتوگۆی
بابەتیی و جدیی بەڕێوەببرێت ، دوور لەکۆنگرەیەکی نمایشیی و کەرنەڤاڵیی و گرنگییدان
بەبابەت و تەوەرە لاوەکییەکان و خۆ بەدوور گرتن لەبابەت و تەوەرە هەستیارو پێویست
و چارەنووسسازەکان ، پێویستە کۆنگرەی (٤)ی (ی ن ک) ، بەدەر لەئەرکە ئاساییەکانی
هەموو کۆنگرەیەک ، ئەم ئەرکە گرنگ و پێویستانەی تر لەبەرچاو بگرێت و کار بۆ
ڕاپەڕاندنیان بکات ؛ تا بەهۆیەوە (ی ن ک) بگواسترێتەوە بۆ قۆناغی نوێبوونەوە و
بووژانەوەو بوونەوەی بەهێزێکی کاریگەر :
١-هەڵوێستەکردن و پیاچوونەوەو هەڵسەنگاندنی (ی ن ک)
لەڕابردوودا بەگشتیی و بەتایبەتییش لەدوای کۆنگرەی (٣)ی (٢٠١٠)ەوە ، لەڕووی سیاسیی
و جەماوەریی و ڕێکخراوەیی و بەشداریی لەپرۆسەی فەرمانڕەوایی کوردستان و عێراق و
پەیوەندییەکان و کاروباری دارایی ، هەروەها دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی شکست و
لاوازییەکانی (ی ن ک) ، لەنموونەی خراپ و
توندو گرژ بەڕێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ ناوخۆییەکان و ڕوودانی جیابوونەوەکان و شکستی
هەڵبژاردنە گشتییەکان و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بەبەرژەوەندیی ڕکابەرە کلاسیکییەکەی
(ی ن ک)و دیاردەی گەندەڵیی و شکست لەپرۆسەی فەرمانڕەوایی ، هەروەها کۆنگرە بەوردیی
لەهۆکارو سەرچاوەکانی دابڕانی جەماوەر ، لە(ی ن ک) بکۆڵێتەوەو میکانیزمەکانی بووژانەوەی جەماوەریی دەستنیشان بکات .
٢-هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی ئەندامانی کۆمیتەی
سەرکردایەتیی و (م.س)و پلەو ئۆرگانە باڵاکانی ناو (ی ن ک)و ئەو هەڤاڵانەی کە پلەو
پۆستی باڵاو کاریگەرییان هەبووە لەناو حکومەتی هەرێم و عێراقدا ، ئەو هەڤاڵانەی
سەرکەوتوو بوون و بەپۆزەتیڤ کاریگەرییان
بەجێهێشتووە ؛ سوپاس و ستایش بکرێن و دەنگیان پێ بدرێتەوە بۆ سەرکردایەتیی.
٣-نوێکردنەوەی سەرکردایەتیی و هەڵبژاردنی
سەرکردایەتییەکی پەرۆش و خەمخۆر ؛ بۆ بووژانەوەی (ی ن ک) ، بۆ کارکردن بۆ بەرژەوەندیی
و خەمە گشتییەکانی جەماوەر ، بۆ کارکردن بۆ گۆرینی هاوسەنگیی هێز ، بۆ کاراکردنی
(ی ن ک) ؛ لەناو پرۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەوایی عێراق و کوردستان ، بۆ دەربازکردن و
گواستنەوەی (ی ن ک) لەڕەوشی چەقبەستووی درێژکراوەی ئێستا ، کە بەهیچ شێوەیەک
لەبەرژەوەندیی گشتیی (ی ن ک)و جەماوەردا نییە ، ڕەنگە لەبەرژەوەندیی چەند تاکێک ،
یان گرووپیکی دیارییکراو بێت ، پێویستە
ئەندامانی کۆنگرە لەهەڵبژاردنی سەرکردایەتییدا ؛ ڕەچاوی ئەوە بکەن کە
سەرکردایەتییەک هەڵببژێرن ، بەئاسانیی بتواندرێت ؛ چاودێریی و بەدواداچوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت ، تا ڕادەی سزادان ،
بەتایبەتیی لەکاتی گەندەڵیی و کێشەو گرفت و کەمتەرخەمیی و لادان لەڕێبازی(ی ن ک) .
٤-(ی ن ک) لەکۆنگرەی یەکەمی (١٩٩٢)ەوە ؛ بووەتە پارتێکی
سۆشیال دیموکراسیی ، هاوکات لەساڵی (١٩٩٢)شەوە ؛ بووەتە پارتی فەرمانڕەواو بەشدار
لەحکومەت ، بەڵام تاکو ئێستا بەپراکتیکیی هیچ هەنگاوێکی جدیی نەناوە بۆ کارکردن
بەبنەماکانی سۆشیال دیموکراسیی ، پێویستە لەم کۆنگرەیەدا لەسەر ئەم تەوەرە گفتوگۆی
بابەتیی و جدیی و بەپێز بکرێت ، لەسەر چۆنیەتیی دیارییکردنی میکانیزمەکانی کارکردن
بۆ بنەماکانی سیستەمی سۆشیال دیموکراسیی لەکوردستاندا ، هەروەها کارکردن بۆ
چەسپاندنی مەرج و خەسڵەتەکانی پارتی سۆشیال دیموکراسیی لەناو (ی ن ک)دا ،
٥-کۆنگرە بپارێزرێت لەسازان و پێکهاتنێک ؛ کە زیاتر
ڕەچاوی بەرژەوەندیی تاک و گرووپی تیاکرابێت ، پێویستە هەڵەی کۆنگرەی (٣) دووبارە
نەبێتەوە ؛ کە لەسەر بنەمای سازان و پێکهاتنی پێشوەختە ، لیستی هاوبەش بۆ
سەرکردایەتیی دروستکرا ، تیایدا بەدەر لەپرۆسەی دەنگدان لەسەر بنەمای لیست ،
میکانیزمەی تریش گیرایەبەر ، بۆ سەرخستنی ئەو لیستە هاوبەشەو دەرچوواندنی بەشێک
لەپاڵێوراوەکان !
ئەزموونی سازان و پێکهاتن ؛ تەنها بۆ دەڕچوواندنەوی ڕێژەیەکی
بەرچاوە لەهەڤاڵانی پێشوو ، لەگەڵ دەرچواندنی ژمارەیەکی سنووردار لەهەڤاڵانی تازە
، ئەم ئەزموونە ؛ (ی ن ک)ی گیرۆدەی چەندین قەیران و گرفت و پەرشوبڵاویی لەبڕیارو
شکست لەسیاسەتەکانیدا کردووەو بووەتە بنەمایەک بۆ سیستەمی پشک پشکێنە لەناو (ی ن
ک) ، وەکو ئەمری واقیع .
(پەیامەکانی کۆنگرە)
پێویستە (ی ن ک) لەکۆنگرەدا ؛ بەچەندین پەیامی نوێی
گەشبینەوە بێتەدەر ، جیاوازتر لەقۆناغی پێشوو دەربکەوێت ، پەیامەکان ترسێنەرو نائومێدکەر و ڕەشبینکەر نەبن ، ئومێدو هیوای
لەسەرهەڵبچنرێت ، پەیامەکان لەهەیکەلی نوێی سەرکردایەتییەوە ، لەگفتوگۆ بابەتیی و جدییەکانی ناو کۆنگرەوە ،
لەهەڵسەنگاندن و پیاچوونەوە بەئەزموونی ڕابردووەوە ، لەگۆڕانکارییە ڕیشەییەکانەوە
؛ ئیلهام و سەرچاوەی وەرگرتبێت ، پەیامی گرنگ لەناو کۆنگرەوە ؛ بۆ قۆناغی دوای
کۆنگرە ، خۆی لەم (٣) پەیامە سەرەکییەدا ئەبینێتەوە
؛
١-پەیامی نوێبوونەوەو ڕزگارکردنی ( ی ن ک) لەڕەوش و
دۆخی نەخوازراوی نەگۆڕی پێش کۆنگرە ؛ کە چەندین
ساڵە درێژەی هەیەو ئیرادەی درێژبوونەوەی بەتووندیی هەیە ، لەبەرامبەریشدا
ئیرادەیەکی فراوان بۆ نوێبوونەوەو گۆڕینی دۆص و ڕەوشی (ی ن ک) هەیە ، ئەم پەیامە
بۆ جەماوەر گرنگە ، چونکە (ی ن ک) ؛ لەڕابردوودا هێزێکی کاریگەرو نەخشە داڕێژو
دەستپێشخەرو خاوەن جڵەوی چەندین جوومگەی بەهێز بووە ؛ کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی
بەبەرژەوەندیی و خەمی گشتیی جەماوەرەوە هەبووە .
٢-پەیامی بووژانەوەو کارکردن بۆ گۆرینی هاوسەنگیی هێز
لەکوردستان ؛ کە بووەتە خەمێکی گشتیی ، بەتایبەتیی کە بەپراکتیکیی و لەدوای
جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ؛ بەهەڵەی سەرکردەکانی هەردوو لا ، هاوسەنگیی هێز
تێکدراو لەسەر سینییەکی زێڕ ؛ پێشکەشی هێزێکی تر کرا ، لە (١٠) ساڵی ڕابردوودا ؛
چەندین دەرەنجام و مەترسیی و دەرهاویشتەی خراپ و زیانبەخشی ئەو گۆڕینی هاوسەنگیی هێزەمان
بینیی ، کە چەندین کاریگەریی و شوێنەواری خراپی دروستکردووەو بەجێهێشتووە بۆ
ئێستاو داهاتوو.
٣-پەیامی گەڕانەوە بۆ
کارکردن بۆ خەم و بەرژەوەندییە گشتییەکانی جەماوەر ، لەبەری کارکردن بۆ
بەرژەوەندیی و خەمە تایبەتییەکان ، کە لەڕابردووداو تاکو ئێستاش ؛ بووەتە خولیاو میتۆدی
کاری بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ناو (ی ن ک)و ئیرادەیەکی توند هەیە ؛ بۆ درێژەدان بە
کردنی (ی ن ک) ، بەئامرازو میکانیزمەیەک بۆ پاراستن و داکۆکییکردن لەبەرژەوەندیی
تایبەتیی زیاترو بەدەستهێنانی پارێزبەندیی و خۆ بەگەورە زانتر لەیاساو حکومەت و (ی
ن ك) ، لەبەرامبەریشدا ئیرادەیەکی فراوان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیرادەی یەکەم
، ئەم ئیرادەیە ئەیەوێت ( ی ن ک) بکاتەوە بەخەمخۆرو داکۆکیکاری بەرژەوەندییە
گشتییەکان .