(ئەمڕۆ ؛ (٢٠١٩/٦/١٠)
چل ونۆ ساڵ تێئەپەرێت بەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەدا ،
بەپێویستمزانی لەو یادەدا ؛ ئەم کۆپلە وتارە بنووسم)
چۆن لەکۆمەڵە تێ بگەین ؟
- کۆمەڵە هەر بەتەنها ؛
ڕێبازیکی ئایدیۆلۆژیی نوێ و
ڕێکخراوێکی سیاسیی تازەو
هێزێکی شۆڕشگێڕی چەکداری
دوای هەرەس نەبوو!
کۆمەڵە خوێندنگەیەک بوو؛
بۆ بووژانەوەو بنیاتنانەوەو هەستانەوە .
کۆمەڵە بووە ؛
زەنگی ڕاچڵەکینی نەوەی نوێ و
وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیی سیاسیی !
بووە ڕچەشکێنی نوێبوونەوەی تێزی فکریی و
داهێنەری ڕێبازی تازەی شۆڕشگێڕیی و
مۆدێلی کاری سیاسیی هاوچەرخ !
- یاداشت ومێژووی کۆمەڵە ؛
قۆناغێکی پڕ لەسیمبوڵیی و
داهێنان و جوانییەکان و سەرکێشیی بوو!
دەسپێکی کۆمەڵە ؛
ئامرازی بەرەنگاربوونەوەی
هەژموون و باڵادەستیی ؛
چین و توێژە سیاسییە
کلاسیک و کۆنەپارێزو تەقلیدییەکان بوو !
- کۆمەڵە ؛ مەشخەڵانێکی درەوشانەوە بوو
بۆ بیری نوێی پێشکەوتنخوازیی .
وێستگەیەک بوو ؛
بۆ گەشانەوەی تین وئیرادەو وزەی نوێ
- کۆمەڵە ئەلبوومێک بوو؛
تیایدا سروودەکانی
(هۆ کاکی پێشمەرگە) و (ڕێی خەبات) و (ئاسوودە بن)ی
لەگوێماندا ئەزرنگانەوەو جۆشی ئەداین .
هەمان ئەو سروودانە ؛
وەکو کەڕەنای ئەچوو بەگوێی دوژمن و ناحەزاندا ،
کاسی ئەکردن و ئۆقرەی ئارامیی لێ ئەبڕین !
- کۆمەڵە ئەو دیوارە ئارامبەخشانەی شەوانەی شار بوو؛
کە پەیام و پۆستەرو دروشمە فریادڕەسەکانی
لەسەر تۆمار ئەکرا !
- کۆمەڵە گۆڕستانێکی پان و بەرین بوو؛
بۆ لەئامێزگرتنی هەموو ژیانبەخشە
سیمبوڵیی و کەم ژیان و کەڵ ژیانییەکان !
- کۆمەڵە دیوانە شیعرێک بوو؛
بۆ لەئامێزگرتنی شیعرەکانی
(شێرکۆ) و (مەلاعەلی) و(جەمیل ڕەنجبەر) .
- کۆمەڵە کێڵگەیەک بوو؛
بۆ مووتووربەو بەئەزموونکردنی
ئامرازو ڕێبازو نەریتی نوێ !
- هەموو ئەمانەش لای کۆمەڵە ؛
لەسۆنگەی بنەمای جیاوازتر،
لەئەوانی تر
بەرجەستە ئەبوو !
ئەو جیاوازییانەی ئیرادەو هیوا ؛
دروستی کردو قۆناغ وای خواست ،
هەرە جیاوازیی گرنگیش ؛
بەکردار سەلماندنی مەرگدۆستیی بوو
لەپێناو ژیاندۆستیی بۆ ئەوانی تر!
- بەڕاستیی کۆمەڵە ؛ بۆخۆی ڕێنیسانسێک بوو
ئەفسووس خودی ئەم کۆمەڵەیە ؛
لەدواجارداو لەلوتکەی جوامێرییدا؛
لەململانێیەکی نابەرامبەرییدا ،
لەمەرگێکی ناشایستەدا ؛
گیانی لەدەستداو
کەوتینە قۆناغی دوای کۆمەڵە !
بەڵام چ قۆناغێک !!
تێبینیی : لەم کۆپلە وتارەدا ؛ وشەی (ژیانبەخش)م ، لەبری وشەی (شەهید) بەکارهێناوە