سەلەفیزم لەناکۆکی بۆ ناکۆکی
سەلەفیزم سەرەتا ئیجتیهادێک بوو لەناو ئایینزای سووننەدا؛ دواتر بوو بە ڕێباز و بزووتنەوە، پاشان بووە سیستەم و قەوارە و ئایدیۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت لەسعودیە.
سعودیەکان بۆ خزمەتی سیاسەت و پێگە و بەرژەوەندیەکانیان لەدەرەوەی وڵات؛ بانگەوازی سەلەفیزمیان کردە ئایدیۆلۆژیایەکی فریادڕەس بۆ جیهانی ئیسلامی، ئەوە بوو لەڕێگەی چەندین ئامراز و هۆکار و میکانیزمەوە، پەلیان پێهاویشت و بەجیهانی ئیسلامیدا بڵاویانکردەوە و بەرەوپێشیان برد، لەمڕووەوە لەلایەک سوودیان لەکێشە و ململانێی ئایینزایی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناو جیهانی ئیسلامی وەرگرت، لەلایەکی تریش توانیان ناکۆکی و ململانێ ئقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بقۆزنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی سەلەفیزم؛ لەنموونەی (جەنگی سارد) و ...هتد.
ئەم ڕێبازە لەدوای بڕینی قۆناغی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندن، لەنیوەی دووەمی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەبەر چەندین هۆکار؛ چیتر نەیتوانی بە تەبایی و بە یەکڕیزی، بە یەک میکانیزم و ئاراستە؛ درێژە بە کارکردنی خۆی بدات.
لەمسۆنگەیەوە لەسەر بابەتی بەیعەتدان بە یەکتری و چۆنیەتیی پێشەواییکردن و چۆنیەتیی کارکردن بۆ گەیشتن بە دواین ئامانجی ڕێبازەکە، هەروەها لەسەر مەسەلەی هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر کێشە و ڕووداو و گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیەکان لەجیهانی ئیسلامی؛ لەناو بانگەوازکارە سەلەفیستەکان بەگشتی و سعودیەکانیان بەتایبەتی؛ ناکۆکی و ململانێ و دژبەیەکی و نەگونجان و یەکتر ڕەتکردنەوە، زۆر بە توندی لەنێوانیاندا سەریهەڵدا و بووە هۆی فرەبەرەکی و لێکترازان و لەیەکتر خوێندن، دەرەنجام ژمارەیەکی زۆری گرووپ و ڕێچکە و ئاراستەی کارکردنی جیاجیای لێکەوتەوە، لەناویاندا سەرهەڵدانی ئاراستەی کارکردنی سەلەفیزمی جیهادی.
پاشاگەردانیی سەلەفیزم و دەرهاویشتەکانی
سەلەفیزم بە هەموو ڕێچکە و گرووپ و دەستە و هێڵ و تاقمەکانیەوە، بە هەموو ئاراستەکانی کارکردنیەوە، لەهەر کوێیەکی جیهانی ئیسلامیدا بێت و لەژێر هەر ناوێکدا بێت؛ بە یەکێک لەو ئیجتیهادە ئاڵۆز و ناکۆک و پڕ لەکێشمەکێشانە لەقەڵەمئەدرێت؛ کە کەمترین کۆدەنگیی پسپۆران و فوقەهاکانی ئیسلامی لەسەرە.
لەئێستادا هەر یەکێک لەئەوان، تەنها خودی خۆی بە شۆڕەسواری بەرزکەرەوەی بەیداخی ئیسلام ئەزانێت؛ ئەویش لەسەر بنەمای نەفرەتلێکردن و ڕەتکردنەوەی هەموو ئیجتیهاد و ڕێباز و گرووپەکانی تر، هاوتەریب لەگەڵ ڕەتکردنەوەی فەلسەفە و مەعریفە و کەلتوور و ئایدیۆلۆژیا ئایینی و نا ئایینیەکانی تر و تاوانبارکردنیان و پۆلێنکردنی تاوانەکانیان، بەگوێرەی دەق و بنەما نەگۆرەکانی سەلەفیزم و حوکمدان لەسەریان؛ بە پێوەری فەتوا ڕەهایی و یەکلاکەرەوەکان؛ وەکو (بێ باوەڕ - کافر)، یان وەکو (هەڵگەڕاوە لەئیسلام - مورتەد)، یان وەکو ڕەتکەرەوەی یەکتاپەرستی و دروستکەری هاوبەش بۆ خودا - موشریک)، یان وەکو (لادەر و سەرلێشیواو و گوومڕا و بیدعەچی) و ...هتد.
هەر یەکێک لەگرووپ و تاقم و ئاراستەکانی کارکردنی ڕەوتی سەلەفیزم، کۆشش و هەوڵی زۆر ئەدا و گووشاری جۆراوجۆر ئەگرێتبەر؛ بۆ سەپاندنی ئیجتیهادە ئایدیۆلۆژیەکەی خۆی بەسەر ئەوانی تردا.
سەلەفیزم چ لەڕووی ئایدیۆلۆژی، چ لەڕووی ئەزموونی پراکتیکیی مێژوویی، لەساتەوەختی سەرهەڵدانیەوە لەناوەڕاستی سەدەی هەژدە تا ئێستا؛ بە بەردەوامی و بە بێ سازش و بەبێ بەخۆداچوونەوە؛ هەرگیز ئامادەیی تیا نەبووە، دید و بۆچوونی جیاواز و ناکۆک پەسەند بکات، بەڵکو بوونی فرەیی و ئازادی کارکردن و پێکەوە گونجانی ئاشتیانەی بیروباوەرە ئایینی و نا ئایینیەکانی ڕەتکردۆتەوە؛ بە جۆرێک ئەم ڕەتکردنەوەیە نەک هەر لەنێوان ئایینزا و ڕێباز و گرووپ و تاقمە ئایینیە جۆراوجۆرەکانی ناو ئایینی ئیسلامدا پەیرەوکراوە، نەک هەر لەنێوان ئیجتیهادەکانی ناو چوارچێوەی ئایینزای سووننەشدا جێبەجیکراوە، بگرە لەناو ڕێبازی سەلەفیزم خۆشیدا پەیرەوکراوە؛ چ لەنێوان ئاراستە سەرەکیەکان، چ لەناو گرووپ و هێڵ و ڕێچکەکانی ناو خودی ئاراستە سەرەکیەکانی سەلەفیزمیش.
لەمڕوانگەیەوە هەموویان دژی یەکترین و یەکتری ڕەتئەکەنەوە، ناو و ناتۆرە و تۆمەتی ناشرین ئەخەنە پاڵ یەکتری، بەشێک لەکۆشش و بانگەوازەکەشیان تەرخان ئەکەن؛ بۆ ململانێ و ڕکابەری و سڕینەوەی یەکتر.
سەلەفیزمی جیهادی وەکو بزوێنەرێک بۆ تیرۆر لەکوردستان
لەسایەی تەشەنەسەندنی ڕەوتی سەلەفیزم بەگشتی و ڕێبازی سەلەفیزمی جیهادی بەتایبەتی؛ هەرێمی کوردستانیش وەکو چەندین ناوچەی تری جیهانی ئیسلامی، کەوتۆتە بەردەمی هەڕەشە و مەترسیەکانی تەشەنەسەندنی دیاردەی تیرۆر و ڕەفتاری هانابردن بۆ هەڕەشە و تۆقاندن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و توندوتیژی؛ بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی بیروباوەڕە ئایینی و نا ئایینیە ناکۆک و جیاوازەکان، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەمەلا و بانگەوازکاری توندڕەو و دەمارگیری سەر بە ڕێبازی سەلەفیزمی جیهادی؛ کە بە وتارە ئاگرینی و فەتوا و لێدوانە توند و شەڕەنگێزەکانیان؛ ئایینی ئیسلامیان لەچوارچێوەی هەر دوو بنەمای (بەکافرکردن – تەکفیر) و (جیهادکردن - فیقهی خوێن)دا، قەتیس و چڕکردۆتەوە.
ئەم مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیانە، بە پلەی یەکەم و بە قۆستنەوەی دیاردەی بووژانەوەی ئایینی و هەوڵدان بۆ سواربوونی شەپۆلی ئەو دیاردەیە و جڵەوکردنی؛ کار لەسەر توێژی گەنج و لاوی سادە و ڕەشۆک و ئایینپەروەر ئەکەن؛ ئەو گەنج و لاوانەی کە ئاستی تێگەیشتن و زانیاری و هوشیاری و لێکدانەوەی ئایینیان لاوازە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستیان بە مەلا و بانگەوازکار هەیە، بۆ جۆشدان و ڕێنوێنیکردن و ئاراستەکردن؛ بۆ چۆنیەتیی تێگەیشتن لەئیسلام و ئامانجەکانی و چۆنیەتیی بەجێهێنانی ئەرکە ئایینیەکان؛ ئەویش لەڕێگەی ئەدەبیات و بڵاوکراوەکان، فەتوا، وتار، پەیام، وانەی ئایینیی ناو مزگەوتەکان، وانە و کۆبوونەوە و ڕێنمایی و فەرمان و فەتوای ناو گرووپ و ژوورەکانی چاتی سۆشیال میدیا.
مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان، کار بۆ دروستکردنی ڕقێکی ئایینیی پیرۆز و بەدوژمن ڕووانینی ئەوانی تر و چاندنی تۆوی ویستی خوێنڕشتن، لەناو ناخ و دەروون و ڕەفتاری هەواداران و شوێنکەوتەکانیاندا ئەکەن، لەمڕووەوە مێشکیان کۆنتڕۆڵ ئەکەن و دایئەشۆرن و سەرلەنوێ ئەپدەیتیان ئەکەنەوە، بەو جۆرەی کە هۆنینەوەی پاساو و لێکدانەوە و بیانووەکان، ببنە هۆکار و پاڵنەری سەرەکی؛ بۆ بڕوابوون بە هەردوو چەمکی (بەکافرکردن) و (جیهادکردن) و دروستبوونی ویستێکی بەهێز، بۆ جیهادکردن بەسەر ناکۆک و دژەکاندا، لەپێش هەموویانەوە ڕەواییدان بە خوێنڕشتنی سیکۆلاریستەکان، دواتر تیرۆری فکری و جەستەیی ئەوانەی کە باوەڕیان بە جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت هەیە؛ هەروەها ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئیجتیهاد و تێزی ئەوان نیە و ڕەتی ئەکەنەوە، یان تیرۆری کەسانی ئازادیخواز و مەدەنی، ژنان، نووسەران، ڕووناکبیران و هونەرمەندان و ...هتد.
زەمینەی لەبار بۆ سەلەفیستە جیهادیەکان
مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان؛ سوودیان لەچەندین زەمینە و هۆکار و ئاسانکاری و پاڵنەر وەرگرتوە؛ تاکو لەسایەیدا برەو بە بانگەوازکردن و کارکردن بۆ ڕێبازەکەیان بدەن و بە خێرایی و بە ئاسانی و بە بێ کۆسپ و گرفت؛ پەیام و دیدگا و ئەدەبیاتی ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاوبکەنەوە، هەر لەچاوپۆشیی فەرمانگەکانی ئەوقاف و یەکێتیی زانایانی ئیسلامیەوە، بۆ لێنەپرسینەوە و بەدوادانەچوونی فەرمانگەی داواکاریی گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، بۆ بێدەنگیی دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس، بۆ خەمساردی و بێباکیی پارت و ڕێکخراوە سیکۆلاریستەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تا قۆستنەوەی ئازادیی ڕەهای بێ سنووری ناو میدیا و سۆشیال میدیا و قۆستنەوەی خوێندنگەکان و مزگەوت و ناوەندە ئایینیەکانی تر و بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان و ...هتد.
کۆمەڵگەی موسوڵمانی ئێمە لەهەرێمی کوردستانی عێراق؛ لەلایەک بەهۆی چەندین زەمینە و هۆکار و پاڵنەری جیاجیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری و کەلتووری و سایکۆلۆژی، هوەوەها لەلایەکی تر بەهۆی ڕۆڵ و کاریگەریی میدیا و سۆشیال میدیای ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ئاراستەی سەلەفیزمی تەقلیدیی بانگەوازکاری و ئاراستەی سەلەفیزمی جیهادی و کار و چالاکیەکانیان لەمزگەوتەکاندا؛ کەوتۆتە ژێر کاریگەریی دیاردەیەکی ڕێکخراو و بەرنامەڕێژکراو و ئاراستەکراو؛ بە ناوی (بووژانەوەی ئایینی، یان بێداربوونەوەی ئایینی).
پاڵنان و بەڕێکردنی گەنج و لاو بۆ تیرۆر
گەنج و لاوە ئایینپەروەرەکان؛ بەشێکی بەرچاو لەبنکەی جەماوەریی دیاردەی (بووژانەوەی ئایینی، یان بێداربوونەوەی ئایینی) پێکئەهێنن، لەناو ئەو گەنج و لاوانەدا، ڕێژەیەک هەیە لەسەر بنەمای دەمارگیری ئایینی، بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە؛ ئامادەیی و پابەندی و گوێڕایەڵی و ملکەچیی کوێرانەی تیایە، بۆ جێبەجێکردنی هەر فەتوا، یان ڕێنماییەکی مەلا و بانگەوازکارە سەلەفیستە جیهادیەکان؛ ئەگەر بە ڕاستەوخۆ، یان بە ناڕاستەوخۆ بێت، یان ئەگەر بەرهەمی پەروەردە ئایینیەکەی بێت؛ لەسەر دەستی ئەو بانگخوازە.
بە لەبەرچاوگرتنی چەندین خەسڵەتی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی توێژی گەنج و لاو، لەڕووی زوو خرۆشان و بەرزی ڕادەی دەمارگیریی ئایینی لەمێشک و ناخ و دەروونیاندا، هاوکات ئامادەیی دەروونی و فیزیکی بەشێک لەگەنج و لاوەکان، بۆ بەرجەستەکردنی هێز لەپێناوی بیروباوەڕە ئایینیەکەیاندا، مەلا توندڕەو و بانگەوازکارە سەلەفیستەکان؛ بە پاساوی پێویستێتیی بەرگریکردن لەشکۆی ئیسلام، هانی ئەو گەنج و لاوە خوێنگەرمانە ئەدەن، بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و تیرۆر، لەدژی لایەن و کەسە ناکۆک و نەیارەکان؛ کە لەناخ و مێشکیاندا، لەڕیگەی پەروەردە ئایینیەکەوە؛ بە دوژمنی ئیسلام و خودا وێنا کراون.
ئیتر لێرە بەدواوە تیرۆر لەناو مێشک و دەروون و ناخدا، دێتە بەرهەم و ئەبێتە زادەی بیروباوەڕ؛ بیروباوەڕەکەش ئەبێتە پاڵنەر، بۆ دروستکردنی ڕەفتارێکی دوژمنکارانە لەدژی ناکۆک و دژ بەیەکەکان، بەرەو حەڵاڵکردنی خوێنڕشتنیان و تیرۆرکردنیان؛ بە پاساوی ڕاپەراندنی ئەرکێکی شەرعی ئیسلامیی پیرۆز !