شارێک؛ پەڵە هەوری ڕەش و تاریکی سەلەفیەتی لە سعودیەوە بۆ هاوردە کرابێت ، شارێک پارەیەکی خەیاڵی میرنشینی قەتەری مەرجەعی ئیخوان موسلمین و سەلەفیی جیهادی و داعش و قاعیدەی بە ناوی (خێرخوازی و بانگەوازی ئیسلامی)ەوە ؛ خرابێتە ناو گیرفانی مورید و ئەتباعەکانی لە سلێمانی، ئەمانیش هەژاری و بێکاری و ناهوشیاری دانیشتوانەکەی و بێ ئیدراکی لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسیەکانیان ، بقۆزنەوە و مێشکی دانیشتووانەکەی بئاخنن بە مۆدێلێکی ئایدیۆلۆژیی دژە ژن ، دژە هونەر و ئەدەب و دژ بە هەموو جوانیەکان ، شارێک کە هەڕەشە و شاڵاوێکی گەورەی لەسەر بێت بۆ گۆڕینی ناسنامە و تێکدانی دیموگرافیا و کەلتور و مەعریفیەکەی ؛ بەرەو مۆدێلی سەلەفیەتی کارەساتبار ، شارێک تیایدا ئیدراک نەکرابێت بە هەڕەشە و مەترسیە جۆراجۆرەکانی سەلەفیەت و ئەو ئاراستە سیاسیەی کە بە ناوی بانگەوازی ئایینی و بێداربوونەوەی ئیسلامیەوە ؛ دەستی ئاوەڵاکراوە بۆ شێواندنی هەموو جوانیەکانی ئەم شارە و ئەیەوێت ئەم شارە لە ناو لیتاوی نەزانی و دواکەوتوویی و کۆنەپەرستیدا سیخناخ بکات ، هەر ئەوەی لێ بەرهەم دێت ، کە ڕۆژانە ئەیبینین و بە شێوازی جۆراوجۆر دووبارە ئەبێتەوە ، ڕۆژێک بە شێواندنی چەمکی سیکۆلاریزم ، ڕۆژێک بە شێواندنی چەمکی جێندەر و مافخوازیی ژنان ، ڕۆژێک بە حەرامکردنی جەژنی نەورۆز و کریسمس و گۆرانی و هونەر و شیعر و …هتد ، ڕۆژێک بە سووکایەتیکردن بە ژنانی سفوور ، ڕۆژێک بە ڕقئەستوورکردن و پڕکردنی عەقڵی نێرەکان لە دژی مێیەکان و قۆستنەوەی کێشە و ناکۆکی هاوسەرەکان بۆ پرۆسەی مارە بەجاشکردن لەسەر دەستی خۆیان ، ڕۆژێک بە بانگەوازکردن بۆ جیاکردنەوەی هەردوو ڕەگەز لە ناو ناوەندەکانی خوێندن و …هتد .
ئەگەر زەمینە ڕەخساوەکان و بێ ئیدراکی لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسیە جۆراوجۆرەکان بەردەوام بێت ؛ دیاردەکە زیاتر تەشەنەئەسەنێت ، بەرەو دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵیبان و جەزائیری نەوەدەکان و میسری (٢٠١١-٢٠١٣) !
ئەگەر ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ؛ چاوەڕێی دەرهاویشتەی نامۆ و سەیر و سەمەرەی تری سەلەفیەت و هەندێک لە بانگخوازە ئایینییەکان بکەن ، کە لە ناو مزگەوت و میدیا و سۆشیال میدیا و ناوەندەکانی خوێندن و کایە کۆمەڵایەتیەکاندا ، پێشبڕکێیانە لەسەر دابڕانی کۆمەڵگە لە کەلتور و مەعریفە پێشکەوتوەکان و بەسەلەفیکردنی عەقڵ و ڕەفتاری تاکەکان؛ بەرەو توندڕەوی و داخران و بەستەڵەکبوونی مێشک !
هاوکات پێویستە مەلا و زانا ئایینیە نا سیاسی و نا سەلەفیەکان ؛ کە هەڵگری پەیامی کرانەوە و میانڕەوی و دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتی و فرەیین ؛ بەرەنگاری تێزی سەلەفیەت و ئەو چەواشەکاریانە ببنەوە ؛ کە لەلایەن ژمارەیەک بانگخوازی ئایینیەوە، لە میدیا و سۆشیال میدیاوە بانگەشەی بۆ ئەکەن!