هەر بڕیار و هەر هەنگاوێکی حکومەت؛ بەرەو چاکسازیی و نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی سیستەمی فەرمانڕەوایی، پێویستە بەپراکتیکی لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیان و سووککردنی باری بژێویی و زیاکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری بێت، نەک تەنها بۆ ئەو ە بێت؛ ببێتە هۆی زۆربوونی داهات، یان ببێتە سەرچاوەیەکی تری داهات بۆ حکومەت، بەڵام بە پراکتیکی و لە زۆرێک لە هەنگاوەکاندا؛ کەمێکی داهاتەکە بۆ حکومەت و زۆرایەتیەکەی بۆ کۆمپانیایەکی تایبەتی نازدار !
بۆ نموونە ئەگەر حکومەت بەجدی بەتەنگ خەم و سەلامەتیی و کێشەکانی هاووڵاتیانەوەیە و ئەیەوێت بیانپارێزێت لە ڕووداوی هاتوچۆ ، هاوکات ئەبێت هاووڵاتیان لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خراپ و دەرمانی خراپ و خواردنی خراپ و ڕێگەوبانی خراپیش بپارێزێت!
ئەبێ لەخەمی گیرفانی هاووڵاتیانیشدا بێت، مشوری دەرمان و ئامێری پزیشکیی پێویست و …هتد بخوات بۆ خەستەخانەکان و هەموو فەرمانگە و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی تر، ئەبێت بەجدی متمانە دروست بکاتەوە لای هاوڵاتیان، چونکە زۆرینەی ڕەهای هاووڵاتیان، گومانیان لە نیەت و ئامانجی زۆرێک لە هەنگاو و بڕیارە چاکسازییەکانی حکومەت هەیە و پێیانوایە ئامانجی شاراوە؛ لەپشتی زۆرینەی بڕیار و هەنگاوەکانەوە هەیە!
پێویستە حکومەت پلان و هەنگاوەکانی ڕوون و ئاشکرا بێت و بە هاوسەنگیی گرنگی بە هەموو جومگە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵگە بدات، نەک تەنها گرنگی بەو جومگانە بدات؛ کە گیرفانی هاووڵاتی خاڵی ئەکاتەوە و قاسەی کۆمپانیا نازدارەکان سەرڕێژ بکات، بەڵکو گرنگی بەو جومگانەش بدات کە ئەرکی سەرەکی حکومەتە و پێویستە بوودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکات!
لەوەش گرنگتر نابێت لەسەر بنەمای سیاسی، جیاوازیی لەنێوان شارەکان بکات و نابێت داهاتی حکومەتیش؛ بکاتە کارتی فشار و گوشار و پاکتاوی سیاسی پێ بکات، نابێت بۆ لاوازکردن و بەپاشکۆکردنی هێزەکانی تر و ملیان پێ کەچکردنیان بەکاریبهێنێت، ئەو کاتەی حکومەت بەو ڕێباز و سیستەمە کار ئەکات؛ ئەبێ ناوی حکومەتی لێوەربگیرێتەوە و ناوێکی تری بۆ بدۆزنەوە هەڵوێست لەبەرامبەری وەربگیرێت!