دیاردەی بەکارهێنان و تەقەکردن ؛ بە بێ منەتیی و بە بێسڵکردنەوە لە دەرەنجام و لێکەوتە و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ڕەوشی سەقامگیریی و ئارامیی و ئاسایشی شار و لەسەر باری دەروونیی خەڵک ، هاوکات بوونی بە هۆکار بۆ دروستبوونی بێ متمانەیی ؛ بە دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەریی ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنەسەندندایە و ماوە نا ماوە ، هەواڵی ڕوودانی دەستدرێژیی و هەڕەشە و پەلاماردان و هەڵکووتانە سەر بە چەک و تەقەکردن و کوشتن و بریندارکردنی چەندین هاوڵاتی بێ تاوان و کار مەندی دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و بازگەکان ، بە فراوانیی لە تۆڕەکانی میدیا و سۆشیال میدیادا بڵاوئەبێتەوە .
ئەم کردەوانە زیاتر لە لایەن کەسانێک ئەنجام ئەدرێت ؛ کە هەست بە بوونی پشتی بەهێز و داکۆکیکاری دەستڕۆیشتوو ئەکەن ، بۆیە بە ئەوپەڕی خەمساردیەوە ؛ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ برەو بەم دیاردە قێزەوونە ئەدەن و هیچ ترسێکیان لە دادگا و لە سزادان نەماوە !
لە دوایین نموونەدا پاسەوانەکانی گۆرانیبێژێک ئەیقڵیشێننەوە ، ئەمە لە کاتێکدا گۆرانیبێژ لە چوارچێوەی ئەو توێژانە ئەژمار ئەکرێن ؛ کە خۆشی و ئارامیی و چێژی دەروونیی ئەبەخشن بە کۆمەڵگە ، لەم ڕووەوە مۆسیقار و گۆرانیبێژە ڕەسەنەکان درێغیان نەکردوە ، بەڵام ئایە لە ئێستادا ڕەوایە بە ناو گۆرانیبێژێک ، چەند پاسەوانیکی تایبەتی هەبێت و لێمان ببنە خولە پیزە و بیقڵیشێنێتەوە؟ ، یان بە ناو گۆرانیبێژێکی شایەری ممنگی تر؛ خۆی بکاتە خولە چەخماخە و چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ؛ هاوڵاتیەک بریندار بکات و ڕاکاتە باوەشی دەسەڵاتدارانی دەڤەرێکی تر و پارێزراو بێت !!
پێویستە سزای توندی هەر کەسێک بدرێت ؛ کە یاسا پێشێل ئەکات و بە نا یاسایی چەکی هەڵگرتوە و تاوانی پێ ئەنجامداوە ؛ نەک سوڵحیان بۆ بکرێت ، یان فشار و گوشار و سیناریۆی جیاواز بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان ؛ بگیرێتەبەر و دەربازیان بکەن ، ئەمە شوێنەوار و کاریگەریی خراپ لەسەر دەسەڵاتی (یەکێتیی) لەم دەڤەرە دروست ئەکات ، پێویستە سەرۆکایەتی (یەکێتی) بە مەچەکێکی بەهێز و بە توندیی بەگژ ئەم دیاردەیەدا بچێتەوە ، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێک ئەدات و بریتیە لە جۆرێک لە تاوان بە تامی تیرۆر !!!