هەر کەسێک بێت؛ پێویستە هەموومان دژی شەقاوەکانو دەستدرێژییکاران ڕابوەستینەوە!
نیاز سەعید عەلی
2020-11-22   1144
دیاردەیەک کە بووەتە هۆکاری دروستبوون و تەشەنەسەندنی ڕق و کینە و بێزاریی خەڵک، لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیی و فەرمانڕەوایی بەگشتیی و (ی ن ک) بەتایبەتیی؛ بریتییە لەڕەفتاری شەڕانگێزیی و پەلاماردان و هەڵکوتانەسەر و دەستدرێژیی بۆ سەر هاوڵاتییان، بەزەبری چەک و بەکارهێنانی هێزی چەکداریی؛ لەلایەن کەسانێک، کە دوور لەهەموو بەها و یاسا و پرانسیپەکانی (ی ن ک)، لەکاتی ڕوودانی کێشە، یان ناکۆکیی و ململانێکان هانای بۆ ئەبەن .
ئەم دیاردەیە هیچ بڕیار و فرمانێکی فەرمیی حکومەتیی و (ی ن ک)ی لەپشتەوە نییە؛ بەڵکو بە بڕیار و فرمانی تاکەکەس ئەنجام ئەدرێت، ئەوانەی ئەو دەستدرێژیی و هێرش و پەلاماردان و هەڵکوتانانە ئەنجام ئەدەن؛ بەداخەوە بەشێکیان کوڕ و کەسانی نزیکی هەندێک سەرکردە و لێپرسراون، بە ئۆتۆمۆبیل و هێزی پاسەوانی باوکیان و هەندێکجاریش؛ بە بەرگریی کوێرانە لێیان و چارەسەرکردنی کێشەکە بۆیان، دوور لەڕێکاری یاسایی دەرباز ئەبن.
ئەم دەربازبوونە؛ ئەوەندەی تر ئەبێتە پاڵنەر و هاندەر بۆ تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە، کە زۆر بە خراپیی کار لەسەر ناو و ناوبانگ و دەستکەوت و سەروەریی و شانازییەکانی (ی ن ک) ئەکات.
مایەی دەستخۆشییە کە هاوسەرۆکانی (ی ن ک) و جێگری سەرۆکی حکومەت؛ چەندینجار کەوتوونەتە لێپرسینەوە و بەدواداچوون و سزادانی ئەو جۆرە کەسانە، بەڵام پێویستە زۆر بە توندیی بە ڕێکارە یاساییەکان؛ بەرەنگاری ئەم ئاراستەیە ببنەوە، لەناو کوڕ و پاسەوان و کەسانی نزیک و پەنا؛ لەهەندێک لە لێپرسراوان.
ئەگەر بەجدیی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دانەنرێت، ئاسایش و دڵنیایی و ئاشتی کۆمەڵایەتیی بەرقەرار نابێت، دەرەنجام ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامیی و پاشاگەردانیی؛ ئەبێتە سەرچاوەیەکی تری بێزاریی و ڕقئەستووریی، چیتر نابێت ناو و ناوبانگ و سایە و دەسەڵات و پێگەی (ی ن ک)؛ بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی.
(ی ن ک) چەند لە خەمی کێشەکانی هاووڵاتیاندا بێت، چەند هەوڵبدات بۆ بووژانەوە و ئاشتکردنەوەی جەماوەر و بەرگرییکردن لە ماف و داخوازیی و بەرژەوەندییەکانیان و خزمەتکردنیان؛ لەولاوە کوڕە لێپرسراوێک، یان لێپرسراوێکی نا لێپرسراوی لادەر؛ (ی ن ک) ئەگەڕێنێتەوە بۆ ژێر خاڵی سفر؛ هەر بۆیە داواکارم لە هاوسەرۆکان و سەرکردایەتیی نوێی (ی ن ک)، بەردەوام بن لەدەرکردنی بڕیاری ئازایانە؛ بەتایبەتیی لەدژی ئەم جۆرە تاوان و پێشێلکارییانە و بەجدیی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێن!!