له هه‌موو دونیادا كاتێك گه‌لێك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره له‌ده‌ستده‌دات، خه‌م و په‌ژاره فه‌زای گشتییه‌كه‌ی داده‌پۆشێت، سه‌ركرده سیاسیی و هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌پێگه‌ی ره‌سمیی و شه‌خسییه‌كانی خۆیانه‌وه، به ڕسته‌یه‌كیش بێت، ته‌عبیر له هه‌ستی خۆیان و گرنگیی ئه‌و هونه‌رمه‌نده له مێژووی گه‌له‌كه‌یاندا ده‌كه‌ن.
دوێنێ، یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كانی كورد، ئیسماعیلی سابووری، به‌بێده‌نگیی كۆچی دوایی كرد. بێگومان بێده‌نگیی حكومه‌ت و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی كه هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی نییه، جێگای سه‌رسوڕمان نییه، چونكه ڕزگاركردنی ژیانی گه‌نده‌ڵێكی له‌ده‌ست دادگا هه‌ڵهاتوو و به‌خێرهاتنه‌وه‌ی ڕه‌سمیی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمه‌وه، به‌های خه‌به‌ریی و گرنگیی میدیایی زۆر زیاتره له پرسه‌نامه و ماته‌مینیی بۆ مردنی هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌مان، كه موڵكی ئه‌وان نییه.
ساڵانێكه سیاسه‌تی ڕۆشنبیریی و هونه‌ریی له دونیای ئێمه‌دا، سیاسه‌تی دروستكردنی مۆدێلێكه له هونه‌ری هه‌رزان و بێقووڵایی كه به پرۆسه‌یه‌كی مه‌ترسییداری ”به‌گه‌عده‌كردنی هونه‌ر“دا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م مۆدێله له هونه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی وێناكراو نماییشده‌كات كه من به ”كۆمه‌ڵگای خه‌نده“ ناودێڕی ده‌كه‌م، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه تاك و گروپه‌كانی بێخه‌م و ده‌م به‌خه‌نده‌ن، جگه له شادیی و هه‌ڵپه‌ركێ هیچ خه‌مێكی تریان نییه. ساڵانێكه بۆئه‌وه‌ی گوێ له گۆرانیی ڕاقیی بگرین و دووركه‌وینه‌وه له هونه‌ری گه‌عده، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌رشیفی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان. دیاره ئیسماعیلی سابووریش وه‌كو هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی تر، سه‌ر به‌و قۆناغه هونه‌رییه‌ی و ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه.
هونه‌ری داهێنه‌ر پێویستی به پاره و ده‌سه‌ڵات و ئه‌كادیمیای حیزبیی نییه بۆئه‌وه‌ی داهێنانی گه‌وره بكات، جوان بێت و ببێت به ناو، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات پێویستی به هونه‌ره بۆئه‌وه‌ی خۆی پێ جوان بكات و له‌ڕێگایه‌وه پروپاگه‌نده بۆ شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات. جیاوازیی نێوان ئیسماعیلی سابووریی و به‌همه‌ن قوبادیش كه دوو هونه‌رمه‌ندی كوردستانی ئێرانن، لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه یه‌كێكیان هونه‌ره‌كه‌ی خۆی پاراست و به جوانیی مایه‌وه، ئه‌وی تریشیان له قۆناغێكدا به ده‌سه‌ڵاتی فرۆشت و فیلمی پروپاگه‌نده‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنان. دیاره فیلمی ”ئاڵای بێ وڵات“ی به‌همه‌نی قوبادی پێش سێ ساڵ له هه‌ندێ فیستیڤاڵی ئه‌وروپی و ئاسیایی نماییشكرا، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستاندا ته‌نها له هه‌ولێری پایته‌خت و به داوه‌تنامه‌ی تایبه‌ت بۆ كه‌سایه‌تیی تایبه‌ت و سپۆنسه‌ره‌كانی نماییشكرا. گه‌رچی ئه‌م فیلمه گرانبه‌هایه وه‌ك زۆرێك له پڕۆژه هونه‌رییه حیزبییه‌كانی تر، له‌سه‌ر حیسابی داهاتی گشتیی به‌رهه‌مهێنرا، به‌ڵام له یه‌ك شاری تری هه‌رێمدا سینه‌مایه‌كی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی و بینه‌رانی وڵاتی ئێمه لێی بێبه‌رییكران. دیاره من به ڕێكه‌وت له له‌نده‌ن بووم، بۆیه شانسی ئه‌وه‌م هه‌بوو فیلمه‌كه ببینم. پاشان وتارێكی ڕه‌خنه‌ییم له‌سه‌ر په‌یامی سیاسیی و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و فیلمه نووسی، كه له‌ژێڕ سه‌ردێڕی (پیشەسازیی هونەری پروپاگەندە لە ”ئاڵای بێ وڵات“ی بەهمەنی قوبادی) له رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاوكرایه‌وه.
له‌دوای نیشته‌جێبوونی ئه‌م گۆرانیبێژه له هه‌رێمی كوردستان، جگه له دۆزینه‌وه‌ی وه‌زیفه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی بتوانێت پێی بژی و چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنیی و رێكخستنی چه‌ند كلیپێك بۆی، له‌كۆی ماوه‌ی دواساڵانی ژیانییدا له هیچ یه‌كێك له شاره‌كانی هه‌رێمدا نه یه‌ك كۆنسێرتی شایسته‌ی بۆ سازكرا و، نه به‌شی موزیكی یه‌ك زانكۆی هه‌رێم یان هه‌ر ده‌زگایه‌كی تر بانگهێشتیان نه‌كرد، تاوه‌كو بۆ خوێندكارانی به‌شی هونه‌ر باس له ئه‌زموونی هونه‌ریی خۆی بكات و نه له خه‌سته‌خانه‌یه‌كی ئه‌هلیی گرانبه‌هاش كۆچی دواییكرد.
جیهانی موزیكیی ئیسماعیل سابووری پڕاوپڕه له خۆشه‌ویستیی و جوانیی و حوزن. له مێژووی موزیكی ئێمه‌دا كه‌م هونه‌رمه‌ند هه‌یه وه‌ك سابووری به هونه‌ری حوزنه‌وه جوان بێت. ده‌شێت پێویست نه‌كات بزانین ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه بۆچی مرد، به‌ڵام ده‌بێت زۆرینه‌مان ئه‌وه بزانین بۆچی ژیا. ژیانی ئه‌و به ده‌نگه نه‌رم و موزیكه‌كه‌ی مانا و به‌هایه‌كی قووڵی به خۆشه‌ویستیی و حوزن و جوانیی موزیك به‌خشیی. مردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده خه‌م و حوزنێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌دوای كۆچی دوایی خۆی جوانییه‌كانی هونه‌ری حوزنی بۆ به‌جێهێشتین.
ئیسماعیلی سابووری سه‌ر به نه‌وه‌یه‌كه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه فێریانكردین دانیشین و به هێمنیی گوێ له گۆرانیی بگرین، ڕێز له قووڵایی و جوانیی موزیك بگرین. مردنی ئه‌م نه‌وه جوانه له هونه‌رمه‌ندانی كورد له سه‌رده‌مێكدایه كه موزیكی كوردیی به پرۆسه‌یه‌كی مه‌ترسییداری به‌گه‌عده‌بووندا تێپه‌ڕده‌بێت. سه‌رده‌می نوێی هونه‌ری موزیكی كوردیی پڕبووه له گۆرانبێژی هه‌رزان و هونه‌ریی لووس كه له‌كاتی ریشتاشین یان لوولكردنی قژدا گوێی لێده‌گیرێت، یاخود له‌كاتی زه‌ماوه‌ندا ریتمی هه‌ڵپه‌ركێ ئاراسته‌ده‌كات.
ساڵانێكه مۆمی ژیانی ژماره‌یه‌ك له سیاسه‌تمه‌دار و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نووسه‌رانی سه‌ده‌ی بیسته‌ممان ده‌كوژێنه‌وه، گه‌ر كوژاندنه‌وه‌ی مۆمی ژیانی سیاسییه‌ك ڕق و كینه و تاریكییمان بۆ به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌وا كوژانه‌وه‌ی مۆمی ژیانی هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك ئیسماعیل سابووری خه‌رمانه‌یه‌ك له خۆشه‌ویستیی و جوانییه‌كانی حوزنمان له هونه‌ری كوردییدا بۆ به‌جێده‌هێڵێت.
....................
تێبینی: پۆسته‌ره‌كه كارێكی هونه‌ری كاك فاروقی قوبادییه.