سیسته‌می سیاسیی پارتی وه‌ك ڕژێمێك بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات
ئاراس فەتاح
2019-05-28   2476
پارتی بووه به هێزێك كه به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدیی تیۆری ریگوله‌یشنی „Regulationstheorie“ به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت. بۆئه‌وه‌ی له‌وه‌ش تێبگه‌ین كه ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی وه‌ك مۆدێلێكی ئابووریی له رێكخستنی سه‌رمایه و ڕژێمێكی تایبه‌ت له كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه بۆ باڵاده‌ستكردنی هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی، چ په‌یوه‌ندییه‌كی به تیۆری ریگولهیشنهوه هه‌یه، ده‌بێت سه‌ره‌تا ئاوڕێكی كورت له‌م تیۆرییه بده‌ینه‌وه.
ئه‌م تیۆرییه قوتابخانه‌یه‌كی ئابووریی سیاسیی ماركسیسته نوێكانه كه له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه به ڕاڤه‌كردنی نوێی „ڕژێمی كه‌ڵه‌كه‌كردن“ی سه‌رمایه و شێوازی ریگوله‌یشن یان رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ناوبانگی ده‌ركرد. ئه‌م قوتابخانه‌یه به‌دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی گرنگی ئابووریی و سیاسییه‌وه بوو: بۆچی قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌داریی نه‌بوونه هۆكاری كه‌وتنی سیسته‌مه‌كه، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه له هه‌ندێ قۆناغدا ده‌بێته هۆكاری خۆرێكخستنه‌وه و سه‌قامگیریی سیسته‌مه‌كه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نموونه‌ی دوو ئه‌زموونی مێژووی سه‌رمایه‌دارییمان له‌به‌رده‌ستدایه. یه‌كه‌م مۆدێلی „فۆردیزم“ه، كه چۆن كۆمپانیای فۆرد توانی به به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمۆبیلی „T5“ی ماركه‌ی فۆرد، پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌ستاندارد بكات و دامه‌زراندنی كرێكاران دابینبكات و بڕی مووچه‌شیان به‌رزبكاته‌وه و به‌م شێوه‌یه‌ش مۆدێلێكی نوێ له پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رمایه و كار بهێنێته ئاراوه. له‌م پرۆسه‌یه‌شدا مۆدێلێك له ئینتیما بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی دروستده‌بێت كه له ده‌وڵه‌تی خۆشبژێوییدا „welfare
state“ ڕه‌نگده‌داته‌وه. دووهه‌میشیان قۆناغی پاش یان پۆست فۆردیزمه كه ده‌وڵه‌ت پیاده‌ی سیاسه‌تێكی نیولیبراڵیی رادیكاڵ ده‌كات كه تیایدا ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت و سه‌رمایه درێژده‌كرێته‌وه و ده‌ستی ده‌وڵه‌ت له سێكته‌ره حكومییهكانیش كورتده‌كرێته‌وه. ئه‌مه‌ش به فرۆشتنی سێكته‌رێكی زۆری ئابووریی و خزمه‌تگوزاریی به سه‌رمایه‌داران كۆتاییهات. به‌پێچه‌وانه‌ی فۆردیزمه‌وه كه پێویستی به ده‌ستی كارا نه‌بوو له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، له قۆناغی پۆست فۆردیزمدا سیسته‌می دابه‌شكردنی كار رێكده‌خرێته‌وه و دابه‌شكردنێكی چینایه‌تی نوێ له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا دروستده‌بێت كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی بێكارییه‌كی نوێ بوو بۆ كرێكاری نه‌شاره‌زا. كشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له زۆر سێكته‌ر و فرۆشتنی به كه‌رتی تایبه‌ت و بهپرۆفشناڵكردنی هێزی كار و عهقلانییكردنی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌رده‌می گلۆبالیزمدا، به كه‌مكردنه‌وه‌ی تێجوون و ده‌ركردنی ئه‌و كرێكارانه كۆتایی هات كه ته‌نها هێزی كاری خۆیان ده‌فرۆشت و ئاست و توانای پرۆفشناڵیان نه‌بوو. پۆست فۆردیزم كۆتایی سه‌رده‌می زێڕینی په‌یوه‌ندیی نێوان كار و سه‌رمایه‌یه. باشترین نموونه‌ش بۆ نماییشكردنی ئه‌م قۆناغه فیلمه‌كه‌ی چارڵی شاپلنه به‌ناوی „سه‌رده‌مه مۆدێرنه‌كان“.
یه‌كێك له تێزه سه‌ره‌كییه‌كانی نوێنه‌رانی ئه‌م قوتابخانه‌یه بریتیی بووه له‌وه‌ی كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی به‌هۆی قه‌یرانه‌كانیه‌وه گۆڕ بۆخۆی ههڵناكهنێت، وه‌كو ماركس پێشبینیی ده‌كرد، به‌ڵكو به‌بۆچوونی ئه‌وان ئه‌وه خودی قه‌یرانه‌كانه كه له قۆناغی جیاوازدا ده‌شێت ببنه هۆكاری دووباره‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه و خۆرێكخستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی وه‌ك سیسته‌م و سه‌قامگیربوونه‌وه‌ی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی. دیاره ناكرێت وێنای رژێمی ریگوله‌یشنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی بكه‌ین به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌تی خۆشبژێویی و لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی. ده‌وڵه‌تی خۆشبژێوییش مۆدێلێك له سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و خۆشگوزه‌رانیی بونیادنا كه به‌رخۆریی ئایدیۆلۆژییه‌كه‌یه‌تی. له‌م سیسته‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ی ئایدیۆلۆژیی دوو ره‌هه‌ندی گرنگی دروستكردنی ستایلی ژیانن كه تیایدا به‌رخۆریی „consumption“ ده‌كرێت به پرنسیپی ژیانی مرۆڤه‌كان. به‌رخۆرییكردن له‌وێنه‌ی كڕینی كاڵای وه‌ك ئۆتۆمبیل و خانوو و كه‌ره‌سه ئه‌لكترۆنییه‌كانی ناو ماڵ ده‌بێت به ره‌مزی خۆشبژێویی و خۆشگوزه‌رانی. گه‌شت و سه‌فه‌ركردنیش به ئۆتۆمبیلی شه‌خسیی له‌كاتی پشووه‌كاندا بۆ سه‌ر ده‌ریاكان و چێژوه‌رگرتن له ده‌ریا و ئیستراحه‌تكردن، ده‌بێت به ستایڵێكی نوێی ژیانی مرۆڤه‌كان.
ئه‌م قۆناغه زێڕینه‌ی سه‌رمایه‌داریی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی نه‌وت له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكاندا گۆڕانی قووڵی به‌سه‌ردا دێت كه به قۆناغی پۆست فۆردیزم به‌ناوبانگه. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره‌كان ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆده‌ركه‌وت كه چه‌نده وابه‌سته‌ی كه‌ره‌سه‌ی خاوی ده‌وڵه‌ته كۆلۆنییه‌كانی جارانی خۆیانن. ئه‌م قۆناغه‌ش به‌وه ده‌ناسرێت كه مۆدێلی ئاشتبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه و كار له فۆردیزمدا له‌دوای قه‌یرانی نه‌وتی ساڵانی حه‌فتاكان و قه‌یرانی دارایی له كۆتایی ساڵانی 2008وه، كۆتاییپێدێت، چونكه كۆمپانیاكان ده‌ستیانكرد به كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێكار و كارمه‌نده‌كانیان له‌پێناو زیادكردنی داهات. له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م قۆناغه‌شدا ململانێیه‌كی توند له‌نێوان خاوه‌نكار و نهقابهكاندا بۆ زیادكردنی مووچه ده‌ستیپێكرد. پرۆسه‌ی گلۆبالیزه‌بوون و زۆری تێچوون و به‌رزیی مووچه له وڵاته سه‌رمایه‌داره‌كان، بووه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریی و به‌رهه‌مهێنانی كاڵا له ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێ.
بێگومان تیۆری ریگوله‌یشن ره‌خنه‌ی زۆر كراوه كه مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای له‌سه‌روه‌ستان بوو، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یه: بۆچی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا مۆدێللێك له ریگوله‌یشن یان رێكخستنه‌وه‌ی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانیی به‌رقه‌راره كه سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه قووڵه‌كان نابنه هۆكاری داڕمان و كه‌وتنی سیسته‌مه‌كه؟
له مێژووی نوێی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا سیسته‌مه سیاسیی و ئابوورییه‌كه‌ی پارتی له چه‌ندین قۆناغدا تووشی هه‌ژانی گه‌وره بووه، كه‌چی دوای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه قووڵه ئابووریی و سیاسیی و ئه‌خلاقیی و سه‌ربازییه‌ی پێش ریفراندۆم و پاش ریفراندۆمیش توشی بوو، نه‌ك هه‌ر نه‌بوونه هۆكاری شكست و كه‌وتنی، به‌ڵكو بوون به هۆكاڕێك بۆ دووبارهبههێزبوونهوه و دووباره‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته سوڵتانییه‌كه‌ی. له‌م دووتوێیهشدا پارتی توانی جارێكی تر ببێته‌وه به بكه‌رێكی گه‌وره‌ی گۆڕه‌پانی سیاسیی له هه‌رێم و هێزێكی حیساب بۆكراو له عێراق و ناوچه‌كه‌شدا. بێگومان ئێره شوێنی شیكاری كۆی ئه‌و هۆكارانه نیین كه پارتی به چ میكانیزمێك جه‌سته‌ی سیاسیی خۆی له گۆڕێكی ئابووریی و سیاسیی و سه‌ربازییه‌وه ده‌رهێنا و پاش ماوه‌یه‌كی كورت توانی سیسته‌مه سیاسییه سوڵتانییه‌كه‌شی بكات به مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی لای زۆرینه‌ی حیزبه‌كان.
پێگه‌ی ئابووریی و هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی پارتی پابه‌ندی گرێدانی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاته له‌ناو سیسته‌مێكی سوڵتانیی. مۆدێلی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌تی خۆشبژێوی (دولة الرفاه) و درۆی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی پارتی گه‌یشته ئاستیك نێچیروان بارزانی له هه‌ڵبژاردنی خولی پێشوودا په‌یمانی دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی دا بۆئه‌وه‌ی هه‌موو تاكێكی هه‌رێم پشكی خۆی كه له فرۆشی نه‌وتدا هه‌بێت! ئه‌م سیسته‌مه ئابوورییه سوڵتانییه‌ش زهڕكهشكرابوو به گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی كه نه فیكری هه‌بوو نه زه‌مینه‌ی سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازیی و ئیقلیمیی. ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی زیاتری بۆ پارتی ره‌خساند، تێكئاڵانی تۆڕێكی گه‌وره له كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌ی نه‌وت و گاز به سیسته‌مێكی ئیقلیمیی كه تیایدا چه‌مكی ئاساییش و گه‌نده‌ڵیی پێكه‌وه‌گرێدراون. له‌ناوخۆی كوردستانیشدا بێئیراده‌یی و نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ سیاسه‌ته سوڵتانییه‌كه‌ی پارتیی و گه‌مژه‌یی سیاسییانه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و چه‌ندین كارلێكی تر، هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌یمه‌نه‌ی مۆدێلی سوڵتانیزمی پارتی بوون له‌ناو سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی هه‌رێمدا.
خاڵێكی تر كه بۆ هه‌یمه‌نه‌ی پارتی و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی گرنگه، بریتییه له دابه‌شكردنی سه‌رمایه و سامان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر به‌رامبه‌ر به هێشتنه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات له جوگرافیای خۆی. دابه‌شكردنی سه‌رمایه و سامان لای پارتی مانای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات نییه. له‌دیدگای پارتییدا خه‌تی سووری سیاسیی هه‌یه كه كاڵنابێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له كرۆكه خێزانییه‌كه‌ی ماڵی بارزانیدا بمێنێته‌وه. هه‌ر هێزێكی سیاسییش بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه‌ی، له‌م دیدگا سیاسییه‌دا ملكه‌چ و هاودیدی ئه‌و بوو، ئه‌وا پاداشتی ده‌كات، له حوكمڕانییدا به‌شداری پێده‌كات، پۆستبارانی ده‌كات و پێگه‌ی ئابووریی و دارایی به نوخبه سیاسییه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت.
هه‌روه‌كو چۆن كۆمپانیای فۆرد مۆدێڵی ئۆتۆمبیلی „T5“ی كرد به ستاندارد و كرێكارانی به ته‌واوه‌تی دامه‌زراند و موچه‌ی به‌رزكردنه‌وه بۆئه‌وه‌ی مۆدێڵی فۆردیزم بهرقهرابكات، ئاوهاش پارتی وێنای ده‌سه‌ڵاتدارێتی له سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌یدا ده‌كات. ئه‌و ساڵانه‌ی كه پاره‌ی نه‌وت بێ‌شومار بوو، پارتی و یه‌كێتی ده‌ستیانكرد به پرۆسه‌یه‌كی به‌ربڵاو و كۆنتۆڵنهكراو له دامه‌زراندن و مووچه‌بڕینه‌وه له‌هه‌ردوو بواری سه‌ربازیی و مه‌ده‌نییدا بۆ كڕینی وه‌لائه‌تی سیاسیی بۆ سیسته‌مه‌كه‌یان. پارتی و یه‌كێتی سه‌رمایه و داهاتی هه‌رێمی كوردستان به موڵكی شه‌خسیی خۆیان ته‌ماشاده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌ی هاونیشتیمانیانی هه‌رێمیشیان وه‌كو كرێگرته ده‌كرد كه به‌ئاره‌زووی خۆیان دایانده‌مه‌زراندن و به كه‌یفی خۆیان موچه‌یان بۆ ئه‌ندامه حیزبییه‌كانیان ده‌بڕییه‌وه و به دزینی پاره‌ی نه‌وت ده‌زگای رۆشنبیریی و میدیایی زه‌به‌لاحیان دروستده‌كرد. دوای قۆناغێكی كورت له خۆشگوزه‌رانیی درۆزنانه و دامه‌زراندنی به‌رفراوان له ده‌زگا حكومییه‌كان و ته‌خشان و په‌خشانكردنی پاره و په‌یمانی خۆشبژێوی و سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی، سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه به‌هۆی گه‌نده‌ڵیی و قه‌رزی زه‌به‌لاح و قه‌یرانی دارایی و جه‌نگ و ریفراندۆمه‌وه تووشی هه‌ژانێكی گه‌وره‌ده‌بێت. ئه‌م قه‌یرانه‌ش كۆتایی به‌و سه‌رده‌مه زێڕینه ده‌هێنێت كه به پاره‌ی نه‌وت وه‌همی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرای بۆ هاونیشتیمانیانی هه‌رێم دروستكردبوو.
له‌م قۆناغه‌وه موچه‌خۆرانی هه‌رێم لای پارتیی ده‌بن به به‌ڵا، چونكه ده‌بایه ئه‌و له‌شكره گه‌وره‌یه به‌خێوبكات كه بۆ چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ یه‌كێتییدا بۆ هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی خۆیان دروستیانكردبوو. بۆیه حكومه‌ته سوڵتانییه‌كه‌ی پارتیی به‌ناچاریی دامه‌زراندنی هاونیشتیمانیان ڕاده‌گرێت و به‌رامبه‌ر به‌وه ته‌نها ئه‌و هێزه سیاسییانه له كۆمپانیا ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ی داده‌مه‌زرێنێت و پۆست به‌سه‌ر نوخبه خێزانییه‌كانیان په‌خشده‌كات و ستاندارتی ژیانیان بۆ زامنده‌كات، كه بڕوایان به موڵكدارێتی خێزانی بارزانی هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات و سامان. پارتی دوای قه‌یرانی ئابووریی و داراییه‌كه‌ی، له‌وێنه‌ی مۆدێڵی پۆست فۆردیزمدا، جگه له ده‌رهێنان و فرۆشتنی هه‌رزانبه‌های نه‌وت و گاز و گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی ته‌مومژاویی له‌گه‌ڵ توركیا و كۆمپانیا بیانییه‌كان و خواردنی نوقڵانه‌یان، هه‌موو تێچونه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه به دانی مووچه‌شه‌وه. پڕۆژه‌ی فرۆشتنی سێكته‌ره ئابووریی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به كه‌رتی تایبه‌ت گه‌ڵاڵه‌ده‌كات. له‌م قۆناغه‌وه دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی و خزمه‌تگوزاریی و خۆشگوزه‌رانیی ده‌بێت به زاراوه‌یه‌كی نامۆ. ئه‌م سیاسه‌ته وه‌حشه‌تناكه ئابوورییه‌ش به په‌لاماری موچه‌ی خه‌ڵك كۆتایی نایه‌ت كه به‌ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه هه‌موو قه‌رزه وه‌همیی و حه‌قیقییه‌كانی خۆی پێده‌داته‌وه. له راستییدا مۆدێڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی و یه‌كێتی ساڵانێكه جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمیدییانهی خشته‌ی مووچه له میدیاكان و زه‌لیلكردنی ئینسانی ئێمه و چه‌ته‌گه‌ریی ئابووریی و دهوڵهمهندبوونێكی خێرای نوخبه سوڵتانییهكهیان و وێرانكردنی ژێرخان و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵگا ئێمه، هیچ به‌رهه‌مێكی تریان بۆ ئه‌م هه‌رێمه نه‌بووه.
پاش كۆتاییهاتن به قۆناغی سه‌رده‌می زێڕینی ئابووریی و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه قووڵانه، پارتی به‌ناچاری مۆدێلی پۆست فۆردیزم له ئاسته ئابوورییه‌كه‌ی جێبه‌جێده‌كات و له ئاسته سیاسییه‌كه‌شی ستراتیژی فۆردیزم په‌یڕه‌و ده‌كات. له‌ئاسته ئابوورییه‌كه‌یدا پارتی ده‌ستده‌كات به كه‌مكردنه‌وه و دزینی مووچه‌ی هاونیشتیمانیان و پلانی فرۆشتنی كه‌رتی گشتیی به كه‌رتی تایبه‌ت داده‌ڕێژێت. له ئاسته سیاسییهكهشیدا له فۆرمی به‌رخۆریی سیاسیی‌دا ده‌ستیكرد به دابه‌شكردنی پۆست به‌سه‌ر نوخبه‌ی سیاسیی و منداڵانی خانه‌واده سوڵتانییه‌كانی تر له حكومه‌ت و دامه‌زراندن و بهشههبوونیان له سامان و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆیان. به بۆچوونی من وه‌همی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی و خۆشگوزه‌رانیی و له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵیی له‌ناو ئه‌م سیسته‌مه سوڵتانییه‌ی پارتی چه‌نده گه‌وره‌بوو، وه‌همی كردنی سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌شی به په‌رله‌مانتاریی به هه‌ڵبژاردنی نێچیروان له‌ناو په‌رله‌ماندا، ده هێنده گه‌وره‌تره.
بێگومان ئه‌م ستراتیژه‌ش بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانیی بۆ نوخبه سوڵتانییه‌كانی تر بێ باج نییه. پارتی به‌رامبه‌ر به‌م میهره‌بانییه گه‌وره‌یه ته‌نها وه‌لائه‌تی له فۆرمی مكلهچیی و بێده‌نگیی سیاسیی له‌و هێزانه ده‌وێت كه له خواردنی سامان و داهاتی نیشتیمانییدا به‌شدارییان پێده‌كات. هه‌ر ئه‌م خاڵه‌شه وامان لێده‌كات له‌وه تێبگه‌ین بۆچی ئه‌م هه‌موو نادادیی و گه‌نده‌ڵییه زه‌به‌لاحانه به‌بێده‌نگیی تێده‌په‌ڕێت و هیچ هێزێكی كاریگه‌ر نه‌ماوه فزه‌ی لێوه‌بێت، تێده‌گه‌ین بۆچی پارتی پاره‌ی پێنج مانگی موچه‌ی له به‌غدا وه‌رگرتووه كه‌چی ده‌یدزێت و ده‌یداته‌وه به قه‌رزه‌كانی و ئه‌مه‌ش هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی سیاسیی دروستناكات و هیچ كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤیشی به‌سه‌ر دروستكردنی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه نییه.
پارتی له‌دوای ریفراندۆم و قه‌یرانه قووڵه ئابووریی و سیاسییه‌كانیه‌وه ده‌وڵه‌تی خۆشبژێویی و خۆشگوزه‌رانیی بۆ هانیشتیمانیانی ناوێت، بۆئه‌وه‌ی تاكه‌كان له‌ناو سیسته‌مه ئابوورییه رهیعییهكهی به‌ئاره‌زووی خۆیان كاڵا بكڕن و به‌رخۆریی بكه‌ن، به‌ڵكو خۆشبژێویی ته‌نها بۆ ئه‌و نوخبه سوڵتانییانه‌ی تر دابینده‌كات كه ئاماده‌ن قبوڵی هه‌موو ئیملا سیاسییه‌كانی بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ستراتیژێكه بۆ خۆرێكخستنه‌وه و گه‌ره‌نتییه‌كه بۆئه‌وه‌ی له گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌كانی ناو سیسته‌مه‌كه‌ی بێده‌نگبن و پرۆژه سوڵتانییه‌كه‌شی وه‌كو كاڵایه‌كی سیاسیی له‌ڕێگای ئه‌وانه‌وه به خه‌ڵك بفرۆشێت و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش هه‌ڵبمژێت.