وەرگرتنی ئەزمون لە شکستی دانەگاز

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح
  2021-02-06     497

هەرێمی كوردستان لە گازی سروشتیدا لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە، بەڵام حكومەت لەبری ئەو سامانەی كە ئاییندەی هەرێمی كوردستانە، هێشتا چاوی لەسەر نەوت هەڵنەگرتووە، تاكە سودمەندی گازی سورشتی هەرێمی كوردستانە تەنها دانەگازە، سەرەرای ئەوەی ئەو كۆمپانیایە هیچ داهاتێكی نەخستووەتە خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام حكومەت دوو ملیار دۆلاریشی پێ دۆڕاندووە.
بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان، بەدیلی بەھێز (گازی سروشتی)ە، كە (٣٪‏ ) گازی سروشتی ھەموو جیھان لە هەرێمی كوردستانە، پلانێكی تۆكمە بۆ وەبەرھێنان لەو بوارەدا كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە.. بەڵام ئەگەر سود لەو ھەڵە كوشندانەی دۆسیەی دانەگاز وەرنەگیرێت ئەم ڕەحمەتە دەبێتە نەفرەتێكی گەورە.. تائێستا داھاتی گازی سروشتی سفرەو زیاتر لە (دوو ملیار) دۆلاریش بە دادگا دراوە بە دانەگاز..


مۆتەكەی دانەگاز..
كۆمپانیای دانەگاز ساڵی ٢٠٠٥ لە ئیمارات دامەزراوە سەرەتا لە ئیمارات كاریان دەكرد، دواتر ھاتنە ھەرێمی كوردستان..
كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات، كە (٤٥ )كم لە كەركوكەوە دورە، لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، درێژی ئەم كێڵگە ٣٥ كم پانیەكەی ٤ كم ە.
ئەم كێڵگەیە ساڵی ١٩٢٩ دۆزراوەتەوە، تاوەكو ئابی ١٩٩٠ پێنج بیر لێدرا، واتە: قادر كەرەم كێڵگەیەكی دۆزراوە بوە، دانەگازو ھاوبەشەكانی تەنیا بە فراوانكردن و ئیدارەدان بون بە خاوەنی ئەو كێڵگەیە..


دانەگاز بەبێ گرێبەست دەستبەكاربوو؟
داناگازو ھاوبەشەكانی وەك خاوەنی كێڵگەی (قادر كەرەم) دەردەكەون، ئەوەی ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ حكومەتی ھەرێمدا هەیەتی بریتیە لە ڕەشنوسی گرێبەست(Heads of Agreement) ، لە ھیچ شوێنێكی یاسای نەوت و گازدا شتێك نیە بەناوی ڕەشنوسی گرێبەست؟ لە ھەموو جۆرە گرێبەستە نەوتی و گازیەكاندا بە چاك و بەخراپ شتێك نیە بە ناوی ڕەشنوسی گرێبەست!


كەواتە لە پێناو چیدا ئەمە كرا؟
كێڵگەی قادر كەرەم سێ جۆر بەرھەمی ھەیە
یەك: LPG (غازی ماڵان) ئەم بەرھەمە دانەگاز خۆی دەیفرۆشێت و كۆی پارەكەی بۆ خۆیەتی، بەرھەمی ڕۆژانەی (هەزارو 70) تەنەو ھەر تەنێك بە( 305) دۆلار دەفرۆشێت و داھاتی مانگانەی (٩ ملیۆن و ٧٩٠ ھەزار) دۆلارە!
پار ساڵ دانەگاز تەنی گازی بە (٢٨٥ دۆلار) فرۆشتووە و ئەم ساڵ كردویەتی بە (٣٠٥ )دۆلار، ئەم زیادكردنەو بەرزبونەوەی بەھای دۆلار بووە بەھۆكار بۆ گرانكردنی غازی ماڵان لەسەر ھاوڵاتیان لەم دۆخە قەیراناویەدا ..
ھەرچەندە ئەمە موڵكی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئێستا بەروارد بەو گازەی لە كەركوك بەرھەمدێت نرخی غازی ماڵانی قادر كەرەم گرانترە، بۆیە ئەركی حكومەتە سنورێك بۆ ئەم گرانكردنە دابنێ و بیگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوی و سیستمی فرۆشتنی دابنێ.
دوو: كۆندێن سەیت، بەرھەمی ڕۆژانەی( هەزارو 753) تەنە، حكومەتی ھەرێم ھەمووی دەكڕێتەوە تەنی بە (370) دۆلار و دەیكاتە ناو بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی نەوت.. داھاتی مانگانەی (١٩ ملیۆن و ٤٥٨ ھەزار) دۆلارە..


سێ: ئەو گازی سروشتیەی بۆ كارەبا بەكاردێت..
بەرھەمی گازی سروشتی (٤٤٥ ملیۆن) پێ سێجایە، لەم بڕەیە (٣٠٥ ملیۆن) پێ سێ جا بێ بەرامبەر دەدەنە حكومەتی ھەرێم و ئەوی دیكەی بە پارەیە.
جگە لەو بڕەی حكومەتی ھەرێم كوردستان بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا وەریدەگرێت تاوەكو ئێستا داھاتی حكومەت سفرە، دانەگازیش جگە لەوەی مانگانە (٣٠ ملیۆن) دۆلار قازانجیەتی و لە دادگاش (٢ ملیارو ٢٣٩ ملیۆن) دۆلاری لەحكومەتی ھەرێم بردەوەتەوە تاڕادەیەكی زۆریش دەتوانێت ھەڵسوكەوت بە بەرھەمی كێڵگەكەوە بكات، بەشێوەیەك ئەوەندە داناگاز وەك خاوەنی ئەم كێڵگە ھەڵسوكەوت دەكات، حكومەتی ھەرێم نایكات...


دادگای واشنتۆن و بەڵایەكی تر
لە ٢٠١٧/٥/١ دانەگازو ھاوبەشەكانی لە دادگای واشنتۆن سكاڵایەكی دیكەیان لەسەر حكومەتی ھەرێم تۆماركرد، داوای (٢٦ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن) دۆلاریان لە حكومەتی ھەرێم كرد.. دانەگازو ھاوبەشەكانی سكاڵاكەیان كشاندەوە لە بەرامبەر، چەند دەستكەوتێكی دیكە بۆ دانەگاز..
یەك: ماوەی گرێبەستی داناگاز (١٧ )ساڵی دیكە درێژبكرێتەوە تاوكو ٢٠٤٩ .
دوو: فراوانكردنی ناوچەی گرێبەستەكە بە زیادكردنی ھەردوو بلۆكی (١٩و ٢٠) بۆ سەر ناوچەی ٢٠٠٧ .
سێ: جگە لە LPG و كۆندێن سەیت كە داناگاز بۆ خۆی دەفرۆشێت، حكومەتی ھەرێم ھەڵدەستێت بە كڕینی ٥٠٪‏ ئەو گازە زیادەی بەرھەم دەھێندرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا، ئەو (٥٠٪‏ )دەمێنێتەوە دانەگازو ھاوبەشەكانی بە بازاڕی دەكەن...
لە ڕووی دارایی و ئیداری و حوكمڕانیەوە دانەگاز خراپترین گرێبەستە كە لە خزمەتی كۆمپانیادایە، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی داناگاز، گرنگ و پێویستە وەبەرھێنان لە كێڵگە گەورەكانی گاز دەستپێبكات.. ھێزی گەورەی ئابوری كوردستان گازی سروشتیە نەك نەوت.
ئێستا وەبەرھێنان لە خورمەڵە دەستی پێكردوە، چەندین كێڵگەی گەورەھەن بۆ وەبەرھێنان..لەوانە: (میران و چەمچەماڵ و بنەباوی، عەربەت، تۆپخانە، كوردەمیر، شاكەل ... )
كوردەمیرو تۆپخانە دوو ھێندەی كۆرمۆر غازی پاكیان ھەیەو تۆپخانە ئامادەیە بۆ كاركردن..


یەدەگی گازی سروشتی كوردستان جێگای سەرنجە!
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانەسروشتییەكان، هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەگی ( 200 تریلیۆن) پێ سێجا یان بە واتایەكی تر ( 5 تریلیۆن و 700 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە، ئەمەش 3%ی یەدەگی گازی دنیا پێك دەهێنێت.
ئەگەر ئەم ئامارە وەك پێوەر وەربگرین، ھەرێمی كوردستان لە دوای رووسیا و ئێران و قەتەڕو و ئەمریكاو سعودیەو توركمانستان و ئیمارات ھەشتەم دەوڵەمندی دونیایە بە سامانی گازی سروشتی، ئەگەر ڕێژەی یەدەك بەراورد بە دانیشتوان دابنێین، ھەرێمی كوردستان لە لوتكەدایە..
دەزگای پشكنینی جیۆلۆجی ئەمریكا (USGS) بۆی دەركەوتوە كە سەرچاوە نەسەلمێنراونەكانی گازی سروشتی تەنھا لە ناوچەی زاگرۆس كە دەكەوێتە ھەرێمی كوردستان بڕەكەی دەگاتە (54) ترلیۆن پێ سێجا، ئەوەش پاڵپشت بەوەی سەرجەمی گێڵگە سەلمێنراوەكان لەو ناوچەیە كەمترە لە (10) ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەبەراورد بە كێڵگە نەسەلمێنراوەكان كە (30) ترلیۆن پێ سێجایە، ئەوەش جگە لە بونی یەدەگێكی زۆر زیاتر لە كێڵگەكانی (بنەباوی ، خورمەڵە، چەمچەماڵ و میرانو تۆپخانەو شاكەل و عەرەبەت.)

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×