مورتەزا لاخانی، بەڕەگەز پاکستانیەو ساڵی ٢٠٠٠ دێتە عێراق و لە پرۆسەی نەوت بەرامبەر بە خۆراکدا لەگەڵ عودەی سەدام حسێن کار دەکات..
ساڵی ٢٠٠٨ دێتە نێو دۆسیەی نەوتی کوردستان، لەگەڵ ئاشتی ھەورامی ڕۆڵێکی زۆریان ھەبوو لەوەی باوڕ بە بەرپرسانی ھەرێم بکەن سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، ئاشتی ھەورامی ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمی لێکۆڵینەوەیەک دەداتە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی ھەرێم و دەڵێ: لە کۆتایی ٢٠١٥ ەدا بەرھەمی ڕۆژانەی نەوت دەگەیەنینە یەک ملیۆن و ٦٠ ھەزار! بەڵام تائێستا نەگەشتوەتە ٥٠٠ ھەزار!
بڕیاری فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ درا!!
مورتەزا لاخانی سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و ڕێکخستنی کەشتی نەوتی دەکات..
فاینانشاڵ تایمز، دەڵێ: تۆڕێکی نادیاری نافەرمی کە یەکێکیان مورتەزایە، سەدان ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەی پێشەکی دەفرۆشێت!!
واتە: سەرەتای فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، فرۆشتنی سەدان ملیۆن بەرمیلی ساڵانی ئایندە بوو بەشێوەی نافەرمی و لە لایەن دەڵاڵێکی گوماناوی و بەنرخێکی ھەرزان کە نزیکەی ١٢ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت !!
دیوی یەکەمی مورتەزا ڕون بوو، موچەیەکی یەک ملیۆن دۆلار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھەبوو، دواتر لەگەڵ ھاتنی قەیرانی داراییدا موچەکەی کەمی کرد بۆ ٢٥٠ ھەزار دۆلار(٢٥ دەفتەر) ..
دیوی دوەمی مورتەزا..
یەک ملیار دۆلار ( سەد ھەزار دەفتەر دۆلار) لە بانکی دەریای ناوەڕاستی لوبنان بلۆک دەکرێت بە ناوی موەرتەزایە!!!
کۆمپانیاکەی لاخانی و مێد بانکی لوبنانی کێشە کەوتە نێوانیان دوای ئەوەی کۆمپانیاکەی لاخانی (IMMS Ltd) بڕی ملیارێک دۆلاری بۆ ماوە 3 ساڵ خستە بانکە لوبنانیەکە بە سوودی ساڵانەی 10%
لاخانی ویستی پارەکە لە بانکە لوبنانیەکە ڕابکشێتەوە، بەڵام بانکەکە پارەکەی بلۆک کرد، ئەمەش بووە کۆتاییهاتنی پەیوەندی هەردوو لایەن و هەڵوەشاندنەوە چەندین هەژماری پەیوەندیدار، دواتریش دەرکەوت کۆمپانیای IMMS Ltd بە تەواوەتی خاوەندارێتی بۆ مورتەزا لاخانی دەگەڕێتەوە و هیچ کەسێکی دیکە پشکی تیا نیی!!
لەگەڵ بلۆک بوونی ئەو پارانە حکومەتی هەرێم توشی گرفتی دارایی بوو .
کەسێکی دیکە بەناوی ڕیۆمۆند ڕەحمە، بزنسمانێکی لوبنانیەو دۆستێ بەشێک لە بەرپرسانی کوردە، بەپێی سایتی بلمومبێرگ ئەندامی بۆردی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆمە، سکاڵا تۆمار دەکات و دەڵێت: ئەم پارە ھی منە!
بە گوتەی بەرپرسانی لوبنان ئەم پارەیە ڕەشەو بلۆک کراوەو لە ھەرێمی کوردستانەوە ھاتوە! ڕیمۆند ڕەحمە بۆی نیە سکاڵای لەسەر تۆمار بکات!!
روسنەفت و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لە ژمارە حسابی مورتەزا
بەپێی گرێبەستێک بۆ فرۆشتنی نەوتی ئایندە، دەبوو لەماوەی ناوڕاستی ٢٠١٨ بۆ ناوڕاستی ٢٠٢٠ ، بڕی شەش ملیار دۆلار بێتە ژمارە حسابی حکومەتی ھەرێم..
ھەرچەندە چارەنووسی کۆی شەش ملیارەکە دیارنیە!
بەڵام روسنەفت ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک بەشی یەکەمی ئەم شەش ملیار دۆلارە تەسلیم کرد..
چارەنوسی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار..
بڕی (800 ملیۆن دۆلار) کە سەرەتای مامەڵەیەکی شەش ملیار دۆلاری بوو لەنێوان هەرێم و ڕوسنەفت، لەبری ئەوەی ئەو پارەیە بچێتە هەژمارە بانکیەکانی حکومەتی هەرێم چووەتە کۆمپانیای IMMS Ltd کە کۆمپانیایەکی تۆمارکراوە لە قوبرس و مورتەزا لاخانی کۆنترۆڵی دەکات..
پارەکەش لە لقی سویسرای بانکێکی روسیەوە ڕۆشتوەتە ستی بانک لە نیۆرک، پاشان ھاتوەتە بانکێکی لوبنانی بۆ ژمارە حسابی کۆمپانیاکەی مورتەزا!!
بانکەکەش پارەکەی بلۆککردوە..
کۆمپانیاکەی لاخانی لەبری حکومەتی هەرێم مامەڵەی بە نەوتی هەرێمەوە کردووە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک VITOL GROUO و Trafigura Group و هەر لە بری حکومەتی هەرێمیش پارەی داوەتە ئەو کۆمپانیایانە کە حکومەتی هەرێم قەرزاریانە، هەروەها داهاتی نەوتی هەرێم چووەتە هەژماری بانکی مورتەزا لاخانییەوە و مانگانە لەبری ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پارە بداتە وەزارەتی دارایی کۆمپانیاکەی لاخانی پارەی داوە بە حکومەتی ھەرێم!
ئەو کۆمپانیایانەشی کە مامەڵەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێی لاخانییەوە بووە، دەڵێن: ئێمە بۆیە لەگەڵ لاخانی مامەڵەمان دەکرد چونکە دەسەڵاتی کوردی ئەوەی پێدەوتین.
٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە نێوان مورتەزاو ڕوسنەفت؟
لە بەیاننامە دارییەكانی لقی سەنگافورەى كۆمپانیاى روسنەفت، كە تایبەت بە هەرێمى كوردستان كوردستان دروستی كردووە، كۆمپانیاى روسنەفف 250 ملیۆن دۆلار دەداتە راوێژكارێكى دەرەكى تاوەكو دڵنیا ببێتەوە لەبەدەستهێنانی. رێككەوتنە نەوتییەكانی لە هەرێمى كوردستان
ئەم بڕە پارەیە زۆر زۆرەو ھی ڕاوێژکاری نیە، بەڵکو ھی ئاسانکاریە بۆ کڕینی ٦٠٪ بۆری نەوتی کوردستان و نەوتی کوردستان بە نرخێکی ھەرزان بەپارەی پێشوەخت! گرێبەستی فرۆشتنی بۆری نەوت و نەوتی کوردستان لە ٢٠١٧/٦/٢ لە شاری سانپترسبۆرگی ڕوسیا کرا، ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاشتی ھەورامی ئامادەبون..
ھیچ کۆمپانیایەکی گەورەی جیھانی کە دەیان ڕاوێژکاری ھەیە، ھەرگیز ئەم بڕە پارە زۆرەیە وەک پارەی ڕاوێژکار نادات!
پێشتریش مورتەزا لاخانی کاری ئەم فرۆشتنە پێشوەختەی کردوە لە لایەن کۆمپانیاکەی بەناوی Oil and gas management services group
لە ٢٠٢٠/٣/٢٩ لەسەر ئەم دۆسیە لە داواکاری گشتی سکاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی ھەورامی و مورتەزا لاخانی تۆمار کرد بۆ ئەوەی جگە لە خۆیان کێ لە پشت ئەم دۆسیەیە ئاشکرا بێت، داواکاری گشتی نوسراوی بۆ ئامادەبوونی ھەردوکیان کرد، بەڵام ھەر وەڵامیشیان نەدایەوە...
دیلۆیت و ٢٩٤ ملیۆن دۆلاری لوبنان
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی داھاتی نەوت لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، ( ٢٩٤ملیۆن) دۆلاری حكومەتی هەرێم لە بانكێكی لوبنان گلدراوەتەوە..
دیلۆیت ھیچ وردەکاریەکی نەداوە ئەم پارە بۆ گلدراوەتەوەو لە کام بانکە.
ئێستا گرنگ و پێویستە کۆی ئەم پارانە بگەڕێندرێتەوە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان...
لەم لێکۆڵینەوەدا جگە لەو سەرچاو ئاگادارانەی زانیاریان پێداوم، سودم لە سەرچاوەکانی فاینانشاڵ تایمزو بلومبێرگ و ڕۆیتەرز وەرگرتوە.