بەیانێک، دور لەخوێنی خەڵک

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح
  2020-12-08     571
دوای شەھیدکردنی ١٠ گەنجی خێر لەخۆنەدیوە ئەم  وڵاتە، وەک ئەوەی ھیچ ڕوی نەدابێت لەسەرۆکایەتی ھەرێمەوە بەیانێکی بێ ڕوحیان دەرکرد، وەک کێشەی ئەم ھەرێم تەنیا چونی وەفدێک بێت بۆ بەغدا. ئەی ئەو ھەموو دزی و تاڵانیەی کوردستانی بەئەمڕۆ گەیاند!

بەدێڕێک باسی ئەو گەنجانەیان نەکردوە کە سی ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دزیان لێدەکرێت‌و دواجاریش بەفیشەکی چەکدارانی حیزب شەھیدکران.. 

پشتگیری چاکسازیی حکومەتی ھەرێم دەکەن! کام چاکسازی دوانیانمان پێبڵێن؟ 

ئەوە یەک ساڵە ھاوار دەکەین، دەڵێین:  بەرپرسان خەریکی قاچاخچێتی و تاڵانی خاڵە سنوریەکانن و کەس گوێمان لێناگرێت! و بێ منەتانە بەردەوامن بە ئێستاشەوە... 

پشتیوانی کام چاکسازین... ئەوەی ٦٠٪‏ ی داھاتی نەوت بە گەندەڵی و دزی و گرێبەستی دەبرێت و کەس ئامادەنیە چاکی بکات! ئەوەی ھەرچی زەوییە بۆ بەرپرس و کۆمپانیاکانیان تاڵانکرا...

تکایە پشتیوانی کام چاکسازین؟  پێمانبڵێن... 

دەبوو: جگە لە بڕیاری ڕاشکاوانە بۆ ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتی فیدڕال لە بەرامبەر موچەدا، کە ھەنگاوی دروستە، ھەر لەو کۆبونەوەدا، بڕیاری ڕاگرتنی قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری لە خاڵە سنوریەکان درابا، ئەو پارانەی لە داھاتی نەوت براوە بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! بڕیار درابا بە ھەموو گەندەڵی و گرێبەستە خراپەکانی نەوتدا بچنەوە!! 

دەبوو ڕاستەخۆ بڕیاری چۆڵکردنی بارەگا حیزبیەکان درابا، ھەرگیز دەرگاو پەنجەرەو قەنەفەی بارەگایەکی بێسود لە خوێنی گەنجێک گرنگتر نیە... 

دەبوو، بڕیاردرابا ئەو کۆمپانیاو بەرپرسە حیزبیانەی کە چەندین ساڵە لەسەر حسابی نەوت و سامانی ئەم وڵاتە کرانە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار، ئێستا بەشێک لەم پارانە دەربکەن و موچەی خەڵکی پێدابین بکەن... 

ئێستا کە خوێن و ئاگر شاروشارۆچکەکانی گرتوە، بەرپرسان بێمنەتانە ھەر خەریکی قاچاخچێتین... ئەمە چاکسازیە! 

ھیواموایە گەنجە دڵسۆزو ئازاکان، ئەوانەی سی ساڵە تاوانتان بەرامبەر دەکرێت، لە سوتاندنی موڵکی گشتی خۆتان بپارێزن، فەرمانگەکانی شاروشارۆچکەکان موڵکی ئێوەن نەک ئەو بەرپرسانەی بە چەندین ساڵیش ڕێگایان ناکەوێتە ناحیەو قەزاکان، بەدڵنیایی پێکەوە دەتوانین فشاری گەورە بکەین. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×