پرسی‌ لامه‌ركه‌زی‌ له‌سه‌رده‌می‌ كۆرۆنادا

ئارام جەمال
  2020-04-07     532
@ زۆرجار قه‌یرانه‌كان بونه‌ته‌ ده‌رفه‌ت بۆ داهێنان و كه‌شفكردنی‌ وزه‌و توانای‌ تازه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، كۆرۆناش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی‌ له‌به‌رده‌م پێداچوونه‌وه‌ به‌سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ره‌خساند..

@ له‌ دنیای‌ ئێستادا هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌ باشی‌ به‌ڕێوه‌ببات دوو ئاست له‌ حوكمڕانی‌ ده‌وێت: یه‌كه‌میان له‌ پایته‌خته‌وه‌و سه‌رتاسه‌رییه،‌ دووه‌میان له ‌ئاستی‌ شارو شارۆچكه‌كاندایه‌و خۆجێی‌ و لامه‌ركه‌زییه‌.

@ قه‌یرانی‌ كۆرۆناش، وه‌ك زه‌روره‌ت و ئه‌مری‌ واقیع، ئاستێكی‌ تری‌ له‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمدا هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش (حكومه‌تی‌ خۆجێییه‌)، خۆلادان هه‌ڵه‌یه‌كی‌ ستراتیژییه‌.

@ پێشبڕكێی‌ نێوان شارو شارۆچكه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی‌ باشترین خزمه‌تگوزاری‌ به‌ هاوڵاتیانی‌ سنوری‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی‌ خۆیان یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتووترین میكانیزمه‌كانی‌ مۆدێلی‌ حوكمڕانێتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ لامه‌ركه‌زی‌ له‌ دنیای‌ هاوچه‌رخدا.

@ پێشكه‌شكردنی‌ باشترین خزمه‌تگوزاری‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كانه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر خه‌وش و نه‌نگی‌ نییه‌ بۆ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند به‌ڵكو له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌ركێكی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر شان كه‌مده‌كاته‌وه‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كارگێڕی‌ و داراییه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كاندا‌.

@ له‌ دۆخێكی‌ مه‌ترسیداری‌ وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنادا، بۆ نموونه‌، زیاترو زیاتر حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كانن ده‌توانن ده‌ستیان به‌ هاوڵاتیانی‌ دڵسۆزو خێرخواز بگات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هاوكاری‌ دارایی‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ده‌توانێت له‌رێگه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی و ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌‌وه‌ چاودێری‌ چۆنێتی‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بكات كه‌ له‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كاندا كۆكراوه‌ته‌وه.

@ چاكتروایه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاوتوچۆی‌ سنوری‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك له ‌ده‌ست پارێزگاره‌كاندا بێت به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانیاندا و به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ،

@ له‌ بارێكدا حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بیه‌وێت پرسی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رابگه‌یه‌نێت،‌ ‌پێویسته‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ بڕیارسازیدا بیروڕای‌ پارێزگارو ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان وه‌ربگرێت و له‌ كاتی‌ دروستبوونی‌ هه‌ر ناكۆكییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌، عورفی‌ دیموكراسی‌ و لامه‌ركه‌زی‌ واده‌خوازێت دوا بڕیار بۆ حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كه‌ بێت.

@ ئه‌وه‌ لامه‌ركه‌زیه‌ته‌ كه‌ گیانی‌ پابه‌ندبوون و ئینتماو دڵسۆزی‌ له‌لای‌ هاوڵاتیان دروستده‌كات، دڵسۆزی‌ و ئینتمای‌ كه‌سه‌كان بۆ دامه‌زراوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له رێگه‌ی‌ ئینتماو دڵسۆزییانه‌وه‌یه‌ بۆ دامه‌زراوه‌ خۆجێیه‌كان.

@ ئه‌زموونه‌كان له‌ سه‌رده‌می‌ كۆرۆنادا سه‌لماندیانه‌وه‌ تا چه‌ند فۆرمی‌ حیزبایه‌تی‌ له‌به‌ری‌ حكومه‌ته‌كانی‌ ناوه‌ندو خۆجێی دابكه‌نرێت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ هاوڵاتیان له‌ حكومه‌ته‌كان نزیكده‌بنه‌وه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×