ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە چیمان بۆ دەكات؟!

ئارام جەمال
  2019-12-25     697

@ ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە (زۆرینەی براوەی یەكەم) وەك ئەوە وایە لەبری ئەوەی حزب مامەڵەی جوملەفرۆشی بكات، ناچارە دوكان بە دوكان بگەڕێت بۆئەوەی كاڵاكەی ساغبكاتەوە، دیارە ئەمەش كاری حزبەكان قورستردەكات..!

@ ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە (زۆرینەی براوەی یەكەم) كۆتایی بەوە دێنێت كەسی یەكەمی لیستەكان بەشی هەشت نۆ كەس دەنگ بهێنێت و دواتر خۆی بكشێتەوەو نەچێتە پەرلەمان‌و لەجیاتی خۆی چەندین پاڵێوراوی تری ناو لیستەكەی بە چەند سەد دەنگێكەوە ببنە پەرلەمانتار..! (بە ژمارە چەندین نموونەی لەمجۆرەم لەلا هەیە)

@ ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە (زۆرینەی براوەی یەكەم) قەواعیدی یارییەكەی گۆڕی‌و چیتر پێویستی بە یاریزانی تازە هەیە بۆ ئەو دۆخە گۆڕاوەی لە عێراقدا هاتۆتەپێش، ئەمەش حزبەكان ناچاردەكات ژینگەی ناوخۆی خۆیان دەستكاری بكەن لەپێناو هاتنەپێشی كەسانی دڵسۆزو خۆنەویست نەك كەسانی گوێڕایەڵ و خۆبەرەپێش و بەرژەوەندخواز.

@ ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە (زۆرینەی براوەی یەكەم) لەرووی خۆپاڵاوتنەوە جیاوازی ناكات لەنێوان تۆیەكی سەربەخۆو ئەوێكی حزبیدا، ئەوەی بڕیاردەدات دواجار بەدەستهێنانی متمانەی خەڵكی ناو بازنەی هەڵبژاردنەكەیە.

@ لەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیەدا بازنەی هەڵبژاردن بچوكدەبێتەوەو دەرفەت دەداتە كاندیدی سەربەخۆ بە تێچوونێكی كەمەوە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجامبدات‌و هەڵمەتی دەرگا بەدەرگا زیاتر برەوبسێنێت.

جارێ ئەوەندە بەسەو ئه‌ویتری‌ بۆ گفتوگۆی‌ ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز.. هەر بژین...
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×