هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا
ئارام جەمال
2019-03-31   1195
ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دو کاریگەری کورتخایەن و دورخایەن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە کورتخایەنەکەدا کێش و نفوزی هەریەک لە حەوت حیزبە سەرەکییەکەی تورکیا بە ژمارەی دەنگ و کورسی و بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەر نەخشەی سایسی تورکیا دەردەکەوێت، دورخایەنەکەشی ئەو کاریگەرییەیە کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دایدەنێت، لەبەرئەوەی هەر پارتێکی سیاسی براوە دەتوانێت لە رێگەی حکومەتی خۆجێی و شارەوانییەکانەوە خزمەتگوزاریی باش و زیاتر پێشکەش بە هاوڵاتیانی شار و شارۆچکەکانی بکات و ئەو نزیکیەی لەگەڵ هاوڵاتیاندا دروستی دەکات بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی تورکیادا بیکاتە دەنگ.
ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکان یەکەم هەڵبژاردنی دوای گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی تورکیایە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەربۆیە ئەگەر بەرەکەی ئەردۆغان و باجچەلی (هاوپەیمانی گەل) لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگ و شارەوانی و سەرۆک شارەوانی گەورە شاران بەرێتەوە بە واتای سەرکەوتنی سیستمی سەرۆکایەتی دێت و پێچەوانەکەشی راستە، واتە ئەگەر بەرەی کلچدار ئۆغلۆ و ئەکشنار (هاوپەیمانی میللەت) رێژەی دەنگەکان و ژمارەی شارەوانییە براوەکانی بەرزببێتەوە و بتوانێت گەورە شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە بباتەوە، بە واتای شکست و رەتکردنەوەی سیستمی سەرۆکایەتی و خواستی گەڕاندنەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی دێت و ئەمەش رەهەندێکی رەمزی بە هەڵبژاردنەکە دەبەخشێت.
هەدەپە لەنێوان هەردو بەرە تورکییەکەدا، تاکە پارتی سیاسی کوردییە لەناو کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادایە و ئامانجی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە بتوانێت لە باکوری کوردستان روبەر و ژمارەی شارەوانییە براوەکانی فراوان و زیادبکات، هاوکات هەدەپە لە ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیاشدا لاوازکردنی ئەکەپەی خستۆتە ئەولەویەتی خۆیەوە و بە لۆژیکی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە" کاردەکات و پێیوایە لەدوای لاوازکردنی ئەکەپە، هیچ هێزێکی سیاسی بە ئەندازەی ئەو ناتوانێت رێگری لەبەردەم خەباتی سیاسی ئەوان و دژایەتیکردنی دۆزی کورد و قوڵکردنەوەی دیموکراسیدا دابنێت، هەر لەم روانگەیەشەوەیە کە هەدەپە پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ بەگرنگ و یەکلاکەرەوە دەزانێت و دەنگدەرانی خۆی ئاراستەدەکات بە ئەمانجی گۆڕینی تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی بەربژێری جەهەپە (ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ)، کە بەهێزترینیانە لەبەرامبەر بەربژێری ئەکەپە (بینالی یڵدرم)دا، چونکە ئەزمونەکانی رابردو دەریانخستوە ئەو پارتەی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ بباتەوە دواتر کورسی دەسەڵات دەباتەوە، رەنگە هەر ئەم لۆژیکەش بتوانێت ئەو هەڵوێستەی هەدەپە بخوێنێتەوە کە سەرۆک شارەوانی بۆ هیچکام لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئەو گەورە شارانە نییە، لەبەرئەوەی لەلایەکەوە ژمارەی دەنگی لایەنگرانی کەمە و دڵنیایە لەوەی کە ناتوانێت کێبڕکێی بەربژێرانی تری گەورە سەرۆک شارەوانییەکانی پێبکات، لەلایەکی تریشەوە هەدەپە دەیەوێت دەنگی ئەو لایەنگرانەی لەشارە گەورەکاندا هەیەتی ببنە پارسەنگ بۆ جەهەپە و بێ کاریگەر نەبن.