دادپەروەری لەكوردستان نییە
هێڤیدار ئەحمەد
2020-03-27   1028
درێژەكێشانی پەتای كۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، كەمبوونەوەی سەرچاوەی داهات سێ تەحەددای گەورەی بەردەم هەرێمی كوردستان و هەموو جیهانن.
لێرە باسی دۆخی هەرێمی كوردستان دەكەین كە چۆنە. ئەركی بەڕێز سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانە لە بابەتی داهاتدا دادپەروەری دروستبكات و هەر شوێن و لایەك تەنیا حەقی خۆی وەربگرێت.
هەرێمی كوردستان دوو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی مانگانەی هەیە، لە كۆی داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان، 43%ی لە بەغدا دێت، 57%ی لە داهاتی نەوت و ناوخۆ دابیندەكرێت. داهاتی هەرێمی كوردستان خۆی لە ترلیۆنێك و 50 ملیار دینار دەدات. 894 ملیار دینار بۆ مووچەیە و 66 ملیاریش خەرجی مانگانەی حكومەت و پڕۆژەكانە.
داهاتی هەرێمی كوردستان لە دوای 2003ەوە بەگوێرەی پێوەرێكی ئەمریكی 43% لە داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ سنووری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێ و 57%ی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەم پارەیە بو مووچە و خەرجی دامەزراوەكانی حكومەت و پڕۆژەكان و . هتد. بەڵام ئەمە نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە، چونكە ئامارەكان ئەمە ناڵێن و ناكرێ بەو پێوەرەی ئەمریكا لە 2003ێ دایناوە ئیستاش پێیەوە پابەند بین و لەسەری بڕۆین.
فەرموون ئەمە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانن، كە دەستەكە بەشێكە لە وەزارەتی پلاندانان و دەیسەلمێنێ كە بە هەموو پێوەرێك نابێ داهاتی كوردستان بەوشێوەیە دابەشبكرێت.
داهات دەبێ بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بە دادپەروەرانە دابەشبكرێت. لەساڵی 2019 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ، شەش ملیۆن و 33 هەزار و 814 كەسن.
هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (2221622 - دوو ملیۆن و 221 هەزار و 622 كەسن) دەكاتە 36.8%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، كەچی تائێستا 43%ی داهاتی هەرێمی كوردستان دەدرێتە سنووری ئیدارەی سلێمانی كۆن، كە مانگانە دەكاتە 451 ملیار و 500 ملیۆن دینار، واتە 6.2%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بە زیادەوە بۆ ئەوێیە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە مانگی نیسانی 2018 كە ئەوكات سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو، لە سلێمانی گوتی پارەی كوردستان ئێستاشی لەگەڵ بێ دەكرێتە دوو بەش و بەشی سلێمانی هەموو مانگێ دێت.
خەڵكی سلێمانی حەقی خۆیەتی بپرسێ كوا ئەم پارەیە؟ چی لێدێت؟ لە چ خەرج دەكرێت؟ تەنیا بو مووچە مانگانە 374 ملیار دینار رەوانەی سلێمانی دەكرێ؟ 77 ملیار و 500 ملیۆن لەبەردەستی ئیدارەی یەكێتییە، بەناوی ئیدارەدان و پڕۆژە خەرجی دەكەن. ئەمە تەنیا پارەیە كە دیارە، ئەی ئەوانەی لە گومركەكان و رێگەی دیكە دەبردرێت و دیار نییە!
بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەندام پەرلەمانێك داوا لە بەڕێزتان دەكەم داهاتی هەرێمی كوردستان بە دادپەروەرانە دابەشبكرێت و دینارێكی زیادە نەدرێتە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە، هەر یەكە و حەقی خۆی وەربگرێت.
ژمارەی دانیشتووانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك (3812192 - سێ ملیۆن و 812 هەزار و 192 كەسن) واتە 63.2% نەك 57%، كە لە 2003ەوە بەوشێوەیە خەرج دەكرێت.
سەرۆكی حكومەت دەبێ ئەوە رەچاو بكات كە زۆرترین داهاتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو پاریزگای هەولێر و دهۆكە، كەچی سلێمانی دەوڵەمەندترین پارێزگای هەرێمی كوردستانە، 8.7%ی خەڵكی پارێزگای دهۆك هەژارە و رێژەی هەژاری لە سلێمانی 4.5%.ە.
بەڕێز سەرۆكی حكومەت بەگوێرەی داهاتی باج بۆ 2019 لە هەرێمی كوردستان (627 ملیار و 424 ملیۆن دینار) بوو هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك بە نموونە وەردەگرین. سلێمانی دوو ملیۆن و 222 هەزار و 622 كەسە و كەمترین رێژەی هەژاری لەوێ تۆماركراوە، واتە بازاڕەكەی، ژیانی خەڵكەكە، جموجۆڵی بازرگانی، خەرجی تاك و خێزان زۆر زیاترە لە پارێزگایەكی وەك دهۆك، كەچی لە 2019 باجی ژیر دەسەڵاتی یەكێتی تەنیا 140 ملیار و 637 ملیۆن دینارە. بەڵام پارێزگای دهۆك كە ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە ملیۆنێك و 600 هەزار كەسە و زۆرترین هەژاری تێدا تۆماركراوە و كەمترین بازاڕ و بازرگانی و كۆمپانیا و كارگەی تێدایە، كەچی 130 ملیار و 858 ملیۆن دینار باجی هەبووە. مەعقولە تەنیا 10 ملیار جیاوازی هەبێ؟ لەنێوان ئەو دوو پارێزگایە؟
پێویستە سەر لەنوێ بە مەسەلەی داهات و چاكسازی لە داهات و خەرجیدا بچینەوە، بەشێوەیەك هەموو كەس و لایەك هەست بە دادپەروەری بكات. داهاتی ئەم هەرێمە بو خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام چیدیكە نابێ رێگەبدرێت وەك ئەوەی ئێستا هەیە خەرج بكرێت و دابەشبكرێت.