مەترسیدارترین کۆبونەوە لەبەغدا
هێڤیدار ئەحمەد
2020-12-28   808
شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان کە ماوەی 15 رۆژ لە بەغدابوون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان لە یاسای قەرز کە پەرلەمانی عێراق پەسندی کرد بۆ سێ مانگ (10،11،12) و یاسای بودجەی 2021.
قوباد تاڵەبانی لە 28-12-2020 لەبەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی و دارایی و سامانە سرووشتییەکان، هەموو وردەکارییەکانی ئەو دانوستاندنەی لە بەغدا کردوویانە لەسەر مافی هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە باسکرد. تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر بە روون و ئاشکرا لەبەردەم هەڵبژێردراوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دا گوتی "ماڵی کوردستانی دروست نەکەین، شتێک نامینێت بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان!"
لەم نووسینەدا بەشێک لە نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە کە لە هۆڵی پرۆتۆکۆلی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو نزیکەی پێنج کاژێری خایاند، سەرۆکی شاندی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بابەتانەی باسکرد کە تێڕوانینی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان چۆن گۆڕاوە و چۆن سەیری قەوارەی هەرێمی كوردستان دەکەن و لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چییان گوت؟ ئەی لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق چ گوترا و لەوێ چ زەنگێکی مەترسیدار بەر گوێی کاک قوباد و هاوەڵەکانی درا؟ ئەوەی لێرە دەینووسم دە لە سەتی قسەکانی شاندی هەرێمی كوردستانە بۆ بەغدا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە قوباد تاڵەبانی وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ ئەندامانی پەرلەمان روونیکردەوە کە چ وایکرد بچنە بەغدا. چیرۆکی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لە 16-7-2019 دەستیپێکرد، کاتێك دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەندە، سەردانی هیچ پایتەختێکی دیکەمان نەکرد، سەردانی ئەنقەرە، واشنتن، تاران و ئەوروپامان نەکرد، بەڵکو سەردانی بەغدامان کرد. ویستمان نیازپاکی حکومەتی هەرێمی كوردستان نیشانبدەین. داوای کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێمان کرد و گوتمان "بەغدا قوڵایی ستراتیژی" هەرێمی کوردستانە.
لە 23-11-2019 رێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بودجەی 2020 کرا، کە ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەداخەوە لە 2020 یاسای بودجە لە عێراق دەرنەچوو.
بەغدا لە 2020 بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی، مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان کرد، سێ مانگی یەکەم بەگوێرەی خەرجییەکانی 2019، مانگانە 453 ملیار دینار نێردرا، دواتر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە و مستەفا کازمی حکومەتی پێکهێنا، لە مانگی نیسان بەشی هەرێمی كوردستان راگیرا، لە مانگی پێنج بەشی هەرێمی كوردستان کرایە 400 ملیار دینار بۆ مانگی چوار. لە مانگی 5،6،7 حکومەتی عێراق هیچ پارەیەکی نەنارد، لە مانگی هەشت رێککەوتنێکی نوێ کرا ناوی لێنرا رێککەوتنی (حکومی- حکومی) لەو رێککەوتنەدا بەڕوونی هاتووە کە تاوەکو بودجەی داهاتووی عێراق، مانگانە 320 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەویش دوو مانگ درا، ئیدی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، رێککەوتنی پێش خۆی لەنێوان هەولێر و بەغدا راگرت.
کازمی داوای کرد سەردانی بەغدا بکەین و رۆیشتین، لەو سەردانەدا، یەک مەبەستی سەرەکی هەبوو، ئەویش "مافی خەڵکی خۆمان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای قەرز بوو". بەڵام لە یەکەم کۆبوونەوەدا، وەزیری دارایی عێراق چاوەڕێ نەبوو، ئێمە پابەندبوونی خۆمان بەرامبەر بە جێبەجێکردنی یاسای قەرز پێشانبدەین، ئەوان هەر ویستییان باسی بودجەی 2021 بکەین، تەنانەت دواتر وەزیری دارایی ئاماژەی بە ئێمە دا کە باسی یاسای قەرز نەکەین و لەسەر بودجەی 2021 گفتوگۆ بکەین.
لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان قسەم کرد و دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووینەوە "کازمی لەو کۆبوونەوەیە داوای کرد کە بە ژمارە بڵێین مافی هەرێمی كوردستان چەندە؟ گوتیان 40 ملیار دینارە، کردمانە گاڵتە گوتم ئایا 40 ملیار دینار زۆر نییە؟ دواتر گوتیان 160 ملیار دینارە و دواتر گوتیان بە گوێرەی هەندێک لێکدانەوەی حیسابی مافی هەرێمی كوردستان 320 ملیار دینارە. لەو کۆبوونەوەیە نەگەیشتنە ژمارەی کۆتایی وەک مافی هەرێمی كوردستان، بەڕێز کازمی داوای کرد رۆژی دواتر وەڵامی کۆتایی شاندی هەرێمی كوردستان بدرێتەوە، رۆژی دواتر کۆبووینەوە و گوتمان بە گوێرەی یاسایی ئیدارەی دارایی، مادام لە 2020 یاسای بودجە نییە، دەبێ لەسەر بودجەی 2019 مافی هەرێمی كوردستان دیاری بکرێت کە چەندە، کە لێکیاندایەوە مافی ئێمە لە 320 ملیار دینار زیاتر بوو، ئەوان هاتن لێکدانەوەیەکی جیاوازیان کرد و گوتیان هەرێمی کوردستان نەک مافی نییە بگرە یەک ملیار دۆلاریش قەرزدارە!" کاک قوباد لەو روونکردنەوانەدا گوتی "هەستمانکرد بڕیارێکی سیاسی لە پشت قسەکانیان هەبوو و بابەتەکە بە سیاسی کرا".
"دوای ئەو کۆبوونەوەیە کازمی داوای کرد سەردانی بکەین، چووینە لای کازمی، زۆر زۆر تووڕەبوو لە تیمەکەی و گوتی مەعقولە شاندی هەرێمی كوردستان 10 رۆژە لێرەیە و هیچ ئەنجامێک نەبووە، لەوسەر بەڕێزێک گوتی (ماکۆ سیولە) واتە پارەی کاش نییە بیدەینە هەرێمی كوردستان، کازمی گوتی ئەی بۆ لەسەرەتاوە بە شاندی هەرێمی كوردستان نەگوترا کە پارە نییە، وەزیری دارایی عێراق وەڵامی کازمی دایەوەو گوتی (سیولە هەیە) پارە هەیە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئەوە قبووڵ نییە پارە بدەینە هەرێمی كوردستان، کێشەکە لای ئێمەیە وەک بەغدا نەک هەرێمی کوردستان".
سەردانی پەرلەمانی عێراقمان کرد لەوێ هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان کرا و لەوێ قسەی زۆر کرا، موزایەدە هەبوو، هەڕەشەیش هەبوو لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەوەی تێبینیمان کرد، زەنگێک بوو بۆ هەرێمی كوردستان و ئایندەی هەرێمی کوردستان، زۆر بە راشکاوانە گوتیان، بابەتەكە نەوت، داهات، گومرک و بابەتی سیادییە و نابێ لەدەست حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە، پەشیمانبوونەوەیەکی زۆر هەبوو لەسەر دەستووری عێراق کە لەو دەستوورەدا ماف دراوەتە هەرێمی كوردستان. ئەوانەی قسەی باشیان دەکرد زۆر کەم بوون. زۆر بە راشکاوانە بە ئێمەیان گوت: ئەو رۆژە رۆیشت کە بە داهاتی خۆتان تەحەدای یەک پارچەیی عێراقتان کرد، بەڕاستی ئەمجارە لەڕووی قسەکردن و هەڵسۆکەوتیان لەگەڵ کورد هەستێکی زۆر جیاوازم بینی، ئەوەی ئەمجارە لە بەغدام بینی هەرگیز پێشتر وانەبووەو پێشتر ئەو قسانەمان لەسەر هەرێمی كوردستان لێ نەدەبیستن. ئەوانەی دەیانەوێ دەسەڵات بگرنە دەست، نایانەوێ هەرێمی کوردسان ئەو دەسەڵاتانەی هەبێ کە لەنێو دەستووری عێراقدا بۆی دیاریکراون. لە عێراق چینێكی سیاسی دروستبووە کە چیدیکە بە گوێی چینی کۆن ناکەن.
ئێمە لەسەر بودجەی 2021 رێککەوتین کە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و ئەوان بیفرۆشن، ئەوەی دەمێنێتەوە 180 هەزار بەرمیلە کە دەبێتە دەستحەقی کۆمپانیاکان.
سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەرلەمان پرسیاریان کرد، کاک قوباد گوتی، شەش لاپەڕە لە پرسیاری ئێوەم نووسیوە. وەڵامی پرسیارەکان درایەوە کە نەوتی کوردستان 250 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ دەکرێ و لەوبارەیەوە بڕیاری کۆتایی لێدراوە. ئەوەی دەمەوێ بڵێم، عێراق خۆی داوای نەوتی هەرێمی کوردستانی نەکرد، بەڵام ئەوەندە لەنێو هەرێمی کوردستان و کورد گوتیان دەبێ نەوت رادەست بکرێت، بووە راست و عێراقیش گوتی وەریدەگرم.
هەندێ ئەندامی پەرلەمان پرسیاریان کرد، کە وەک نیازپاكی هەرێمی کوردستان رۆژانە 20 بۆ 30 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات تاوەکو دەست دەکرێت بە یاسای بودجەی 2021، کاک قوباد گوتی "ئاخر لە عێراق یەک کەس داوای لە ئێمە نەکردووە نەوت رادەستی ئەوان بکەین، کە ئەوان داوا نەکەن من چۆن لە خۆمەوە تەسلیمیان بکەم!"
دوای خۆپێشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی کە لەوکاتەدا شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بوو، بەرپرس هەبوو لە كوردستان دەیگوت "دەبێ دۆسیەی شکستخواردووی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدا بکرێت". لە وەڵامی پرسیاری ئەندامانی پەرلەمان، قوباد تاڵەبانی گوتی "کەس لە بەغدا نەک داوای رادەستکردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی نەکرد، بەڵكو کەس داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانیشی نەکرد، تەنیا کورد ئەو داوایە دەکات".
ئێمە لەسەر بودجەی 2021 رێککەوتووین، بەڵام لە عێراق هیچ شتێک گرەنتی نییە، ئەوەی لەسەر ئێمە دەکەوێت، وەک خۆی جێبەجێی بکەین، ئەگەر عێراق نەهاتە پێش یان کێشەی دروستکرد، وەڵامی روونمان هەبێ بۆ خەڵک و بڵێین خەتای کێیە. زۆر بە ئاشکرا گوتمان، ئێمە نەهاتووین داوای پارەی بەسراتان لێبکەین، هاتووین داوای مافی خەڵکی هەرێمی كوردستان دەکەین. هەروەها بە بەغدامان گوت ئەگەر کێشەکانی بەسرا و ناسریە و شارەکانی عێراق بە 320 ملیار دیناری هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبن، با بۆ ئێوە بێت.
ئێستا پرۆژەی بودجەی 2021 ئامادەیە، بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان پشکی هەرێمی كوردستان دەستكاری کرا، ئەوا خۆمان بۆی ئامادە دەکەین و ئەوکات ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت.
لە عێراق ماڵی شیعە هەیە و دەبێ لە هەرێمی کوردستان ماڵی کوردستانی دروستبکەین، بەهێزبین لە بەغدا، بۆ بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان، نابێ بەغدا بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەجێبهێڵدرێت کە خۆیان تەبا نین.
ئەوەی لە بەغدا بینیم، پێتان دەڵێم ئەگەر بەم پەرت و بڵاویە بمێنینەوە، شتێک نامینێت بەناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان. بۆیە بەڕاشکاوانە لێرە دەڵێم کە یەکڕیزی لەنێو ماڵی کوردی نییە ودڵنیاتان دەکەمەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەگەر لەسەر شتە ستراتیژیەکان رێککنەکەوین، ئەم هەرێمە لەدەست هەموومان دەچێت.
کاتێک لە بەغدا بووین بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکانمان کرد بۆ ئەوەی یارمەتی شاندی هەرێمی کوردستان بدەن، لەوانە سەردانی بەڕێز باڵیۆزی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا و ئێرانمان کرد، دواتر کە کۆبوونەوەمان دەکرد، هەستمان دەکرد دوای ئەوەی باڵیۆزی ئێران تەلەفۆنی ئەو لایەنانە کردووە، گۆڕانکاری بەسەریاندا هاتووە.
لێتان ناشارمەوە ئەمە عێراقە، ئێمە دۆسیەی خۆمان رادەستی ئەڵمانیا ناکەین، رادەستی عێراقی دەکەین کە لەڕووی داراییەوە دۆخی زۆر خراپە ، رەنگە لە 2021 دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە عێراق باشتر بێت، بەڵام دەبێ دەست بە چاکسازی بكەین و ئەو دەرگایانە دابخەین كە بۆ دزیكردن بەکاردەهێنرێن. بۆیە دەبێ بەغدا قوڵایی ستراتیژی ئێمە بێت و چارەسەریش لە هەرێمی کوردستان بێت.