ماوەی پێنج ڕۆژە رۆژنامەنوسێك لە برادۆست دەست بەسەر كراوە
  2019-07-25       1602       

ماڵپەڕی رۆژنیوز رایگەیاند، زوبێر برادۆستی، رۆژنامەنوس و پەیامنێری ماڵپەڕەكەیان لە سنوری برادۆست، ماوەی پێنج ڕۆژە لەلایەن هێزێكی پێشمەرگەی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەست بەسەر كراوە و تاكو ئێستاش هیچ هەواڵێك لەبارەیەوە نییە، ئەو هێزەی پێشمەرگەش كە دەستگیریان كردوە، بێ ئاگایی خۆیان لەدەستگیركردنی ڕادەگەیەنن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی رۆژنیوز لەهەواڵێكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بەپێی بەدواداچونەكانیان و بەپێی گوتەی كەسێكی نزیك لەو پەیامنێرە، زوبێر برادۆستی لەلایەن هەواڵگری فەرماندەیی هەڵگوردی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بانگ كراوە بۆ بارەگای فەرماندەیی و دواتر دەستگیركراوەو ڕەوانەی ناحیەی مەسیف كراوە و بە كەسوكارەكەشیان ڕاگەیاندوە كە هیچ بەدواداچونێكی بۆ نەكەن تا خۆیان هەواڵیان پێ دەدەنەوە.

بەپێی وتەی ئەو كەسە بێت، پێیان وتون هۆكاری دەستگیركردنەكەی بۆ كاری ڕۆژنامەوانی لەو سنورە دەگەڕێتەوە.

رۆژنیوز پەیوەندی بە لیوا بەهرام عەریف یاسین فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی كردوە، بەڵام بێئاگایی خۆیان لە دەستگیركردنی ڕاگەیاندوە.

زوبێر برادۆستی لەماوەی ئەمساڵدا ئەوە دوەم جارە دەستگیردەكرێت و لەزستانی ئەمساڵیش دوای دەستگیركردنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە ئاسایشی سۆران بە كەفالەت ئازادكرا، كە پێشتر ئاسایش بێئاگایی خۆی لە دەستگیركردنی ڕاگەیاندبو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×