لەبارەی كاتی پێشنیارێكی ئەمینداری گشتی یەكگرتو بۆ دروستكردنی ئەنجومەنێك بۆ لایەنە سیاسییەكان، نوسینگەی
راگەیاندنی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وەڵامی سەڵاحەدین بەهادین،
ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی دەداتەوە.
ئاوێنە: فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی
گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، سەبارەت بە بۆچونی پارتی دیموکراتی
کوردستان لەسەر ئەنجومەنێک بۆ لایەنە سیاسیەکان، وتبوی"بۆچونی فەرمی ئێمە پێویستی
بە گفتوگۆکردن هەیە لە سەرکردایەتی کە هێشتا گفتوگۆمان نەکردوە لەوبارەیەوە، بەڵام
ئێمە لەڕوی مەبدەئیەوە دژی دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە نین چونکە ئەزمونێکی پێشتر هەبو
کە ئەسڵی پێشنیارەکە لە برایانی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانەوە بو هەمو حیزبەکان ڕەزامەندبوین
و کاریشی بۆکرا خودی مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین کاری بۆی کرد و لە کۆبونەوەیەکدا
بۆی شیکردینەوە."
نوسینگەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتو، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە،
سەبارەت بەو لێدوانەی فازڵ میرانی، لەڕونكردنەوەیەكدا وتبوی"ئەمەی بەرێز فازڵ
میرانی باسی دەکات پێشنیاری بەرێز مامۆستا سەلاحەدین دوای ساڵی ٢٠٠٦ و یەکگرتنەوەی
دو ئیدارەیی لە هەلومەرجێکی تایبەت بوە."
نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتو جەختی كردبوەوە"سەبارەت بەوەی ئێستا
لە ڕاگەیاندنەکان باس لە دروستکردنی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکانی کوردستان دەکرێ بەرێز
ئەمینداری گشتی یەکگرتو هیچ لێدوانێکی نوێی لەسەر ئەم بابەتە نەبوە و هیچ لایەنێکیش
ئەم باسەی بە فەرمی لەگەڵ ئێمە نەکردۆتەوە."
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەرامبەر ئەو رونكردنەوەیەی ئەمینداری گشتی یەكگرتودا،
ئەندامێكی نوسینگەی راگەیاندنی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی
رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
لە رونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، هاتوە"وەک بەرچاوڕونییەک
و وەڵامێک بۆ بەڕێز ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، بەڕێز سکرتێری مەکتەبی
سیاسی لەو دیمانەیەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا ئاماژەی بە بەرواری پێشنیارەکەی بەڕێز
ئەمینداری گشتی یەکگرتو داوە کە دەگەڕێتەوە بۆ دوای روخانی ڕژێمی بەعس بۆ
دروستکردنی ئەنجومەنێک بۆ پارتە سیاسییەکان و بەھیچ جۆرێک نە لەدەقی چاوپێکەوتنەکە
نە بەدەنگ کە لەوێبسایتی فەرمیی دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە نەکراوە کە ئەو
پێشنیارە نوێیە."
نوسینگەكەی فازڵ میرانی داوای لە سەڵاحەدین بەهادین كردوە"جارێکی تر پێداچونەوە
بە دەقی چاوپێکەوتنەکە"دا بكات.