وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ كێشەك لەبارەی كڕین و بە بازاڕكردنی بەروبوومەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، بە تایبەتی بەرهەمی گەنم و جۆ، دەشڵێت، نرخی گەنم لە هەموو پارێزگاكانی عێراق و هەرێم وەك یەكە و بە نرخێكی كەمتر ناكڕدرێت.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بارەی كڕین و بە بازاڕكردنی بەرهەمی گەنم و جۆی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.
محەمەد حەنون بە كەناڵی “بەغداد الیومی”ی ڕاگەیاند، هیچ كێشەك لە بارەی كڕین و بە بازاڕكردنی بەروبوومەكاندا لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، نرخی یەك تەن گەنم ٨٥٠ هەزار دینارە، هەروەها نرخی گەنم لە هەرێم وەك یەكە و بە نرخێكی كەمتر نابێت، ئێمەش لەگەڵ هەموو پارێزگاکان بە یەكسانی مامەڵە دەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەكارییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئامادەكردنی كۆگا و سایلۆكانەوە زۆر باشە، وەرزی بە بازاڕكردن لە ناوچەكەدا سەركەوتوو دەبێت، دڵنیایی دەدەینە جووتیارانی هەرێم، كە بەرهەمەكانیان دەخرێنە بازاڕەوە و پارەکانیشیان دەگەیەنرێتە دەستیان.
باسی لەوەشكرد، هیچ كێشەیەك سەبارەت بە باج و كارەكانی عەمباركردن نییە، هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆ وەرزی بە بازاڕكردن كردووە، بەهیوای ئەوەین بڕی گەنمی زۆر باش وەربگیرێت.
جێگەی ئاماژەیە، وەرزی دروێنەكردنی بەرهەمی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، جوتیارانیش خەمی ساخكردنەوەی بەرهەماكانیانە، چونكە تا ئێستا هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لە سەر شێواز و نرخی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ڕێكنەكەوتوون.