پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن كرد
  2024-05-09       469       

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامدا، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمان پێی وایە بەهۆی دەستپێكردنی پشوی یاسادانانی پەرلەمانەوە پڕۆژەكە نابێتە یاساو بەوەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هێندەی تر دوادەكەوێت.

ئاوێنە: كەمێك لەمەوبەر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات و لە سبەینێشەوە پشوی یاسادانانی پەرلەمان دەستپێدەكات.

لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرا كە بەپێی هەموارەكە تەمەنی كۆمسیۆن بۆ ماوەی حەوت مانگی دیكە درێژدەكرێتەوە. 

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا وتی، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان کۆتایی هات، واژۆمان کۆکردەوە تاکو پشوی یاسادانان مانگێکی دیکە درێژبکرێتەوە بەڵام سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەیخستە دەنگدان.

وتوشیەتی، خوێندنەوەی یەکەم کرا بۆ پرۆژەی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بۆ ئەوەی تاکو 7/1/2025 بەردەوام بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بەڵام بە کەوتنە پشوی یاسادانان پرۆژەی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن نابێت بەیاسا، کۆمیسیۆن لە 7/7/2024 تەمەنی کۆتایی دێت. 

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە "ئەمەش وادەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێندەی دی دوا بکەوێت! ئەگەر بیانەوێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێ ئەوە دەستەیەکی باڵای دادوەریی هەرێم سەرپەرشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات بۆیە ئەگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1992"

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر کۆبونەوەی پەرلەمانیش هەبێت لەڕۆژانی ئایندە تەنیا بۆ هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 دەبێت نەک بۆ هیچ یاسایەکی دی!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×