به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه تیرۆر(یەكێتی) رایگه‌یاند، له ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سێ تیرۆریست ده‌ستگیركران كه پێشینه‌ی كاریان له‌ناو رێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندا هه‌بوه و سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی شاری موسڵن.
ئاوێنە: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه تیرۆر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، شه‌وی 5ی ئه‌م مانگه به فڕۆكه‌ی تایبه‌تی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی دژه‌تیرۆر، ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له نێوان هێزه‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی دژه‌تیرۆر و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش ئه‌نجامدرا.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا توانرا سێ تیرۆریست له سنوری چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیربكرێن، به‌ناوه‌كانی (ع. هـ. ن.) له‌دایكبوی 1996، (ع. ا. ح.) له‌دایكبوی 2000، (م. ح. م.) له‌دایكبوی 1986 كه سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی موسڵن و پێشینه‌ی كاریان له‌ناو ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندا هه‌بوه و له سنوری چه‌مچه‌ماڵ نیشته‌جێبون.
دژە تیرۆر وتوشیەتی، پاش ده‌ستگیركردنیان، ده‌ستبه‌جێ ڕاده‌ستی یاسا كران به مه‌به‌ستی سزادانیان.