سهعدی پیره، وتهبێژی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگهیاند، رێز له بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دهگرن و ئهگهر رازیش نهبن تانهی لێدهگرن، دهشڵێت، بڕیارهكهی دادگا بۆ راگرتنی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان لهوه دهچێت پێشتر ئامادهكرابێت و زۆر به خێرایی بڕیاریدا.
سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، راگرتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن پەیوەندی بە زیادکردنی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە نییە و پەیوەندی بە داتا و ژمارەکانەوە هەیە، رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەگرن و ناوناتۆرە لە دادگاکە نانێن.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە جوڵەیەکی سیاسی دەچێت، چونکە داخوازی لە بابەتێکی هەستیاری وەک هەڵبژاردن پێویستی بە توێژینەوە هەیە، بەڵام کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای تانەی سەرۆک وەزیران بڕیارەکە درا و وا دیارە نوسراوی بڕیارەکە پێش تانەی سەرۆک وەزیران ئامادەبوە.
ئەوەشی خستەڕو، پرسیارەکە لە ئێستادا ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت دوای دواخستنەکە پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەوێت، ئایا ئەو پارتە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنە یان رێگریکردنە لە هەڵبژاردن، ئەگەر هەڵبژاردن کێشەی بۆ دروستبکرێت ئەو رێزەی لە رێگەی شەڕی دژ بە تیرۆر و پێشوازیکردن لە ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان پەیدا بوە نامێنێت.
سەعدی پیرە وتی، "هەڵبژاردن شوتی نییە بە شەرتی چەقۆ بیکریت، لەو بڕوایەشدا نیم پارتی لە دۆخێکدا بێت کە ترسی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت."
ئەوەشی ئاشکراکرد، یەکێتی سکاڵای لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تۆمارکردوە و هەروەها سکاڵای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمارکردوە کە بە کارەکانی هەڵنەستاوە.