فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو لە روبەڕوبونەوەی هێزەكانیاندا لەگەڵ باندێكی قاچاخچێتی چەك و شوێنەوار لە گەرمیان، كارمەندێكیان گیانی لەدەستداوەو تۆمەتبارێك كوژراوە، یەكێكی دیكەشیان دەستگیركراوەو تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵاتوە.
ئاوێنە: فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە"دوای بەدەستهێنانی زانیاری وردی هەواڵگری، لە سەر باندێكی قاچاخچێتی چەك و شوێنەوار لە گەرمیان، درەنگانی شەوی ڕابردو 25ی نیسانی 2024 تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا - ناحییەی قۆرەتو، لە سەعات 12:38 خولەك بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا، كە بەنیازبون ژمارەیەك چەك و پارچە شوێنەوار ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن و لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕوبەڕوبونەوە لە نێوان هێزەكەمان و ئەو تۆمەتبارانە ڕویدا."
فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ وتوشیەتی"بەداخەوە لەو ڕوبەڕوبونەوەیەدا كوڕێكی ئازا و چاونەترسی كۆماندۆ بەناوی (ئەیوب محەممەد عەلی) شەهید بو
ئاماژەی بەوەشداوە"كوڕانی كۆماندۆ لەو ڕوبەڕوبونەوەیەدا دەستیان بەسەر چەند پارچە شوێنەوار و دو ئۆتۆمبێل و ئەو چەكانەشدا گرت، كە باندەكە بەنیازبون ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بكەن، هاوكات یەكێك لە تۆمەتباران لە ڕوبەڕوبونەوەكەدا كوژرا و یەكێكی دیكەیان دەستگیركرا و تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵات."