روداوێكی هاتوچۆی سەخت لەسەر رێگای دوكان رویدا
  2024-04-26       328       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، روداوێكی هاتوچۆی سەخت لەسەر رێگای دوكان سلێمانی رویداو بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر خۆی كێشاوە بە 13 ئۆتۆمبێلداو لە ئەنجامی روداوەكەش 15 كەس برینداربون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بارهه‌ڵگرێك پێش خاڵی پشكنینی قه‌زای دوكان خۆی كێشاوه‌ به ‌(13) ئۆتۆمبێلدا، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان قوربانی هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای زیانه‌ مادییه‌كان.

هاوكات بەپێی راگەیەندراوەكە عەقید ئومێد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای دوکان بە هاتوچۆی سلێمانی ڕاگەیاند، هۆکاری ڕوداوەکە ئەوە بوە كە بارهەڵگرەکە ئیستۆپی نەماوەو ژمارەیەک هاوڵاتی برینداربون.

لەلای خۆیشییەوە بەهمەن عەبدوڵا، رائیدی هاتوچۆ لە هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لەڕوداوەکەی شارۆچکەی دوکاندا 15 کەس بریندارن و تا ئێستا لە ڕوداوەکەدا کەس گیانی لەدەست نەداوە.

وتوشیەتی، ڕوداوەکە لە ئەنجامی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بوە کە جۆری فلات بوە کۆنتێنەری لەسەر بوە لە سلێمانییەوە بە ئاڕاستەی دوکان ڕۆشتوە پێش بازگەکە کۆنتڕۆڵ لەدەست ئەدات و خۆی دەکێشێ بە دو ئۆتۆمبێلدا پاشان بە ئاڕاستەی بازگەکە دەڕوات و لەناو بازگەکە خۆی دەکێشێ بە 13 ئۆتۆمبێلی تردا.

بەهمەن عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشداوە كە شۆفێری بارهەڵگرەکە بەڕەگەز عەرەبە و خڵکی بەغدایە، تیمەکانی هاتوچۆ و تەندروستی و هێزە ئەمنیەکان و لەهەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ڕوداوەکەدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×