بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
  2024-04-17       554       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا دەكرێت و سەبارەت بە بەشداری نەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، ئەو پرسیارە دەبێت لە پارتی بكرێت.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان جەختی كردەوە كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت.

لەبارەی بڕیاری پارتی بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەگەری سەركەوتنی هەڵبژاردنەكە، بافڵ تاڵەبانی وتی، دەبێت ئەو پرسیارە لە پارتی بكەن.

وتیشی، یەكێتی زۆر ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و جەختیشی كردەوە كە كورسییەكانی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان "زۆر زیاد دەكەن."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیداری سلێمانی وتی"گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەنديی نیشتمان، ڕێکبکەون. بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندى و بە به‌شداريى هەمو لایەنەکان."

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی، وتی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان "پیاوێكی زۆر چاكە، قسەكانی زۆر جوانن. ئێمەش ئامادەین بۆ هەمو جۆرە دانیشتنێك، كەس داوای دانیشتنی لێ نەكردوین."

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و توركیا، وتی، هیچ شتێكی نوێ نییە.

بڕیارە لەم مانگەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی عێراق بكات، لەبارەی ئەوەی كە ئایا بافڵ تاڵەبانی ئامادەیە پێشوازی لێبكات، سەرۆكی یەكێتی وتی"ئەردۆغان بەخێربێت، ئەوە ئیشی من نییە پێشوازی لێ بكەم چونكە ئەو دەچێتە بەغداو نایەتە لای ئێمە، جەنابی زۆر بەڕێزەو ئیشەڵا سەردانەكەی سەركەوتو دەبێت."

لەبارەی كاركردن بۆ یەكڕیزیی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی"من حەزدەكەم كورد یەكڕیز بێت، كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان، حەقە بە یەك چاو سەیربكرێن."

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش وتی، هەقە پێكەوە كاربكەین و پێكەوە دابنیشین و بتوانین جیاواز لە رابردو كاربكەین، بۆیە داوا لە هەمو لایەنەكان دەكەم بەشداربن لەم هەڵبژاردنەدا، چونكە زۆر گرنگەو ئەم وڵاتە پێویستی بە گۆڕانكارییە، پێویستمان بە پەرلەمانێكە بتوانین یاسای نوێی تێدا دەربكەین و بتوانین ریفۆرمی جددی بكەین، پێویستمان بە حكومەتێكە كە بتوانێت گفتوگۆی جددی بكات لەگەڵ بەغدا تا بتوانین موچەو هەمو ماف و شایستەیەكی گەلی كورد دابین بكەین بەزوترین كات،

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×