ڕکابەری چین و هندستان

عوسمانی حاجی مارف
  2024-05-02     883

ڕێکەوتنی هیندستان و ئیمارات، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی چانسی پێشکەوتنی پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، کە لەچوارچێوەی ستراتیژی فراوانی ئیدارەی جۆ بایدنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەری چین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، جێگیربونی چین بووەتە واقعێکی حاشا هەڵنەگر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمریکاش بەدوای هەلی ڕوبەڕوبونەوەیە لە ڕکابەری بەرامبەر پرۆژەکانی چین. سەرهەڵدانی بەرچاوی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سنووری ئابووریدا ناوەستێت، بەڵکو لەم دواییانەدا درێژبووەتەوە بۆ لایەنی سیاسی، ئەمەش لە ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری پەکین دەرکەوت، نێوەندگیریەک کە چینی بەڕکابەرێکی گەورە لەسەر شانۆی جیهانی لە بەرامبەر ئەمریکادا نیشاندا.

هەرچەندە ئەمریکا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بێباکیەکی ڕونی لە پاراستنی پەیوەندی و نفوزی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانداوە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی گرنگیە جیۆپۆلەتیکی و ئابووریە زەبەلاحەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێ لەگەڵ چین بووە هۆی ئەوەی ئیدارەی بایدن بیر لەو ستراتیژە بکاتەوە، کە پڕۆژەی "ڕێڕەوی ئابووری" وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی لەبەرامبەر، دەستپێشخەری "پشتێن و ڕێگاوبان"ی چینی ببینێت، کە دواجار دەبێتەهۆی دروستکردنی زنجیرەی نوێی دابینکردن بۆ ئەوروپا، کە پشت بە هیندستان دەبەستێت لەبری پشتبەستن بە چین، بۆیە ئیدارەی بایدن دەیانەوێت بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دۆخەکاندا بکەن.

لە ڕۆژی سێشەمەی ١٣ی شوبات، هیندستان و ئیمارات ڕێکەوتنێکی چوارچێوەیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی ئابوری نێوان هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا واژۆکرد، ئەو رێرەوەی پێشتر لە "لوتکەی گروپی G20" لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا راگەیاندرا، کە لە نیودەلهی بەڕێوەچووە.

هەرچەندە ئامانجە ئابووری و سیاسیەکانی ووڵاتانی بەشدار لە کۆریدۆرەکەدا هەن، کە بریتین لە بەرزکردنەوەی پەیوەندیی ناوچەیی و هاوکاری ئابووری، بەڵام سەرکەوتنی کۆریدۆرەکە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دیمەنی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

بە سەرنجدان بەوەی کە بەندەری حەیفای ئیسرائیلی، پێشبینی دەکرێت دەروازەی سەرەکی ئەو کۆریدۆرە بێت، بۆیە لەگەڵ بەندەرەکانی باشوور و ڕۆژئاوای ئەوروپا، پەرەپێدان و تەواوکردنی ڕێڕەوی ئەو پرۆژەیە زیاتر پەیوەست دەبێت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، یان لانیکەم گەیشتن بەڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەشی باکووری کۆریدۆرەکە، کە بەدەستهێنانی ئەمەش ئەستەمە، مەگەر بەڕێکخستنی دۆخی غەززەی دوای جەنگ دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، شەڕی ئیسرائیل لەسەر غەززە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پڕۆژەکان، کەڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، کە وا دەکات جێبەجێکردنیان لە ماوەیەکی نزیکدا ئاسان نەبێت.

تەماحە ئابوورییەکانی هیندستان کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٦ ئەڵمانیا تێپەڕێنێت و ببێتە چوارەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا، پاڵی بە سەرۆکوەزیرانی هیندستانەوە ناوە کە قووڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی وزەو هێزی کارە لە هیندستان.

گەشەی پەیوەندیەکانی چین لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی، هاندەری هیندستان بووە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی نیگەرانی هیندستان سەبارەت بە هەوڵەکانی چین بۆ درێژکردنەوەی کاریگەریەکانی لەڕێگەی ئەو بەندەرانەی کە دەڕواننە "دەریای عەرەبی و گەروی باب المندب" بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی، کە گرنگترین هێڵەکانی بازرگانی هیندستانە لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا.

ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، لە ئێستادا گەورەترین بلۆکی هاوبەشی بازرگانیە بۆ هیندستان، بەهای بازرگانی دوو قۆڵی لە ساڵی دارایی ٢٠٢١-٢٠٢٢ گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی، هەروەها ئیمارات و سعودیە بوونەتە سێیەم و چوارەم هاوبەشی بازرگانی بۆ هیندستان.

لەناو وڵاتانی "ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو"دا بەتایبەتی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، هەڵپەکانی "طموح" هیندستان دەنگی دایەوە، کە بە گرنگیدانێکی زیاترەوە سەیری هیندستانیان دەکرد، وەک بازاڕێکی گرنگی گەشەسەندو بۆ هەناردەکردنی وزە، هەروەها دابینکردنی پڕۆژەی هاوبەش کە لەگەڵ ستراتیژیەتی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و گاز و گواستنەوە بگونجێت، بۆ وەبەرهێنانێکی زیاتر لە کەرتەکانی وزەی نوێبوەوە و تەکنەلۆژیادا.

وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی هیندستان بۆ کێبڕکێ لەگەڵ کاریگەری چینی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمپانیایەکی هیندی بەندەری حەیفای ئیسرائیلی کڕی، بۆئەوەی ببێتە بەدیلێک بۆ گرێبەستێکی هاوشێوەی چینی کە لەلایەن واشنتۆنەوە ڕاگیرا، کە هەوڵدەدات نیودەلهی بکاتە بەدیلێک بۆ پەکین. پێدەچێت واشنتۆن هەوڵی ئەوە بدات هیندستان وەک ڕکابەرێک بۆ چین لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت، کە نیودەلهی پەیوەندیە سەربازی و ئابووری و کارەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی دەپارێزێت.

کۆنترۆڵکردنی بەندەری "ستراتیژی" ئیسرائیلی حەیفا" لەلایەن هندستانەوە بەشێکە لە ستراتیژیەکی نوێی ناوچەیی کە هەوڵئەدات دەوری هەبێت بۆ سنوردارکردنی کاریگەری چین، لەلایەکی تریشەوە تێکەڵبوونی ئیسرائیل بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر دەکات.

لەژێرڕۆشنایی هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ گەمارۆدانی کاریگەریەکانی چین لە هەموو شوێنێک، هیندستان یەکێکە لە ئامڕازەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بە هەوڵدان بۆدیاریکردنی بەدیلێک لەبەرامبەر پەکیندا.

لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ لەبەرڕۆشنایی خێراکردنی ئاسایبونەوە، دەرفەتی بازرگانی نوێ بۆ ئیسرائیل دەکرێتەوە، حەیفاش لە دۆخێکی باشدایە بۆئەوەی گەشە بکات بۆ ناوەندێکی ناوچەیی و ئیستغلالکردنی شوێنی ستراتیژیی خۆی کە ڕکابەری میسر و کەناڵی سوێس دەکات

بۆیە بوونی کۆمپانیاکە لە ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بازرگانی دەریایی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا و هەوڵەکانی نیودەلهی بۆ ئەوەی ناوەندێک لە دەریای ناوەڕاستدا هەبێت، بەندەری حەیفا نزیکەی ٥٠٪ی سەرجەم کاڵای ئیسرائیلی لێوە دەگوێزرێتەوە.

بەندەری حەیفای ئیسرائیل لەڕوانگەی ستراتیژیەوە بە چەند هۆکارێک بە گرنگ دادەنرێت، دیارترینیان لەبەرئەوەی دەکەوێتە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست وەک گۆڕەپانێکی گرنگ بۆ بازرگانی نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. هەروەها بەندەری حەیفا دەستگەیشتنێکی خێرا بۆ شارە گەورەکان و ناوەندە پیشەسازیەکانی ئیسرائیل دابین دەکات، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی کارامەی کاڵا و سەرچاوەکان.

خاوەندارێتی هیندستان لە بەندەری حەیفا ئەگەری ئەوەی هەیە بێتەهۆی ئاڵوگۆڕی زیاتری کاڵا و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی دارایی لەنێوان هیندستان و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا، ئەمەش ئابووری هیندستان بەرزدەکاتەوە.

هیندستان لەگەڵ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی بەندەری حەیفا، دەتوانێت پەیوەندیەکانی بە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا باشتر بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و کاڵا و سەرچاوەکان لە نێوان ئەو ناوچانەدا ئاسانتر هاتوچۆ بکەن.

کۆنترۆڵکردنی بەندەری حەیفا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیندستان سوودێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمەش ئاسایشی دەریایی بەرز دەکاتەوە و ڕێگەی پێدەدات بگاتە ڕێڕەوی کەشتیوانی گرنگ، هاوشێوەی هەوڵەکانی چین.

ئیمارات بزوێنەری سەرەکی ئاسایکردنەوەی وڵاتانی عەرەبیە لە ناوچەکەدا، لەبواری هاوکاری ئابووری و بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا لەگەڵ تەلئەبیب دانوستانی چالاک ئەنجام دەدات و لەهەمانکاتدا پەیوەندیەکی نزیکیشی لەگەڵ پەکین هەیە.

ئەمریکا هەوڵدەدات یەکگرتنی ناوچەیی لەنێوان هاوبەشەکانیدا بەرزبکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی بڕی ئەو سەرچاوانەی کە ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجیان دەکات، لە درێژخایەندا بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیە سەرەکیەکانی خۆی بکاتە قوربانی. بەهێزکردنی یەکگرتنی ناوچەیی یەکێکە لە پایەکانی ستراتیژی نوێی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمە جگە لە پاراستنی هاوبەشی ناوچەیی و ڕاگرتن و کەمکردنەوەی گرژیەکان و هەوڵدان بۆ ئارامبونەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە.

پێشنیاری ئەمریکا بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێڵی ئاسنین، پەیوەستە بە دەستپێشخەری "هاوبەشی بۆ ژێرخانی جیهانی و وەبەرهێنان"، کە واشنتۆن و گروپی حەوت وڵاتی (G7) لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا ڕایانگەیاند، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی "دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا"ی چین، کە کاریگەری نێودەوڵەتی زیاتر بە پەکین دەبەخشێت.

هۆکارێک کەڕێگرە لە پێشکەوتنی پڕۆژەکانی "ڕێڕەوی ئابووری" لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم پڕۆژانە سەرکەوتوو نین لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و گرژیە بنەڕەتیەکانی ناوچەکە، ئەوەش ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێرانە، ئەو ڕاستیەی کە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەوڵەکانی ئەمریکای پووچەڵکردۆتەوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەلایەکی ترەوە ڕکابەری سعودیە و ئێرانە.

بەگشتی دوای چەندین ساڵ لە ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەکەو ململانێی وڵاتانی زلهێزی دنیا و کاریگەریان لەسەر زیاتر وێرانکاری عێراق و سوریاو لیبیا و یەمەن و لوبنان، ئاراستەیەک لە ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕ لە دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هاتۆتە بەرەوە، کە ئەوە دەخاتەبەر ئەجندای نەخشەو سیاسەتی لایەنەکانی دەخیل لە ناوچەکەدا، کە لەدواشیکردنەوەدا پێویستیان بەوەیە بۆ دامەزراندن و جێگیرکردنی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و ڕکابەری نێوانیان، دەبێت دۆخی ناوچەکە سیمایەکی ئارامی و سەقامگیری سیاسی بەخۆیەوە ببینێت، بۆنمونە پەیوەندی و پرۆژەکانی "ڕێڕەوی ئابووری" و دەستپێشخەری "پشتێن و ڕێگا" کە ڕێڕەوێکی پێشڕەوی لە دامەزراندنی سەرمایەگوزاری چین و هندستان نیشان ئەدات، هەرچەندە کێبڕکێ و وەستانەوە لەبەرامبەر یەکتردا لەلایەن هەرلایەنێک لە پرۆژە ئابوریەکانیدا دەبینرێت، کە لەوێنەی ڕکابەری و بەرامبەرکێی ئەمریکا و هندستاو چین و روسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت، بەڵام لە دواجاردا لە دامەزارندنی ڕێڕەوی ئابوری بەستنەوەی هندستان و چین و کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەوروپاوە، پێویستی بە دابینکردنی ئاسایشێکی پتەوە بۆ گواستنەوەو وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا، هەر بەم ئاراستەیەش ئەگەری کۆتاییهێنان بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکاتە پێداویستیەکی حەتمی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×