یاریکردن بە هەڵبژاردن!

عوسمانی حاجی مارف
  2024-05-11     1140

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکات.

ئەم بڕیاری بایکۆتەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت، دۆخی هەرێمی خستۆتە سەر لێواری قەیرانێکی سیاسیەوە، چونکە پارتی وەک هێزێکی بۆرژوا ناسیۆنالستی میلیشیایی، نوێنەرایەتی دیارترین هێزی چەکداری سیاسی هەرێم دەکات، ئەو حزبەیە کە کۆنتڕۆڵی زۆرترین دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کردوە.

پارتی لە هەوڵیدا بۆ دەرچوون لەو سەختیانەی لە چوارچێوەی ئەم هەڵبژاردنەدا چاوەڕوانی دەکات، ئەوە باش دەزانێت گەر بەمەرجەکانی دادگای فیدراڵی بەشداری لەم لە هەڵبژاردنەدا بکات، هەڕەشە دەبێت لەسەر دەسەڵاتەکانی، چونکە وەک یاری قومارێک بۆی دەڕوانێت، کە پێش وەخت دەزانێ خۆی دۆراو دەبێت. بۆیە خۆی و دۆخەکەو لایەنەکانی تری بەم بایکۆتە خستۆتە نێو دوڕێیانێکەوە کە پێشبینی ناکرێت ئەم یاریە بەچ سەرەنجامێك دەگات!

ئەم بڕیارەی بارزانی لە کەشێکی سیاسی پڕ لە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها ململانێی حزبی لەناو خودی هەرێمدایە کە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بەڕێوەیە. ئەم بڕیارەش  کێشەکانیان دەباتە ئاستێک کە ڕێنەکەوتنی نێوانیان دژوارتر دەکات! ئەو دوو حزبە خەریکی شەڕێکی کەمەرشکێنن لەبەرامبەر یەکتردا. بەمانایەک یاریەکە بەجۆرێکی وەها مامەڵە دەکەن کەدەبێت لایەک بدۆڕێت و لایەک براوە بێت. وا پێدەچیت بارزانی لە ئێستادا ئامادەی ئەم جۆرە یارییە نیە، هەربۆیە بەشدارینەکردنی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لەم هەڵبژاردنەدا، دەورانێکی ئاڵۆزتر دەخاتە بەردەم چارەنوسی زۆنی زەردو زۆنی سەوز.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق کەلێنی نێوان پارتی و یەکێتی فراوانترکردوە، بەتایبەتی کە یەکێتی لەمیانەی بەرژەوەندیەکانی هێزەکەی و بە ئاراستەی لاوازکردنی پێگەی پارتی پێشوازی تەواوی لەو بڕیارانە کردوە، لەهەمانکاتدا یەکێتی وەک ئەوەی هەنگوینی لەداردا دۆزیبێتەوە، پەلەدەکات و وەها نیشان ئەدات براوەی یاریەکە دەبێت. ئەمەش لە نائامادەیی پارتیەوە ئەم سنگ دەرپەڕاندنە نمایش دەکات، دواینجار بافڵ لەڕێگەی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیەوە پەیگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات. بەڵام لە دواجاردا مەسرور بارزانی لە رێگەی دانی سکاڵایەک بە دادگای فیدراڵی، توانی تا کاتی دەرچونی بریاری دادگا، هەڵبژاردن هەڵپەسێرێ.

بریارەکانی دادگای فیدراڵی قەیرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان خستە بەردەم وەرچەرخانێکی نوێوە لەبەرامبەر بارزانی و پارتیدا، ئەمەش پارتی ناچارکرد بە هەڵوێستی بەشداری نەکردن، رێگە بەجێبەجێبونی پرۆسەی هەڵبژاردن بگرێت و دۆخەکە دژوارتر بکات، پابەندبونی پارتی بە بڕیاری بایکۆتەوە، ھەرێمی کوردستانی خستە بەردەم چەند سیناریۆیەک، کە لەوە دەچێت، عێراق بەرەو پڕۆسەی کێشەی سیاسی زیاتر لە پەیوەندی بەغداو هەولێردا پێکبهێنێت، دواتر چونەکانی نیچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو تاران هەوڵێکە بۆ راگرتنی ئەو هاوکێشیەو پاراستنی دەسەڵاتەکانی پارتی، تا لە کەین و بەینی ئەو قەیرانەی بەبەشداری لە هەڵبژاردندا دەرگیری دەبێت بەسەلامەتی بێتە دەرەوە.!

هەڵوێستی بێسازشی بارزانی و وەستانەوەی لەبەرامبەر بافڵدا کە هاوبەشن لە حوکمڕانی لە هەرێمدا، دەرگای بەڕوی کۆمەڵێک پرسیاردا کردەوە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە ئایا بەبێ بەشداری پارتی کە لایەنی زاڵە لە حکومەتی هەرێمدا، مانایەک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەمێنێتەوە؟ یان پارتی کە کاریگەریەکی قووڵی هەیە لەسەر ئاستی ئیداری و سەربازی، ئاخۆ ئەم دۆخە ئاڵۆزە ناگەڕێنێتەوە بۆ سیستەمی حوکمڕانی ئەو دوو ئیدارەیەی کە لە دوای شەڕی ناوخۆ لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا زاڵ بوو؟ گەر دووئیدارەیی بێت چۆن ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر شەرعیەتی داهاتووی دامودەزگاکانی هەرێم و پێگەی یاساییان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتیەوە کاردانەوەیە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق، کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەرچوو. دادگای فیدراڵی بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێم بۆ سەد کورسی دەرکرد، بە هەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسی تەرخانکراو بۆ کەمینەکان، جگە لەوەی هەرێمەکە بۆ هەڵبژاردن دابەش دەکات بۆ چوار بازنە، لەبری بازنەیەک، هاوکات ئەو بڕیارانەش گۆڕینی شێوازی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەخۆگرتبوو، ئەم بڕیارانەش ئاشکرایە بە سنوردارکردنی دەوری بارزانی و دەسەڵاتەکەی لە هەرێمدا دەشکێتەوە، بەشداری لەهەڵبژاردنێک کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەرداوە کاریگەری جدی لەسەر پێگەی پارتی و بارزانی دەبێت، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی بایکۆتیان کردۆتە قەڵغانی بەرگری.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دژی بەرژەوەندی بارزانیە، کە کۆنترۆڵی سەرەکی دەسەڵاتە لە هەرێمدا، بە بیانووی ئەوەی کە لەڕووی هەڵبژاردنەوە سوودمەند بووە لە کورسیەکانی کۆتاکان بۆ زیادکردنی قەبارەی بلۆکەکەی، هەروەها لەلایەن نەیارانی سیاسی و ڕکابەرەکانیەوە تۆمەتبارکراوە بە دەستکاریکردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێم، مەبەست لەوپارەیەیە کەلە بەغداوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەرێم، کە دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەران دەگرێتەوە.

ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، خودی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەرەنجامی سیاسەتێکە کە حکومەتی ئێستای عێراق پیادەی دەکات، لە ڕێڕەوی سیاسەتی ناوەندبوونەوەی عێراقدا لەسایەی دەسەڵاتی لایەنە شیعەکان، بەتایبەتی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە ئێستا لەدەسەڵاتدایە، بە پابەندبونی بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەوردەبینێ لە پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی.

هەر ئەم ئاراستەیە لە نەخشەو سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق، کاریگەری تەواوی لەسەر قەوارەی هەرێم و پێگەی بارزانی و پارتی داناوە. ململانێکانی بەغداو و هەولێر لە دۆخ و ئاستێکی تر لە پەیوەندیدایە، کە دوای چەندین ساڵ لە بانگەوازی دەسەڵاتی سەربەخۆی بارزانی، ناچار بە ملکەچی و گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی کراوە.

سەردانی ئەم دواییەی نێچیرەڤان بارزانی بۆ بەغداو چاوپێەکەوتنی لەگەڵ سودانی و وەزیرەکان و کۆمەڵێک سەرکردەی حزبە سیاسیەکان لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، وە زۆرێک لەو لایەنانەی هاوبەشن لە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بۆ ئەوەبوە کە هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، بەڵام لەم بارەیەوە وەڵامێک کە دۆخەکە بۆ پارتی یەکلایی کاتەوە تائێستا بەدەست نەهاتووە، بارزانی پێداگری لەسەر بایکۆت و بافڵ پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا. لەهەمانکاتدا پارتی تەنها هەڕەشەی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا ناکات، لە هەمانکاتدا تێدەپەڕێت بۆ کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بە گشتی.

لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان کاتەکانی بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر دەبات، پێداگری یەکێتی و لایەنەکانی تر لەسەر هەڵبژاردن ناتوانن مانای عەمەلیبونەوەی هەڵبژاردنێك بە بێ پارتی ڕۆشن کەنەوەو دەتوانن چی بکەن؟ لەهەمانکاتدا بارزانیش ئایندەی سیاسەتی ئەم بەشداری نەکردنە تاکەی بەسەر دەبات و چیتر دەکات ڕۆشن نیە، ئەمە تەنها فشارێکە وەک گەمەیەکی سیاسی بۆ پاراستنی هێزەکەی بەکاریدەهێنێ.

لە واقعیەتی سی ودووساڵەی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا،هەمیشە بە بارمتەگرتنی ژیانی خەڵکی کوردستان بەشێکی سەرەکی بووە لە ململانێ و مامەڵەی سیاسی نێوان خۆیان  لەبەرامبەر حکومەتی بەغدادا، ئێستاش لە یاریکردنیان بەم هەڵبژاردنە بەردەوامی بە هەمان پرۆسەی بەبارمتەگرتنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە دەدەن، بەئاشکرا بنبەستی بەئاکام نەگەیشتنی هەڵبژاردن بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکیدا دەشکێننەوە.

لەلایەکی تریشەوە ئەم مامەڵەیە لە پەکخستنی هەڵبژاردنەکان دەچێتە ناو بۆشاییەکی سیاسی و پەرلەمانی مەترسیدارەوە کە دەستی دادگای فیدراڵی لە بەغدا ئازاد دەکات بۆ بەردەوامبوون لەفشارەکانی لەسەر هەرێم، گەر هاوسەنگی هێز لەنێو هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا بە قازانجی حکومەتی عێراق بێت، فشارەکان لەسەر بارزانی زیاتر دەبێت.

ڕێگایەک کە لەبەردەم ئازادیخوازان و جەماوەری ناڕازیدایە ناکرێ وەک تەماشاکەرو دادوەرێک چاوەرێی کۆتایی ئەم یاریەو زیانەکانی بن، بەڵکو بە ڕێکخستن و یەکدەستی و ئامادەیی بۆ دابینکردنی دەسەڵاتی خەڵک و سەپاندنی ئیرادەی خەڵک، هەوڵدانە بە کۆتاییهێنانی یەکجارەکی هەموو دەسەڵاتێکی سەروخەڵکی..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×