بنەماڵەو سیاسەت‌و بزنس

فوئاد زیندانی
  2019-04-23     1284
سەرمایەداری لەسەر بنەمای دزینی ماندووبوونی خەڵک دامەزراوە، هەر ئەوەش بووە بەکلتورو ڕۆشنبیری سیستەمی سەرمایەداری کە لەبنەڕەتدا ناڕاستگۆیە، بێ ڕۆشنبیری و بێ کولتورە، ئەخلاق حوکم ناکات، تەنانەت باشترین پەیمان و سۆزی سەرمایەدار کە دەیداتە بەرامبەرەکەی بریتیە لە(درۆیەکی شاخدار).

لە هەرێمی کوردستان هەموو پارت و بزووتنەوە، جوڵانەوە، ڕێکخراوی سیاسی لە نیو سەدەی دواییدا خۆیان لەبەرگە جیاوازەکانی بیری ڕزگاری نەتەوەیی، ناسیونالیستی، سۆسیال دیموکرات، چینایەتی، کوردستانی، عیڕاقچیەتی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی گەندەڵی، ئیسلامی، ئایینی ....هتد حەشاردابوو بە شێوازی جیاواز خۆیان نمایشدەکرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زوو یا درەنگ ڕووە ڕاستەقینەکەیان بەکردار دەردەکەوت. ڕووە ڕاستەقینەکەی حزبە کلاسیکیەکان بەڕاشکاوانە دەردەکەوێت کە دەخزێتە ناو بابەتی موڵکایەتی بنەماڵەیی واتە کاتێک حزب دەبێتە موڵکی بنەماڵە و ئامزای بازرگانی و بزنسی جۆراوجۆریان تا ئاستی بەشداریکردن لە لوتکەی(داڤووس) لە سویسرە یا لە لوتکەی هاوشیوەی داڤووس. 

لێرەدا ئەگەر بڕوانینە پارت و بزووتنەوە و جوڵانەوەکانی کوردستان زیاتر لە نەوەد لەسەدا زوو یا درەنگ دەبن بە موڵکی بنەماڵە، کاتێک کە بووە موڵکی بنەماڵە جگە لەوەی لە پرەنسیپەکان و بەرنامەکەی خۆی لادەدات و خوێنی هەزاران شەهید و ماندووبوونی زیندانیانی سیاسی و تێکۆشانی ئەندامەکانی بنپێ دەکات، سۆز و پەیمانەکانی کە بە دەنگدەرانی خۆی دابوو لە کاتی هەڵبژاردندا هەمووی لەبیر دەکات، هاوکات بڕیاری سیاسی دەبێتە بڕیاری بنەماڵە و دیموکراسیەت دەبێتە دیکتاتۆریەت و حزب دەبێتە کۆمپانیا، بۆیە ئەوسا خاوەن کۆمپانیا هاوشێوەی دامەزراندنی کۆمپانیا بیر لە دامەزراندی حزب دەکاتەوە، بەتایبەتی کە خاوەن دەزگایەکی ڕاگەیاندن و چەند  کەناڵێکی ئاسمانی و لۆکاڵی بێت!!

ئەوەیە ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەت لەهەرێمی کوردستان کە بووە هۆی داڕمانی سەرخان و ژێرخان، داڕمانی ئەخلاق و سیستەمەکانی خوێندن و تەندروستی و نەمانی ئەتەکێت و بەهای تاکی کۆمەڵگاو زاڵبوونی بێ ئومێدی لە هەر گۆڕانکاریەکی سیاسی. 

لە ووڵاتانی وەک سودان و جەزائیر گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵاتدا کرا، چونکە جگە لە پارتی دەسەڵاتدار جەماوەر و پارت و ڕێکخراوەکانی تری ئەو ووڵاتانە خاوەن ئیڕادە بوون، بەبڕیاری هاوبەش ئومێد و وویستی گۆڕانکاریان هەبوو شۆڕشی گۆانکاری سەرکەوت.

 لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕەپانی سیاسیە لەلایەن چوار بنەماڵەی بزنسی، بازنەی بزنس مانەکان جەماوەریان لەدەرەوەی بازنەکەیان هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری سیاسی ڕوونەدا، بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە پێوویستمان بەبەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی نوێی خاوەن ئیڕادەو ئەخلاق هەیە، دور لەبەرژەوەندی بنەماڵەیی بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×