هێرشەکانی ئیسرائیل لەزەمین‌و ئاسمان‌و دەریاوە بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە
  2023-11-11       245       

هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لەزەمین و ئاسمان و دەریاوە بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو بەردەوامە. به‌پێی‌ ئاماری‌ تەندروستیی غەززەش ژمارەی کوژراوان له‌ 12 هه‌زار كه‌س نزیك ده‌بێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی‌ نێوان ئیسرائیل‌و حه‌ماس پێی‌ نایه‌ مانگی‌ دووه‌مییه‌وه‌و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لەزەمین و ئاسمان و دەریاوە بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین WAFA بڵاویکردەوە کە، شەوی ڕابردو ده‌وروبەری نەخۆشخانەی شیفاو ئیندۆنێزی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززەو هەروەها ناوچەکانی رمال، شێخ ڕەزوان، گەڕەکی نەسر و کەمپی ئاوارەکانی شاتی کراونەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، ئیسرائیل بەڕێگەی تۆپخانەکان و فڕۆکەکانی بۆردومانی نەخۆشخانەکانی و ئۆتۆمبێلە فریاکەوتنەکانیش دەکات و مەبەستی ئەوەیە هیچ بریندارێک نەگاتە نەخۆشخانەکان.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لەکەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لەکەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 156 کەس بەرزبووەتەوە.

تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیەدا چوار هەزارو 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی ئاماری بریندارانیش، تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 27 هەزار و 600 کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکان لە کەرتی غەززە برینداربوون.

هاوکات تەندروستی غەززە ئاشکرایکردووە، 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.

شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی‌ نێوان ئیسرائیل‌و حه‌ماس لەکەرتی غەززە، 36 رۆژە بەردەوامەو بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، ژمارەی کوژراوانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، لە هەزار و 400 کەسەوە بۆ هەزار و 200 کەس کەمکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا ناسنامەی هەندێک لە تەرمەکان دیار نییە.

رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەزاری لیۆر حەیات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئەو ژمارەیە تەرمی بەشێک لە کرێکارانی بیانی و نەتەوەکانی دیکەی بیانی لەخۆدەگرێت.

بەوتەی لیۆر، دەسەڵاتداران ژمارەکەیان نوێ کردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لەو تەرمانەی پێشتر نەناسراون، سەر بەو ئەندامانەن کە بەشدارییان لە هێرشەکەی حەماسدا کردووە و قوربانی ئیسرائیل نین.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنەکەی ئێستا ژمارەی کۆتایی نییە، چونکە هێشتا بەشێک لە تەرمەکان نەناسراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×