ئازەربایجان و ئەرمینیا بە نێوەندگیریی ڕووسیا ئاگربەستیان ڕاگەیاند
  2023-09-20       416       


هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە نێوەندگیریی ڕووسیا لە ناوچەی قەرەباخ ئاگربەستیان ڕاگەیاند و بڕیارە ئاگربەستەكە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە جێبەجێ بكرێت، سبەینێش گفتوگۆی زیاتر بۆ بەردەوامی ئاگربەست و ڕێككەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەكرێت.

ئاوێنه‌: وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەی قەرەباغ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی بانگەوازی دانیشتووانی ئەرمەنی لە قەرەباخ و بە نێوەندگیریی ڕووسیا ڕێككەوتنێك كرا، بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانمان لە ناوچەی قەرەباغ، ئاگربەستەكە لە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت، سبەینێش گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەردەوامی ئاگربەست و ڕێككەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەكرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەی كە كراوە، هێزەكانی ئەرمینیا لە ناوچەی قەرەباغ هەموو چەك و كەرەستەی قورس ڕادەست دەكەن، هەروەها زیاتر لە ٩٠ شوێنی سەربازی ئەرمەنی كۆنتڕۆڵ كراوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزەكانی بەرگریی ڕووسیا لە ناوچەكە لە ئاستی باڵادا لە پەیوەندی چڕدان لەگەڵ لایەنی ئازەربایجان و ئەرمینیا و نوێنەرانی ناوچەی قەرەباخ بۆ ئەوەی شەڕ ڕابگیرێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، دوو هەزار و ٢٦١ هاوڵاتیی مەدەنییان ناوچەكەیان چۆڵ كردووە و ئاوارە بوون، كە هەزار و ٤٩ كەسیان منداڵن، هێزەكانی ڕووسیا لە ناوچەكە پێداویستی خۆراك و خزمەتگوزاریی و چاودێری پزیشكی پێویست بۆ ئەو هاوڵاتییانە دابین دەكەن.

دوێنێ ئازەربایجان هێرشێكی سەربازیی لە ناوچەی قەرەباغ دەستی پێكرد، داوای خۆ ڕادەستكردنی تەواو و بێ مەرجی هێزەكانی ئەرمینیای كرد، كە لەو هێرشەدا ئازەربایجان زیاتر لە ٦٠ شوێنی لە ناوچەی قەرەباغ داگیر كرد، زیاتر لە حەوت هەزار هاوڵاتیی ئەرمەنیش لەو ناوچانە ئاوارە بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×