لە ویلایەتی تەكساس چوار ئەندامی خێزانێكی كورد بەمردویی لە ماڵەكەیاندا دۆزرانەوە
  2023-08-30       1013       

چوار ئەندامی خێزانێكی كورد لە شاری ئاڵێن لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا لە ماڵەكەیاندا بەمردویی دۆزرانەوە. ئەوەش دوای سێ هەفتە لە خنكانی كچێكی ئەو خێزانە لە مەلەوانگەیەكدا.

ئاوێنە: بەپێی قسەی پۆلیسی شاری ئاڵێن، سەرلەبەیانی رۆژی دوشەممە 28ی ئەم مانگە، تەلەفۆنێكیان لە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەوە پێگەیشتوە كە وتویەتی، كاتێك گەڕاوەتەوە ماڵەوە، دوای دو سەعات لە چاوەڕوانی لەبەردەگا، كەس دەرگای لێ نەكردۆتەوەو دواتر پۆلیس چونەتە ماڵەكەو تەرمی چوار ئەندامی ئەو خێزانەیان دۆزیوەتەوە.

بەپێی میدیا ئەمریكییەكان تەرمی ئەو چوار كەسەی دۆزرانەتەوە پێكدێن لە ژن و مێردێك بەناوەكانی فەرمان شێروانی و لەیلا شێروانی لەگەڵ دو منداڵیان بەناوەكانی مەتین-ی تەمەن 2 ساڵان و شاهین-ی 12 ساڵان.

پۆلیس دەستیكردوە بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكەو گومان دەكرێت، پیاوەكە ژن و منداڵەكانی كوشتبێت و پاشان خۆیشی كوشتبێت.

بەپێی قسەی پۆلیس، سێ هەفتە بەرلەوە كچێكی تەمەن چوار ساڵانی خێزانەكە لە مەلەوانگەیەكدا خنكاوەو گومانیش دەكەن ئەوە یەكێك لە هۆكارەكانی روداوەكە بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×