پلانەکەی بەریتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا تێچویەكی زۆری دەبێت
  2023-06-27       659       

بەپێی یەکەمین هەڵسەنگاندنی ئابوری حکومەتی بەڕیتانیا، پلانەکەی ئەو وڵاتە بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا تێچویەكی زۆری دەوێت و هەر پەنابەرێک 169,000 پاوەندی تێدەچێت.

ئاوێنە: حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک دەیەوێت هەزاران کۆچبەری ناو وڵاتەکە ڕەوانەی ڕواندا بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە ساڵی ڕابردو لەگەڵ ڕواندای ناوەڕاستی ئەفریقادا واژۆی کرد.

حکومەتی بەڕیتانیا پێی وایە پلانەکە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە لە فەڕەنساوە بە بەلەمی بچوک دەگەنە بەڕیتانیا. سوناک ئەمەی بە ئەرکێکی سەرەکی خۆی داناوە، ئەوەش لە نێوەندی فشارەکانی هەندێک لە یاسادانەرانی پارتی پارێزگاران و خەڵکەکەدا تاوەکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، لە هەڵسەنگاندنێکی ئابوریدا کە ڕۆژی دوشەممە بڵاوکراەوەتەوە، حکومەتی بەریتانیا ئاشكرایكردوە، بۆ هەر کەسێک کە ڕەوانەی ڕواندا دەکرێت حکومەتی بەڕیتانیا 105,000 پاوەند دەدات بە ڕواندا و 22,000 پاوەند بۆ گەشتەکە و هاوەڵیکردنییان تەرخان دەکات و 18,000 پاوەند بۆ خەرجی ڕێکارە یاساییەکان تەرخان دەکات.

وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان وتویەتی، ئەم خەرجییانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن لەگەڵ کاریگەریی پلانەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەوانی دیکەدا بۆ بەریتانیا و زیادبونی خەرجی نیشتەجێکردنی پەنابەران.

برەیڤەرمان وتویەتی، ئەگەر کارێک نەکرێت ئەوا خەرجی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ساڵێکدا بۆ 11 ملیار پاوەند بەرز دەبێتەوە، لە ئێستادا 3.6 ملیار پاوەندە.

ئەوەشی وتوە"هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکەی لەسەر ئابوری وڵاتەکە بە ئاشکرا دەریدەخات کە نابێت هیچ نەکەین."

پارتی کاری بەڕیتانیا وتویەتی، هەڵسەنگاندنەکە "بەتەواوەتی بێ مانایە" و "شکستی هێناوە" لەوەی بە دیاریکراوی ئاماژە بەوە بدات خەرجی گشتی پلانەکە چەند دەبێت.

پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندی حکومەتی تۆمەتبار کرد بە خەرجکردنی "پارەیەکی زۆر" بۆ ڕەوانەکردنی خەڵکانێکی بێدەسەڵات لە کاتێکدا کە شکستی هێناوە لە یارمەتیدانی خەڵکی بەڕیتانیادا لە نێوەندی زیادبونی نرخەکانی خۆراک و خانوبەرەدا.

ڕۆژی پێنجشەممە دادگای پێداچونەوەی بەڕیتانیا فەرمانی خۆی دەردەکات سەبارەت بەوەی ئایا ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا یاساییە یاخود نا.

یەکەمین گەشتی ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا دەبوایە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردودا بوایە، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا گەشتەکەی قەدەغەکرد.

لە مانگی دوانزەدا دادگای باڵای بەڕیتانیا لە لەندەن بڕیاریدا پلانەکە یاساییە، بەڵام بڕیارەکەی لەلایەن پەنابەرانی سوری و سودانی و عێراقی و ڤیێتنامی و هەندێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ڕوبەڕوی ئاستەنگ بوەوە.

ساڵی ڕابردو 45,000 کەس لە ڕێی کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچوک لە فەڕەنساوە گەیشتنە بەڕیتانیا، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە. لەم ساڵدا تەنها 11,000 کەس گەیشتونەتە بەڕیتانیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×