هه‌ردو حكومه‌تی تاران‌و ئه‌نكه‌ره بۆ روبەڕوبونەوەی گروپی ڤاگنەر، پشتوانی خۆیان بۆ ڤلادیمیر پوتنن سه‌رۆكی روسیا دوپاتده‌كه‌نه‌وه.
ئاوێنه: دوای ئەو یاخیبوونه چەکدارییەی که لەلایەن گرووپی ڤاگنەر لەدژی سوپای روسیا دەستیپێکردووە، هه‌ردو حكومه‌تی تاران‌و ئه‌نكه‌ره پشتوانی خۆیان بۆ ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا دوپاتده‌كه‌نه‌وه.
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملن) لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەسەر دەستپێشخەری لایەنی تورکیا، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی کۆماری تورکیا ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەردۆگان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پوتن دەربڕیوە بۆ ئەو هەنگاوانەی سەرکردایەتی ڕوسیا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم هەوڵە گرتویانەبەر.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه میدیای فەرمی ئێران لەزاری ناسڕ کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "ئێران پشتیوانی لەسەروەری یاسا لەروسیا دەکات و پێشهاتەکانی ئەم دواییە بەبابەتی ناوخۆیی روسیا دەزانێت".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەئاماژەدان بەپشتیوانیکردنی سەروەری یاسا راستەوخۆ مەبەستی لەمانەوەو پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی مۆسکۆیە دژ بەگروپی ڤاگنەر.
درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.
لەبەرامبەردا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە ناو شەڕی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری رووسیاش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەرکرد و داوا لە چەکدارەکانی گرووپەکە دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن.
دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنی یاخیبونیان له‌مۆسكۆ، هێزه‌كانی ڤاگنه‌ر هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانی (لیپیێتسك، ڕۆستۆڤ، فۆرۆنیگ)ی ڕوسیایان كۆنتڕۆڵكردوه‌و له‌ئێستادا به‌دوری 300 كیلۆمه‌تر له‌مۆسكۆی پایته‌خته‌وه دورن.