وەزیرانی دەرەوەی روسیا، ئێران، تورکیاو سوریا لەمۆسکۆ كۆده‌بنه‌وه‌
  2023-05-06       433       


مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆبونەوەی چوار قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، روسیا، ئێران و رژێمی سوریا لەبارەی دۆسیەی سوریاوە لە ١٠ی ئه‌م مانگه‌ لەمۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

ئاوێنه‌: چاوشئۆغڵو لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵی TRT رایگەیاندووه‌، روسیا جەختی لەوادەی یەکەم کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی نێوان ئەو چوار وڵاتە لە وڵاتەکەی کردووەتەوە کە لە ١٠ی ئایار لە مۆسکۆ ئەنجامدەدرێت.

لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جیهانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی سووریا، چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان گرنگە.

راشیگەیاند، "زۆربەی وڵاتان نایانەوێت چەکی سپی بۆ گەڕانەوەی بەشار ئەسەد بدەنە کۆمکاری عەرەبی، وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت".

چاوشئۆغڵو ده‌ڵێت، "وڵاتان دەیانەوێت رژێمی سووریا لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە هەنگاو بنێت، ئەمەش رێگەی یەکخستنی سووریایە، بەپێچەوانەوە رێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان بەهێزتر دەبن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی داهاتووی سووریاوە وتی، "رەنگە دیمەنەکە (لە سووریا) لە داهاتوودا زۆر ئاڵۆز و ئەستەم بێت، ئەگەری هەیە لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە ١٠ی ئایار کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەین".

چاوشئۆغڵو لەبارەی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەوە رونیكرده‌وه‌، "ناتوانین پێش رووداوەکانەوە بکەوین لەبارەی ئەوەی کە لەو کۆبوونەوەیە لەسەر چی رێک دەکەوین".

راشیگه‌یاند، "پێویستە ئیدارەی سووریا بە روونی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا تا ئێستا باوەڕی بە چارەسەری سیاسیی هەیە یان پرسەکان بە سیاسیی چارەسەر بکات؟ چارەسەری دیکە لەو نێوانەدا نییە".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "ئەگەر ئیدارەی (سووریا) هەڵوێستی پشتیوانی بۆ چارەسەری سیاسیی نیشاندا ئەوە ئەگەری چارەسەر زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوەی رەتکردەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی شەڕی هەموو لایەکیدا، ئەوا بەهەر نرخێک بێت، چارەسەرەی پرسی وڵاتەکە دەیان ساڵ دەخایەنێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×