دادگای ئەهواز لە ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ شەش كەس دەركرد
  2023-03-06       386       

دادگای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەهواز، ئەمڕۆ دوشەممە، سزای لەسێدارەدانی بۆ شەش ئەندامی گروپی "بزوتنەوەی خەبات" دەركرد، كە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەو ئامانجی خۆی بە بەرگریكردن لە پێكهاتەی عەرەبی ئێران ناساندوە.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی میزان، سەربە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو شەش كەسەی كە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەهوازەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوە، لە ساڵانی 2018 و 2019 دەستیان هەبوە لە كوشتی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە پارێزگای خوزستان.

بڕیارەكەی دادگا، بڕیاری سەرەتاییەو دەكرێت لە دادگای باڵا، تانەی لێبدرێت.

ئاژانسی هەواڵی میزان، ئەو هێرش چەكدارییەی لە ساڵی 2018 كرایە سەر كاروانێكی هێزە چەكدارەكانی ئێران، داوەتە پاڵ ئەم شەش كەسە.

بزوتنەوەی خەبات، ئامانجی خۆی بە بەرگریكردن لە مافەكانی پێكهاتەی عەرەب لە ئێران ناساندوە، بەڵام ئێران بە "گروپێكی تیرۆریستی" ناوی دەبات.

ئەوەش لەكاتێكدا كە حەبیبوڵا فەرەجوڵا چەعب، سەرۆكی پێشوی "بزوتنەوەی خەبات" كە لە كاتی گەشتێكدا بۆ توركیا، گەڕێندرایەوە ئێران و دەستگیركرا، لە ئێستادا لە دادگای شۆڕشی تاران دادگایی دەكرێت.

حكومەتی ئێران حەبیبوڵای تۆمەتبار كردوە بەوەی كە لە چەندین كردەوەی تەقینەوەو هەروەها لە هێرشەكەی ساڵی 2018ی ئەهوازدا دەستی هەبوە، بەڵام گروپەكە رەتیدەكاتەوە كە هیچ چالاكییەكی چەكدارەیان ئەنجام دابێت.

لە هێرشەكەی ئەهوازدا لەساڵی 2018، 24 كەس كوژران كە 18یان سەربازی سوپای پاسداران بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×