بەندەر فەیلی وەك ئەدەبێکی باڵا
  2022-12-29       1313       

نەهرۆ ئیبراهیم

 

رەنگە هەرکەسێ دەست بداتە خوێندنەوەی رۆمانی بەندەر فەیلی ، بگەرێ بەدوای هەوڵ و تاقیکردنەوەیەکی جیاوازی نوسیندا . تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە رووی ئەدەبی و شێوازی نوسین و فۆرمدا .هەر کەسەو پێشبینییەکی هەیەو چاوەروانی یەکی هەیە. هەندێك لە نوسەر و هەندێك لەدەقی نوسینەکە . هەندێك پاڵپشت بە ناونیشانی رۆمانەکە و هەندێكیش پاڵپشت بەناسینی هێڵی گشتی جۆری نوسینی پێشتری نوسەر واتا ، ئەزمونی پێشووی نوسەر لە نوسیندا . جێی خۆیەتی ، لەسەرەتای نوسینەکەوە دان بەوەدا بنێین کە ئەم رۆمانە سحرێکی نوێی لە خۆدا هەڵگرتوە وبە تەلیسمی گەورەتر و قورستر لەوانی دی رازاوەتەوە . بەندەر ئەو کاتەی وەك جەستەیەکی مادی سێری بکەین دەبێت بە مێژوویەك ، لەسەردەمانێك روویداوە و لە تاوانێك زیاتر تێپەرنابێت ،کە رژێمێك لە سەروەختێك هەڵساوەپێی ،بەڵام کاتێ بە شێوەیەکی مەجازی سەیری بکەین ، کۆمەڵێ هێما دەبینین وزیاتر لێی تێدەگەین . خۆ ئەگەر لە بۆتەی تاکێكدا بچوکی بکەینەوە ، هەر ئەوەندە دەنگی دەگات ،تا گوێی دەورووبەری خۆی هەراسان بکات ،یان دەبێت بە کلپەیەك ولە سنوری تەسکی یەك کەسیدا وون دەبێت یان لە سنوری خودی تاکی . بەڵام کاتێ وەك ناسنامەی کۆمەڵگایەك یان گروپێك خەمڵاندنمان بۆی کرد ، چەمکی مرۆڤایەتی وپەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوەو رەونەقی ئازارێکی قولی کۆمەڵگایەك لە خۆ دەگرێ .  ئای چەند زۆرن ئەو تاوانانەی هەر دەانەیەکیان دەبن بە دەیان رۆمان . بە گوزارشتم لە پێشدا کە ئاماژەم بۆ پێشبینی خوێنەر کردوە لەم رۆمانە ، من بە باشی دەزانم هەر لە دەستپێکەوە ، بێ ئەوەی باسێکی کورتی رۆمانە کە بکەم خۆم وەسوی رێبازێکی رەخنەیی  دوای هاوچەرخ بخشێنم و بیکەمە رێرۆشنکەرەوەی سەرەتای باسکردن و چونە ناوەوەی ئەم دونیایە .بەو هیوایەی لە نوسینەکانی داهاتودا لە ژێر رۆشنایی چەند رێبازێکی تری رەخنەیی خوێندنەوەو راڤەکانمان بەردەوامی هەبێت .پرۆسەی مانابەخشین و پێشبینی من و دەیان خوێنەری تر بۆ ئەم رۆمانە بە مەبەستی زیاتر تێگەیشتن و دیاریکردنی بەهای ئەدەبی دەقەکە ولایەنە جوانی و پرشینگدرەکانی و لەهەمان کاتیشدا لایەنی کەمووکوریشی . دەبێ سکێج و هێڵکاری پتەوی هەبێ ، نەك سەوڵ لێدان بێ بە بێ هیچ ئاراستەیەکی دیاری کراوو . بە پێی ئەزموونی هەر یەك لە هانز یاوس و ڤۆڵڤگانگ ئیزەر  کە دوو هزرەوانی ئەڵمانین  و لە بواری رەخنەی ئەدەبی  و شیکاری دەقدا ناوو نیشانیان هەیە . پەیوەندیەکی تووند هەیە لە نێوان خوێنەر و دەقێکی ئەدەبی  . هەر لەو روانگەیەشەوە ، رێبازێکیان پەرەپێدا ،بەسوود وەرگرتن لە چەند رێبازو نەهجێکی تر وەك قوتابخانەی شێوازی ودیاردەگەرایی . تیوری وەرگر تیورێکە ، چۆن رێژەیەك لە داهێنان دەداتە نوسەری دەق ، ئاوهاش  برێك داهێنان دەداتە خوێنەر یان وەرگر . بەواتایەکی تر ئەم تیوری یە ، مافی بەشداریکردنی داهێنان وباڵابونی کارێكی ئەدەبی یان هونەری دەبەخشێتە خوێنەر وەك ئەوەی خوێنەر بەشێك بێت لە پرۆسەی کامڵ بوون و پێگەیاندنی کارە ئەدەبێکە و بەشێكی نەپساوەبێت لە نوسینەکە بۆ خۆی بە لێکدانەوە جۆراوجۆرەکان وبە تێگەیشتنە جیاوازەکانیان . ئەم تیورە رەخنەیی یە ی ئەدەب کە لە سەرەتای حەفتاکان لە زانکۆی کۆنستانسی ئەلمانی پەرەی پێدرا هەوڵێك بوو بەرامبەر بونیاتگەرایی و بە رێبازێک ئەژمارکراوە کە ئەلتەرناتیڤی هەندێ نەهجی پێش بونیاتگەرایی یان بۆ بەرامبەری هاتۆتە کیەوەو کاری نێوەند گەری گرتۆتە ئەستۆ لە نێوان بونیاتگەری و رێبازە نوێکانیی پێش ئەو وەك دەروونی وکۆمەڵایەتی و مێژووی .چونکە خوێندنەوەی کاری ئەدەبی وهونەری بەگشتی لە دووروانگەوە ئەنجام ئەدرا  ، ریزبەندی و چوارچێوەیی  واتا لە سیاقی کام ئەدەبیدا یان لە رێی ریزبەند و نەسەقی چ جۆرە ئەدەبی یەکدا ، هەر کارێکی ئەدەبی نامەیەکە لە نوسەرەوە بۆ وەرگر کەواتە ، وەرگر دەبێ دەورو رەنگ و خوێندنەوەی خۆی هەبێ و هەر خوێندەوەیەكیش لە خوێندنەوەیەکی تر جیاواز ،  . ئەم رێبازە چوار چەمکی سەرەکی هەیە ،بۆئەوەی لە رێگایانەوە لە کارێکی ئەدەبی بگەین و لە ژێر چەتری ئەو تێگەیشتنانەدا ووردکاری بکەین ، یەکەمیان  تێگەیشتن لە ، ئاسۆی پێشبینییەکان ،مەودای جوانی ، پرکردنەوەی بۆشاییەکان ، خوێنەری ناوخنی یان خوێنەری شاراوە . ئەم چوار تێگەیشتنە و هەندێ تێگەیشتنی تر ، دەبنە پایەی جۆرێك لە رێبازی رەخنەیی ، کە دەتوانین لە رێیانەوە راڤە یان خوێندنەوە بۆ دەقێکی ئەدەبی بکەین ، بەڵام مەرج نی یە ، رەخنەگر یان ئەوەی خوێندنەوە بۆ دەقێك دەکات سەرجەم ، کۆنتێستەکان بەکار بهێنێ ، ئەو ئازادە کامیان هەڵدەبژێرێ یان سەرجەمیان تێکرا . ئاسۆی پێشبینی ،  ئەم  کۆنتسێبتە بەواتای ئەوە دێت ، کە خوێنەر پێش ئەوەی کارێکی ئەدەبێ بخوێنێتەوە ، لە خەیاڵی خۆیدا ئاسۆیەکی بۆ پێشبینی هەبووە ، کەواتە ئاسۆی پێشبینی ، بریتی یە لە کۆمەڵێ پێشبینی و بیرۆکە و زانیاری ئەدەبی و رۆشەنبیری پێش ئەوەی کارێکی ئەدەبی بخوێنێتەوە .بەواتایەکی تر، خوێنەر کاتێ دەس ئەداتە خوێندنەوەی کارێکی ئەدەبی ئاسۆیەکی پێشبینی لەگەڵ خۆی دەبات و لە ئەنجامی خوێندنەوەشدا بەرامبەر ئاسۆیەکی تر دەبێتەوە ، ئەویش ئاسۆی دەقەکەیە کە نوسەر لە کاتی نوسیندا دایناوە . بەرکەوتنی ئەم دوو ئاسۆیە شێوەیەك لە ئیبداع و داهێنان لە گەڵ خۆی دەهێنێ و دەمان بات بۆ چەمکی دووهەم ئەویش مەودای جوانی کارەکەیە . بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو چەمکە ، دەبێ  جارێ لە قۆناغی یەکەم هەڵوەستە بکەین چونکە لە کاتی بەرکەوتنی ئەو دوو ئاسۆیە  ئاسۆی پێشبینیەکانی خۆێنەر و ئاسۆی دەقەکە ، دوو گریمانەمان هەیە ، یەکەم ئەوەیە کە ئاسۆی پێشبینیەکان و ئاسۆی کارە ئەدەبی یەکە وەك یەك دەرئەچن ، لەو کاتەدا نوسەر هیچ شتێکی نوێی لە نوسینەکەدا نەهێناوە بە واتایەکی تر ئەو کارە ئەدەبی یە ، کارێکی ئاسایی و باوە.  بەڵام کاتێ ئاسۆی کارەکە لە گەڵ ئاسۆیی پێشبینیەکانت یەک ناگرێتەوە ، لێخشان و بەریەکتە روودەدات ، مەودایەك درووست دەبێت ئەو مەودایە، مەودای جوانی  ئەدەبێکی باڵا پیشان ئەدات ، ئەدەبێکی جوان و نەمر . ئەگەر تێکەڵی بکەم لەگەڵ بەندەر فەیلیدا ، ئاسۆی پێشبینی خوێنەری هەمیشە تێپەراندوە ، نەك لەبەر ئەوەی وێنەیەکی نامۆ پێشکەش دەکات یان زمانێکی نامۆ دێنێتە زمان، بەڵکو لەبەر ئەوەی وێنەیەکی ئاسایی بە جۆرێکی سحری پێشکەش دەکات ،گێرانەوەیەکی ئاسایی بە ووشەگەلێکی جاویدانە دەگۆرێتەوە . تەنانەت ئەو ووێنەیە دەتوانی لە ناوی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکانی بیبینی تەوە . ناوگەلێك بە بیستنی هەر کامێکیان ،ئاسۆیەکی پێشبینی ترت لا دروست دەبێت و هێندە دەزانی کارەکە بەتەنها یەو لەلای تۆ بۆتە کۆمەڵێکی بێ پسانەوە لە ئاسۆی پێشبینی کە هەردەم لەگەڵ دوو ئاسۆی تردا بەرامبەریان دەبێت ئاسۆی کارەکە بەگشتی و ئاسۆی هەر رووداوێك یان هەر کرداور و گوزارشتێکی کرداری بەلایەك . بۆ نمونە بەندەر وەك جەستە لە زیندانە ، وەك ناوو لە زیندانە وەك روحیش لە زیندانە تۆ چاوەروانی ئەوە دەکەی هەوڵ بدات بۆ ئازادی  ، پرۆسەیەکی گەورە لە مێشکی منی خوێنەر دروست دەبێت ، دەیان پلانی ئازاد بوون ، دەیان رێگای تێكەڵ بە پەرچوو کە مرۆڤ تێیدا بێ توانا چاوەروانی دەستێکی غەیبی دەکات سەقەتی و نارێکی کاری مرۆڤەکان چاکبکاتەوە . ووردترین بیرۆکە بۆ پرسیارێکی گەورە چۆن لەوێ رزگاری بکەم ،کەچی کە بەندەر ئەدوێ ، گۆمانت لادورست دەبێت کام لەم دوولایەنە ئازادن یان زیاتر ئازادن و کام لەم دوو لایەنە زیندانین یان زیاتر زیندانین . ئەوانەی لە کونجی ژورێکی تاریکدان یان ئەوانەی لە دەرئەنجامی لۆکەیشنی پەیوەندیەك ناتوانن لە دیواری ئەو پەیوەندی یە دەرچنە دەرەوە. ئەم تەنها  دێوارەکان بەربەستیان گرتوە تا ئازاد بێت . ئەوەی بەرامبەری  چەندین دیوار ، دیواری ترس ، دیواری ئینتما ، دیواری ئینسانیەت ، دیواری کارە قێزەوەندەکانی، دیواری بژێوی ماڵ ومناڵی ،دیواری دادپەروەری ناخی خۆی . ئەم دوو دنیایە دوو ووێنەی جیاواز نیشان ئەدەن ، یەکێکیان هەرچەند زیندانە بەڵام ئازادە لە بنەرەتدا و ئەوانی ترهەرچەند  ئازادن بە کڵێشە ، زیندان لە بنەرەتدا . لەوەوە ئاسۆی پێشبینی روداوەکان دەگۆرێن بۆ ئەوەی بگەرێی بەدوای ئەگەری ئازادی بۆ ئەوانەی تر . لەوەبەدوا ئەرکت دەبێ بە کۆمەڵناسێك یان بە دەرونناسێك . ئاسۆیەکی تری  خوێندەوە لە گەڵ گەورە بوونی بەندەر دروست دەبێ ئاخۆ کەی گەورە دەبێت و دەبێت بەچی ،،­­­­لێرە ئاسۆیەکی تری کارەکە دێتە پێشمان بەرامبەر تەواوی ئەو گریمانانەی لە مێشکماندا بوونی هەیە بۆ گەورەبوونی بەندەر، دوارۆژی بەندەر و چارەنوسی بەندەر . دەکەوین بەسەر وویستی بەرێوەبەری زیندان بۆ گۆرینی بەندەر بە جەلادێك ،وویستێکە لەگەڵ نائیب تائی گەورە بووە لەو کاتەوە کە ترسی کوشتن و دورکەوتنەوە لە گروپێك دەیهەژێنێ ، ویستێك پێش ئەوە هێناوێتە زمان " مرۆڤ مەخلوقێکی بکوژە وهیچ شتێك تینوێتی ئێمە بۆ کوشتن راناگرێت . هەر یەك لە ئێمە جگە لە هەندێك کەسی نزیکی خۆمان ، لامان گرنگ نییە کێ دەمرێت و کێ دەژی، ژیانی ئادەمیزادەکانی دی لە دیدی مرۆڤدا شتێکی لابەلایی و بێ بایەخە " ئەم ئاسۆیەی نوسەر رێك هەندێ تیوری دەرونناسی فرۆید دەهێنێتە زمان کە هەوڵی دۆزینەوەی غەریزەی ژیان و مردن لە ناخی مرۆڤدا دیاری دەکات . دەبێ بەختیار بەدووی میتۆدێکی تری دەروون زانی بگەرێ و بنەما وهێلکاری گۆرینی هەڵسوکەوتی مرۆڤ نیشانبدات لەرێگای وویستی بەجەلاد کردنی ، خودی بەندەر خۆی . بەندەر کە مناڵێكە وادانێ لێرە جەستە نی یە تەنها کۆمەڵێ هەستە، کۆمەڵێ دەرئەنجامە ، کۆمەڵێ داتایە . پرۆسەی گۆرانکاری لە پاکی یەکی تەواو ، بۆ ناپاکی یەکی تەواو  ، لە فریشتەیەکەوە بۆ جەلادێك دەبێ  پرۆسەیەکی حەتمی بێت چونکە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایانە بکەیت ئەو دەرئەنجامەت دەدەنێ کە تۆ ئەتەوێ . بەڵام  ئاسۆیەکی تری رووداوەکان دیسان بەرلێککەوتن درووست دەکات لە گەڵ ئەم ئاسۆی پێشبینییە کە بەهیچ جۆرێ یەکناگرنەوە . بەندەر نەك نابێتە جەلاد بەڵکو لە شێوەیەك لە قوربانی بوون ،خۆی درێژدەکاتەوە بۆ شێوەیەکی تری قوربانی بوون . ئازادی نوسەر لە دروست کردنی ئاسۆی هەر روداوێك لە ناو دەقەکەی خۆی ،چەند بەند بێت بە خەیاڵی خۆی ریشاڵێکیش هەیە پابەندی دەکات بەخۆیەوە ، ئەویش خوێنەرێکی شاراوەیە لە مێشک وهزری نوسەر خۆی ،، ئەو کە بیرۆکەیەك لە مێشکیدا دەزرینگێتەوە ،دەینوسێ کاتێکیش دەینوسێ ، لەپر خوێنەرە شاراوەکە دێت و راوبۆونی خۆی دەردەبرێ . هەر لە هەمان کاتی نوسینەوەکەدا ، کەسێکی شاراوە ، خوێنەرێکی شاراوە ، راڤەی خۆی دەست پێ ئەکات ، شیتاڵی هەستی و نەستی خۆی دادەرێژێتەوە . لێرەوە دەتوانین بڵێین  ، من وەك خوێنەر دەبمە دووهەم کەسی خوێنەر . من وەك کۆی خوێنەران کە دەقێك دەخوێنینەوە مەبەستمە . کەواتە ئەو دەقەی لەبەردەستمە ، خوێنەرێك پێش من گەراوە بەدوای بینیەوەی ماناو رێگە چارەی لۆژییکی بۆ روداواکانی یان هەڵوێست و گوزارشتەکانی . ئەم کۆنتسێبتە گەر لێرە تەوزیفی کەم دەتوانم لە ناوی رۆمانەکەوە دەست پێبکەم کە بۆخۆی ، دەلالەتێکی سیمالاتسیۆنی هەیە و فرە خوێندنەوە هەڵدەگرێ . یەکێ لەوانە  کەسایەتی ئەو مناڵە دەبێتە بەندەری رەوانەی روحەکان بۆ دنیایەکی نادیار ، وێستگەی سەدان و هەزاران هەستی ئالۆزی مرۆڤەکان ، لەنگەرگەری هەزاران وویستی  ناوەکی ئینسانەکان . لەگەڵ ئەوەش پنتێکی ناوەندی بۆ دوودنیا جیاواز لەیەکدی سەربەست و ژێردەست ، ئازاد وزیندان ، خراپ و چاك ، مرۆڤدۆست و درندە ،،،،هتد  ئەم هارمۆنی یەتە من لە ناوەکەیدا یان لەو رووداوانەدا کە لەخۆی دەگرێ ، بەشێوەیەك دەیبینم بەهیچ شێوەیەك لایەنگیری ناکات ، واتا ئەم نوسینە گەرانێکی هەمیشەیی یە بۆ رێگایەکی سێهەم بەدەر لە دوولایەن ، بەدەر لەوەی رەش بێت یان سپی بێت . زادەی ئەم هارمۆنێتە ، ووڵامی وورد بەکەس ناداتەوە ،، بەکەس ناڵێ ئاخۆ بەندەر زیندانە یان ئازادە ، ئەو ووڵامێکی تر دەداتەوە ، بەکەس ناڵێ ئاخۆ بەندەر چەند قوربانی یە یان چەند قوربانی نییە ، ئەو هێلکاری یەکی تر دەداتە دەستەوە ،، ئەو تەنانەت سەید هاشم کە بەرێوەبەری بەشی لە سێدارەدانیشە ، وەك تاوانبار ئەژمارد ناکات . ئەوەی من لەم دەقەدا وەك خوێنەر هەستی پێدەکەم کە رەنگە لای من خالێکی پۆزەتیڤ نەبێت ئەوەیە ، کە نوسەر زۆر کەم بۆشایی هێشتۆتەوە تا خوێنەر خۆی پریکاتەوە . هەندێك دەڵێن ئەو کارە بەرەو کامڵ بوون دەروات کەواتە لایەنێکی نەگەتیڤ نی یە لە نوسین دا . من دەڵێم کار نابێت کامڵ بێت ، یان نزیك لە کامڵ بوونیش بێتەوە ، بوونی بۆشایی نەك هەر تەندورستە ، بەڵکو پێویستی یەکی هەر کارێکی ئەدەبیشە ، ئەمە ئەگەر لە بواری شیعر زیاتر هەستی پێ ئەکرێ ، بەڵام راستیشە بۆ هەموو بابەتە ئەدەبێکان . کاتێ بەختیار وورد کاری لەدایك بون و گەورە بوونی بەندەر دەهێنێتە زمان ، بەجارسی یەکی بێ سنورەوە ، بە هەوڵێکی پروکێنەری ووستان لەسەر خاڵ بەخاڵی لۆژیكدۆزینەوەی روداوگەلێك ،منی خوێنەر توشی بێزاربوون دەکەی . چونکە هەمیشە بەرلێکەوتنێك دەبینم لەگەڵ مێشکی خۆمدا بۆ بوونی  حاڵەتێکی ئاسایی لە شوێنێکی نائاسایی ،، هەمیشە هێلکاری کۆمەڵایەتی یان رۆشەنبیری یان زانستی دەبینم لەگەڵ لۆژیکی حەبکەی دەقەکە ، پەرتەوازە دەبێت و هارمۆنییەت دروست ناکات .  

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×