بانکی ناوەندی زیاتر لە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە
  2024-05-10       282       

 بەگوێرەی راپۆرتە داراییەکانی بانکی ناوەندی عێراق لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار و 660 ملیۆن دۆلاری بە شێوەی کاش و حەواڵە فرۆشتووە و لەو رێژەیەش 93.5٪ بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە و بە تێکڕاش ئاستی فرۆشی هەفتانە 200 ملیۆن دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

 ئەمڕۆ هەینی، بە گوێرەی راپۆرتەداراییەکانی تایبەت بە فرۆش و خستنەڕووی دراوی بیانی بانکی ناوەندی لە ماوەی رۆژی 2ـی ئایار تا 9ـی ئایاری ئەمساڵ بە تێکڕا بڕی یەک ملیار و 664 ملیۆن و 468 هەزار و 624 دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە.

 لەو رێژەیەش بە تێکڕا 97 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار بە شێوەی کاش بە گەشتیاران و مامەڵەداراییەکان ناوخۆ فرۆشراوەتەوە کە بەرامبەرە بە 6.5٪ تێکڕای فرۆشی هەفتانەی بانکەکە و بە شێوەی حەواڵەی دەرەکیش یەک ملیار و 567 ملیۆن و 356 هەزار و 624 دۆلار فرۆشراوە.

 هاوکات، فرۆشی بانکی ناوەندی لە رۆژی 5ـی ئایار بۆ 9ـی ئایار بە تێکڕا لەلایەن بازرگانان و گەشتیارانەوە بە پشتبەستن بە حەوت بانکی رێگەپێدراو داواکاری بۆ کڕینەوەی نزیکی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش کراوە.

 بانکی ناوەندیی عێراق بۆ یەکەم جارە لە مێژووی خستنەڕووی دۆلاردا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بخاتەڕوو، لەماوەی مانگی نیساندا و سەرەتای مانگی ئایاردا کە دەبێتە سەرەتای پڕفرۆشی مانگانەی دۆلاری ئەمریکی زیاتر لە شەش ملیار و 505 ملیۆن دۆلار و بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی فرۆشراوە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا.

 تێکڕای فرۆشی هەفتانەی بانکی ناوەندی لەماوەی 40 رۆژی رابردوودا یەک ملیار و 301 ملیۆن دۆلاربووە کە ئەوەش بە بەرزترین ئاستی فرۆشی هەفتانە دادەندرێت لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×