شارەزایەك: به‌شێك له‌ ماده‌ و بڕگه‌كانی گرێبه‌ستی‌ بانكه‌كانی‌ هه‌ژماری‌ من جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ن
  2024-05-09       256       

گوڵاڵه‌ سدیق، شاره‌زای‌ دارایی و ئابوری‌، دەڵێت، له‌ گرێبه‌ستی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بانكه‌كانی‌ هه‌ژماری‌ من شتی‌ سه‌یر هه‌یه‌ و به‌شێك له‌ ماده‌ و بڕگه‌كانی گرێبەستەكان جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ن لەكاتێكدا باس لەو گرێبەستە بۆ وەرگرەوەی كارتە بانكییەكە ناكرێت.

ئاوێنە: گوڵاڵە سدیق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نوسینێكدا لەژێر ناونیشانی "گرێبەستی ئەلیکترونی لە هەژماری من"، نوسیویەتی"بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكیەكەی (هەژماری من)، لە بانكەکە گرێبەستێکی ئەلیکترونی بۆ موچەخۆرەکە واژۆ دەکەن کە بەشێك لە مادە و بڕگەكانی جێگای هەڵوەستەن، لەوانە: بە واژۆكردنی ئەم گرێبەستە پابەندم لەهیچ بانكێكی تر هەژماری بانکی نەكەمەوە."

یەكێكی دیكە لە بڕگەكان بەقسەی گوڵاڵە سدیق ئەمەیە: "بانكم كردە وەكیلی خۆم (بەبێ گەڕانەوە بۆ من) هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت ئەو قەرزانەی حكومەت داوای لێدەكات دەفعیان بكات و لە موچەكەم بیهێنێتە خوارەوە."

هەروەها وتوشیەتی بەپێی گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكە "بانك هەركاتێك بیەوێت (بەڕەهایی، هەر لەڕاستیدا وشەی ڕەهاییان بەكارهێناوە) دەتوانێت عمولەی موچەكەم بگۆڕێت بۆ هەرچەندێك كە بانك دایدەنێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆ من نەكات."

ئەو شارەزایە وتوشیەتی، كۆمەڵێك شتی سەیرتر لە مەرجەكان ئەمانەن:

1- تەلەفۆنت بۆ دەكرێت دەڵێن وەرە كارت وەربگرەوە و باسی گرێبەستە ئەلکترونییەکە ناكرێت.

2- دوای ئەوەی واژۆی ئەلیكترۆنیت پێدەكرێت ئینجا ئیعلانی دەكەن كە ئەمە گرێبەستێکە واژۆت كردوە.

3- بەهیچ شێوەیەك مەرجەكان بە كاغەز نیشانی كەس نادەن.

4- ناهێڵن مەرجەکانی گرێبەستە ئەلیکترونییەکە وێنە بگری.

5- وێنەی گرێبەسته ئەلیكترۆنییەكەت پێنادەنەوە.

گوڵاڵە سدیق وتوشیەتی"ئەم زانیارییانە فەرمانبەرێکی گرێبەستە ئەلکترونییەکان بۆی ناردوم."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×