ستەمکاری لەقوتابخانە ناوخۆییەکانی هندییە ئەمریکییەکاندا
  2024-04-02       616       

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

ئەم قوتابخانانە، کە لەم دواییانەدا بە قوتابخانەکانی شوێنی نیشتەجێی هندییە ئەمریکییەکانیش دەناسرا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست دامەزرابوون، بە نیاز و مەبەستی سەرەکیی "بەشارستانی کردن" یان تواندنەوەی منداڵان و گەنجانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە کولتووری ئەنگلۆ - ئەمریکیدا. لەم پرۆسەیەدا، ئەم قوتابخانانە ناوبانگی کولتووری ئەمریکییە ڕەسەنەکانیان شێواند و وایان لە منداڵەکان کرد دەستبەرداری زمان و ئایینی خۆیان ببن. لە هەمان کاتیشدا ئەم قوتابخانانە  خوێندنێکی ڕۆژاوایی بنەڕەتییان دابین دەکرد. یەکەمجار ئەم قوتابخانانە لەلایەن مسیۆنێرە کریستیانەکانەوە دامەزران بە ڕێبازە جیاجیاکانیانەوە. بەزۆری لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە ڕەزامەندیی دەدرا بە مسیۆنێرەکان بۆ بەجێهێنانی ئەرکی مسیۆنێری و دامەزراندنی قوتابخانەکان لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا  (محمیات، (reservations، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ڕۆژاوا کە ژمارەی دانیشتووانیان کەم بو. لە دوادوایی سەدەی نۆزدە سەرەتای سەدەی بیستدا بەتایبەتی، حکوومەت حکوومەت پارەی دەدا بە تایفە و ڕێبازە ئاینییەکان بە مەبەستی دابینکردنی خوێندنی بنەڕەتی بۆمنداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە مۆڵگەکاندا، دواتر حکوومەت قوتابخانەی تایبەتی خۆیشی لە مۆڵگەکاندا دامەزراند. نووسینگەی کاروباری هندییەکانیش قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی خۆیشی لە دەرەوەی مۆڵگەکان دامەزراند لەسەر بنەمای مۆدێڵی ئاوێتەکردن یان تواندنەوە. کە هەندێ جار منداڵیان لە خێڵە جۆراوجۆرەکانەوە بەکێش دەکرد، بێجگە لەوە دیسان ڕێبازە ئاینییەکانیش لە دەرەوەی مۆڵگەکان قوتابخانەی خۆیان دادەمەزران.

منداڵەکان بە شێوەیەکی نموونەیی نوقمی کولتووری ئەمریکیی ئەوروپی بووبوون و قوتابخانەکان دەستیان دابووە نەهێشتنی مۆرکی کولتووریی ڕەسەن وەک قژ و پرچ بڕینی منداڵەکان، پۆشینی جلوبەرگی شێواز ئەمریکی، ڕێگە نەدانی قسەکردن بە زمانی دایک و گۆڕینی ناوە خێڵەکییەکانیان بە ناوی ئینگلیزی (وەک ناوی قددیس و کەسە پیرۆزەکانی هەندێ ڕێبازی ئایینی) بۆ بەکارهێنانی لە قوتابخانەکاندا وەک بەشێک لە تواندنەوە و ئاوێتەکردن و بە کریستیان کردنیان.  بە شێوەیەکی ڕۆتینی مامەڵەی قوتابخانەکان توند و ڕەق بوو، بەتایبەتی بۆ منداڵە تەمەن بچووکەکان کە بە زۆر لە خێزانەکانیان دایانبڕیبوون و ناچاریان کردبوون واز لە کولتوور و شوناسی ئەمریکیی ڕەسەنیان بێنن. هەندێ جار منداڵەکان لەم سیستەمی قوتابخانەیەدا دەمردن بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا ونەخۆشییەوە. لێکۆڵینەوەکانی دوادوایی سەدەی بیست پەردەی لەسەر گەلێ حاڵەتی ستەمکردنی جەستەیی و سۆزداری و سێکسیی هەڵماڵی.

خانمە دکتۆر جوولی دەیڤس لە کورتەیەکی توێژینەوەیەکی ئەم دواییەیدا لە دیدی خەڵکە ڕەسەنەکەوە دەڵێ:

"قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکان بەرجەستەی هەردوک بەقوربانیبوون و بریکاریی گەلانی ڕەسەنیان کردبوو و بووبوونە شوێنگەلێک بۆ هەردوک لەدەستدانی کولتووری و بەردەوامیی کولتووری. ئەم دەزگا و دامەزراوانەی کە نیاز و مەبەستیان تواندنەوە و ئاوێتەکردنکردنی گەلانی ڕەسەن بوو لە ناو کۆمەڵگەی باڵادەستدا و لەناوبردنی کولتوورە ڕەسەکان بوو، بوون بە پێکهاتەی تەواوکەر و سەرەکیی شوناسەکانی هندییە ئەمریکییەکان و دواجاریشدا بوون بە پاڵنەری چارەی خۆ نووسینی سیاسی و کولتووریی لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا".

لەو ساڵانەوە، گەلە خێڵەکییەکان کەوتنە چالاکیی سیاسی و ئەو سیاسەت و تەشریعاتە فیدراڵییەیان بەدەستهێنا کە توانای چۆنێتیی بەکارهێنانی بودجەی خوێندنی فیدراڵییان پێببەخشێت بۆ چۆنێتیی خوێندن و فێرکردنی منداڵەکانیان دەسەڵاتی دامەزراندنی قوتابخانەکان بە پێی بنەما کۆمەڵگەییەکانی تایبەت بەخۆیان. هەروەها خێڵەکان ژمارەیەکی زۆری   کۆڵێج و زانکۆی خێلەکییان دروستکرد لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا. کۆنترۆڵی خێڵەکان بەسەر قوتابخانەکاندا پشتیوانیی یاسا فیدراڵییەکان و پراکتیزە گۆڕاوەکانی بەدەستهێنا لەلایەن بیرۆی هندییە ئەمریکییەکانەوە. تا ساڵی ٢٠٠٧ زۆربەی قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکان داخران و ژمارەی منداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکاندا دابەزی بۆ ٩٥٠٠ منداڵ. هەرچەندە سەدان منداڵی مردووی گەلە ڕەسەنەکان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ڕوو لە زیادبوونە لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.

 

مێژووی خوێندنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لەسەر دەستی ئەوروپییەکاندا

"... لەبری لەناوبردنی بەشێک لە ڕەگەزی مرۆڤ ... ئێمە هەوڵ و کۆششمان خستەگەڕ و ... دواجار زانیاریی خۆمان بە کشتوکاڵ و هونەر گواستەوە بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی وڵات ... بەڵام هاتووینە سەر ئەو قەناعەتەی کەوا بەشارستانی کردنی هندییەکانی باکووری ئەمریکا کارێکی کردە نییە و ئەم ڕاوبۆچوونەش ڕەنگە لە مەسەلەیەکی موجەڕەد قەناعەتبەخشتر بێت".

هێنری نۆکس بۆ جۆرج واشنتن، ١٧٨٩.

 

لە دوادوایی سەدەی هەژدەیەمدا، ڕیفۆرمیستەکان هەر لە سەرۆک جۆرج واشنتن و هێنری نۆکسەوە لە چوارچیوەی هەوڵدانیاندا دەستیان دا "بەشارستانی کردن" یان بەپێچەوانەوە بە تواندنەوە و ئاوێتەکردنکردن ئەمریکییە ڕەسەنەکان، بە پیادەکردنی تواندنەوەی منداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە کولتووری هەنووکەیی ئەمریکییەکاندا. لەو دەمەدا کشتوکاڵ کاری باڵادەست بوو لە کۆمەڵگەدا، بە گەلێ لە جووتیارانی هەژارەوە و کۆمەڵگەی دێهاتنشین پێکهاتبوو لە چەند شارۆچکەیەکی بچووک و کەمە سارانێکی گەورە. یاسای سندووقی بەشارستانی کردنی ساڵی ١٨١٩ پاڵپشت بوو بۆ ئەم سیاسەتە لە ڕێگەی پارەدارکردنی کۆمەڵگەکانەوە (کە بەزۆری مسیۆنێری ئاینیی بوون) و کاریان لە سەر خوێندن و فێرکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەکرد و بەزۆری لەو قوتابخانانەدا کە لە ناو کۆمیونیتییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا یان لە نزیکیانەوە دروستکرابوون. ڕیفۆرمیستەکان باوەڕیان بەوە هەبوو کە ئەم سیاسەتە یارمەتیی هندییەکان دەدا بۆ مانەوە و زیادکردنی پەیوەندیی بە نیشتەجێ settlers (موستەوتینە) ئەوروپیی - ئەمریکییەکانەوە، کەوا بەرەو ڕۆژاوا هاتبوون بۆ ناوچە و قەڵەمرەوەکانی ئەمان. لێرە کەسێکی وەک مووسا تۆم منداڵەکانی ناردبوو بۆ قوتابخانەیەکی بەشە ناوخۆیی هندییەکان.

"برایان من خۆشحاڵ کەوا دەبیستم ئێوە پێشنیازتان کردووە ببنە جووتیاری زەوی کێڵان لەپێناوی ژیان و گوزەرانی خێزانەکانتاندا. دڵنیابن کە ئێوە بە شێوەیەکی باشتر و بە ڕەنج و کۆششێکی کەمتر دەیانژێنن، لە ڕێگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و ڕستن و چنینەوە باشتر لە ڕاوکردن نان پەیدا دەکەن. پارچە زەوییەکی کێڵراو و کارێکی کەم باشتر و سەرکەوتووتر لە ڕاوکردن زەخیرە و ئازووقە دابین دەکات و ئافرەتیش لە ڕێگەی ڕستن و چنینەوە باشتر لە  پۆشاک لەبەر دەکات لە پیاوێک کە خەریکی ڕاوە. بەراورد بە ئێوە، ئێمە لە دوێنێوە هاتووینە ئەم خاکە و لەگەڵ ئەوەشدا تەماشا بکەن ژمارەمان دوو هێندە زیادی کردووە لە ڕیگەی پیشەسازی و بەکارهێنانی ئەقڵەوە کە لەگەڵ ئێوەدا تێیدا هاوبەشین. لەبە ئەوە برایان چاو لە ئـێمە بکەن و ئێمەش بە خٶشحاڵییەکی زۆرەوە یارمەتیتان دەدەین ...

سەرۆک تۆماس جێفەرسن، برایەتیی گەلی چۆکتاو، ١٧ی دیسەمبەری ١٨٠٣"

 

قوتابخانەکانی مژدەدانی بەرایی

لە ساڵی ١٦٣٤دا، باوکە ئەندرو وایت لە ویلایەتە ئینگلیزییەکەی سەر بە کۆمەڵەی یەسووعیی مژدەدا دەزگایەکی مژدەدانی (تەبشیریی) لەو شوێنە دامەزراند کە ئێستا بە مێریلاندی باشوور دەناسرێت. ئەو دەیوت کەوا مەبەستی ئەم دەزگایە، وەک وەرگێڕێک بۆ سەرۆک خێڵێکی ئەمریکیی ڕەسەنی گێڕاوەتەوە لەوێ "بۆ بڵاوکردنەوەی شارستانییەت و خوێندەوارییە لە ناو ڕەگەزە نەفام و نەزانەکەیدا و پێشاندانی ڕێگەی بەهەشتە بۆیان". ڕاپۆرت ساڵانەی ئەم دەزگا تەبشیرییە بۆ ساڵی ١٦٤٠ ئەوەی تۆمار کردووە کە ئەوان کۆمەڵگە یان کۆمیونیتییەکیان دامەزراندووە بە ناوی سانت ماری و ئەمریکییە ڕەسەنەکان منداڵەکانیان بۆ خوێندن دەناردە ئەوێ، کەوا کچە مندالەکەی تایاکی سەرۆکی خێڵی پاسکاتۆی تێدابوو. ئەگەر هەیە ئەو کچە ڕیزپەڕ بووبێت بە هۆی پێگەی باوکیەوە، چونکە بەگشتی لەو سەردەمەدا منداڵانی کوڕ و کچ لە قوتابخانە کاسۆلیکییە ئینگلیزییەکاندا تێکەڵ نەدەکران. ئەو قوتابییانەی تر کە لەو تۆمارانەدا باسکراون هەموو کوڕ بوون.

هەمان ئەو تۆمارانە لە ساڵ ١٦٦٧دا باس لەوە دەکەن کەوا:

"کۆمەڵەکەمان قوتابخانەیەکی زانستە مرۆڤایەتییەکانی کردووەتەوە لە مەڵبەندی مێریلانددا و دوو باوکە قەشە بەڕێوەیدەبەن و گەنجانی ڕەسەن بەجیددی خۆیان تێدا تەرخانکردووە بۆ خوێندن و پێشکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە. مێریلاند و قوتابخانە نوێیەکە دوو کوڕیان ناردووە بۆ سانت ئۆمەر کە خۆیان ڕادەستی توانای ئەوروپییەکان کردووە و ڕکابەریی پلەی شەرەفی یەکەمییان کردووە لە پۆلەکەیاندا، کە نە زێڕ و نە زیو و نە بەرهەمی تری زەویی بەتەنها تێد کۆدەکرێتەوە، بەڵکوو ئەو جۆرە پیاوانەشی تێدایە کە بە ناڕەوا بە دڕندەیان ناوزەد کردوون، بۆ حاڵەتێکی باڵاتر لە بەها و ڕەوشت".

لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٦٠٠کاندا کۆڵێجی هارڤارد کۆڵێجی هارڤاردی هندیی لە ناو حەرەمی زانکۆیی خۆیدا لە کامبریج کردەوە، لە کۆڵۆنیی کەنداوی ماساچوسێتس، بە هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵی ئەنگلیکانی بۆ بڵاوکردنەوەی ئینجیل و چەند قوتابییەکی نوێی ئەمریکیی ڕەسەنی لە نیوئینگلاندەوە بۆ هات. لەم سەردکانی ئێستا دەچووەمەدا خوێندنی باڵا زۆر سنووردار بوو بۆ هەموو چینەکان و زۆربەی "کۆڵێجەکان" لە ئاستێکدا دەیانخوێند کە زۆر لە قوتابخانە ئامادەییەکانی ئێستا دەچوو. لە ساڵی ١٦٦٥دا، کاڵب چیشاهتیموک، خەڵکی وامبانواگ ... خوێندنی زانکۆی هارڤاردی تەواوکرد و یەکەم هندی بوو لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵیدا ئەو کارەی کردبێت.

لە ساڵانی کۆڵۆنیاڵیی بەراییدا، قوتابخانی هندیی تر دامەزران لەلایەن کۆمەڵگە ناوخۆییەکانی نیوئینگلاندەوە، بە هەمان شێوەش لە هانۆڤەر و نیوهامپشایەر لە سالی ١٧٦٩دا. وردە وردە ئەمە پەرەیسەند بۆ ئەوەی ببێتە کۆڵێجی دارتمۆث، کە هەندێ پرۆگرامی تەرخانکردبوو بۆ ئەمریکییە ڕەسەنەکان. لە ڕۆژهەڵاتیش قوتابخانەی تری لەم چەشنە کرانەوە وەک ئەونی بێت لەحم  و پەنسیلڤانیا، لەلایەن مسیۆنێرە ئاینییەکانی مۆراڤیاوە، لە ڕێبازە کریستیانە جۆراوجۆرەکان.  مژدەدەرەکان ئەم یەکەم قوتابخانانەیان پەرەپێدا بۆ بڵاوکردنەوەی مەودای خوێندن و مەسیحییەت و بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئەمریکیی ڕەسەنیش بگرێتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی چیاکانی ئەپەڵاشیا زۆربەی هندییەکان لە خاک و وڵاتی نەریتییان بە زۆر دەرپەڕێنران لە پێش جەنگی شۆڕشگێڕیی ئەمریکیدا و ئەوان لەوی چەند مۆڵگەیەکی کەمیان هەبوو.

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا، کۆمارییە نوێکان بەردەوام بوون لە مامەڵەکردنی پرسەکانی پەیوەست بە چۆنێتیی ژیانی ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە. قوتابخانەیەکی مسیۆنێریی دەرەکی دروستکرا، کە دامەزراوەیەک بوو پرۆتستانت پشتیوانیی و لە کۆرنوۆڵی ویلایەتی کۆنێکتیکەت لە ساڵی ١٨١٦دا کراوەتەوە بۆ قوتابیانی نێرینەی کۆمەڵێکی جۆراوجۆری گەلانی غەیرە کریستیان، کە زۆربەیان لە دەرەوە هاتبوون. دانیشتووە ڕەسەنەکانی هاوایی و قوتابییە موسڵمان و هندۆسەکان لە هندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ناو نزیکەی سەد قوتابیدا بوون لە ماوەیەکی دەیەیەکی کارکردنیدا. هەروەها قوتابییە ئەمریکییە ڕەسەنەکانی خێڵەکانی چێرۆکی و چۆکتاو (لە ناو پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکادا)، هەروەها لێنەیپ (کە خێڵێکی ناوەڕاستی ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیک بوو) و هەروەها قوتابییانی ئۆسەیک. ئامانج لەم دامەزراوەیە ڕاهێنانی لاوان بوو وەک مسیۆنێر و وەگێڕی زارەکی و وەرگێڕی نووسین و تاد. کە دەکرێ لەو ڕێگەیەوە ئاڕاستە و ڕێنمایی خەڵکەکانی خۆیان بکەن.

 

ئوممەت و جەنگی هندییەکان و نیشتەجێی ڕۆژاوایی

لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، دەستدرێژیی ئەمریکییە ئەوروپییەکان بۆ سەر زەویوزاری هندییەکان بەردەوام بوو. لە سالانی ١٨٣٠کانەوە، خێڵەکانی ناوچەکانی هەردوک باشووری ڕۆژهەڵات و دەریاچە گەورەکان بەرەو ڕۆژاوای ڕووباری مسیسیپی ڕاگوێزران و بە زۆرەملێ لە سەر خاک و زەوییەکانیان هەڵکەندران هەرێمی هندییەکان Indian Territory. وەک بەشێک لەو پەیماننامانەی بۆ دەسبەرداربوونی لە زەوییەکان مۆرکران، پێویست بوو ویلایەتە یەکگرتووەکان پێخوێندن دەستەبەر بکات بۆ خێڵەکان لە مۆڵگەکانی پارێزگارییاندا (محمیات، reservations). هەندێ لە ڕێبازە ئاینییەکان و ڕێکخراوەکان  دەزگا و دامەزراوەی مژدەدانیان (مسیۆنێری) دروستکرد لە کەنساس و ئەوەی دواتر بوو بە ئۆکڵاهۆما، بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم مۆڵگە نوێیانەی پارێزگاریی بکەن. هەندێک لە خێڵەکانی باشووری ڕۆژهەڵات قوتابخانەی خۆیان دامەزراند، وەک ئەوەی چۆکتاو کردیان بۆ هەردوک کچان و کوڕانیش.

لە پاش جەنگی ناوخۆی ئەمریکا و چەندین دەیەی جەنگی هندییەکان لە ڕۆژاوا، خێڵەکان زیاتر و زیاتر ناچاری مانەوە کران لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا پاش ئەوەی دەسبەرداری ڕووبەرێکی هێجگار فراوانی خاکەکەیان بوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. بە ئامانجی تواندنەوە و ئاوێتەکردن کردن، کە باوەڕ وابوو پێویستە تاوەکوو خێڵە هندییەکان لە ژیاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەمریکی، ئەوە حکوومەت هەوڵ و کۆششی خۆی زیاد کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و فێرکردن. هەندێک لەمانە بەسترابوو بە جووڵانەوەی پێشکەوتنخوازەوە، کە باوەڕی وابوو کەوا تاقە ڕێگا لە بەردەم میللەتە خێڵەکییەکاندا بۆ کردنەوەی ڕێگەی خۆیان ئاوێتەکردن و توانەوە بوو، چونکە کۆمەڵگەی ئەمریکی بە خێرایی دەگۆڕێت و دەبێتە شارنشین.

لە پاش جەنگی هندییەکان، مژدەدەرەکان قوتابخانەی زیادەی تریان کردەوە لە ڕۆژاوا لەگەڵ پێداویستییەکانی بەشی ناوخۆیی. ئەوجا لەبەر بەرفراوانیی وڵاتەکە و دانیشتووان بچڕبچڕ و دابڕاو، نەیانتوانی پاڵپشتیی زیاتر لە ژمارەیەکی دیاریکراوی قوتابخانەکان بکەن. بەم پێیە بەزەروورەت دەبوو هەندێ لە منداڵەکان بچنە ئەو قوتابخانانەی کە دوور بوون لە کۆمەڵگەکانیانەوە. سەرەتا لە سەردەمی سەرۆک یولیسیس س. گرانت ڕێگە درا بەتەنها یەک ڕێکخراو یان ڕێبازی ئایینی لە هەر مۆڵگەیەکی پارێزراو (محمیة). ڕێبازە ئاینییە جۆراوجۆرەکان فشاریان لەسەر حکوومەت کردووە کە بواریان بدرێت دامەزراوەی مژدەدان (تەبشیری) چێبکرێت تەنانەت ئەگەر لە حاڵەتی ڕکابەریشدابن لەگەڵ یەکتر.

قوتابخانەکانی ڕۆژ لە سەردەمی تواندنەوە یان ئاوێتەکردندا

لێرە قوتابخانەی ڕۆژیش دامەزرابوون بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی حکوومەتی فیدراڵی و بەراورد بە قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکان، قوتابخانەکانی ڕۆژ بژاردەیەکی کەمخەرجتر بوون و بەعادەت بەرهەڵستییەکی کەمتریان هەبوو لەلایەن باوک و دایکانەوە.

یەک لەو نموونانە قوتابخانەی هندیی فاڵۆنی ڕۆژ بوو کە لە مۆڵگەی  ستیڵوەتەری  هندی کرابووەوە لە ساڵی ١٩٠٨دا و تەنانەت پاش دەستپێکردنی پرۆسەی داخستنی قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکان، قوتابخانەکانی ڕۆژ هەر بە کراوەیی مابوونەوە.

 

قوتابخانەی کارلایڵی پیشەسازیی هندی

لە پاش جەنگی هندییەکان، مولازم ڕیچارد هێنری پرات دەسنیشان کرا بۆ سەرپەرشتیی دیلەکانی جەنگی خێلە ڕەسەنەکان لە فۆرت ماریۆن کە دەکەوتە سانت ئۆگستینەوە لە فلۆریدا. سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان حەفتا و دوو جەنگاوەری خێڵەکانی دوورخستەوە بۆ ئەوێ و وەک بارمتە بەکارهێنران بۆ هاندانی خێڵەکانیان لە ڕۆژاوا کەوا بە ئارامی بمێننەوە.

پرات کەوتە کارکردن لەگەڵیان لە بواری خوێندن و پەروەردەی کولتووری ئەوروپی - ئەمریکیدا، کە بەزەروورەت جۆرێک بوو لە نوقمبوون و قووڵبوونەوە لەم بوارەدا. لەکاتێکدا کە ئەو گۆڕانکاریی دەویست و دەبوو پیاوان قژ و پرچیان ببڕن و پۆشاکی یونیفۆرم لەبەربکەن لەجیاتیی جلوبەرگی نەریتییان و هەروەها سەربەخۆیی زیاتری پێبەخشین لە حوکم کردن و بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان لە ناو بەندیخانەدا. دەگوترا کەوا ئەو دڵخۆش بووە بە سەرکەوتنی و لایەنگری دروشمی "هندی بکوژە و مرۆڤ ڕزگار بکە". پرات لە وتاردانێکیدا ساڵی ١٨٩٢ دەڵێ:

"جەنەراڵێکی مەزن وتوویەتی کەوا هندیی باش تەنها ئەو هندییەیە کە مردووە. بەم مانایە من کۆکم لەگەڵ ئەم هەستە، بەڵام تەنها لەمەدا: هەموو هندییەکان لە کێبەرکێیەکدان کە دەبێ بکوژرێن".

پرات ڕێگەی دا بە هەندێ گەنجی کەمتەمەنیان کە بەردەوامیی بە خوێندنیان بدەن لە ئینستیتیووتی هامپتۆن، کە کۆڵێجێکی مێژوویی ڕەشپێستەکان بوو و ساڵی ١٨٦٨ دروستکرا بۆ خوێندنی بەندکراوان لەلایەن نوێنەرانی جووتڕەگەزی کۆمەڵەی مسیۆنێریی ئەمریکییەوە، پاش ماوەیەکی کەم لە شەڕی ناوخۆ. لە پاش جاودێریکردنی پرات بۆ قوتابییەکان، لە ساڵی ١٨٧٥دا هامپتۆن بەرنامەیەکی پەرەپێدا بۆ قوتابییە ئەمریکییە ڕەسەنەکان.

پرات بەردەوام بوو لەسەر مۆدێلی تواندنەوە و پەرەپێدانی قوتابخانەی کارلایلی پیشەسازیی هندی و وایبۆچوو کە لە ماوەی نەوەیەکدا دەکرێ منداڵانی خێڵە ڕەسەنەکان تێکەڵ بە کولتووری ئەوروپی ئەمریکیی بکرێن. لەم ڕوانگەیەوە پێشنیازی ئەزموونێکی پڕخەرجی کرد بۆ حکوومەتی فیدراڵی. پرات داوای لە حکوومەت کرد هاوکاریی دارایی قوتابخانەیەک بکات کە وا پێویست بکات منساڵانی ڕەسەن لە ماڵەکانیان دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی بچنە قوتابخانەیەکی دوور. قوتابخانەی هندیی کالایڵ، کە بوو بە نموونەی زیاد لە ٣٠٠ قوتابخانە لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لە ساڵی ١٨٧٩دا کرایەوە و بنکەی کارلایڵی سەربازیی چۆڵکراو لە پەنسلڤانیا بۆ ئەم قوتابخانەیە بەکارهێنرا و بوو بە یەکەم قوتابخانە کەوا لە مۆڵگەی پارێزگاریدا نەبێت.

بەرنامەی کارلایڵ بە تەواوی پشتی بە کولتوور و کۆمەڵگەی دێهاتی ئەمریکیی بەستبوو. پۆلەکانی خوێندن ڕاهێنانی پیشەیی بۆ کوڕان و زایاریی ناوماڵی بۆ کچان لەخۆگرتبوو. قوتابییەکان کاریان لەسەر ئەو ئیشانەی ماڵ دەکرد کە یارمەتیی پارێزگاری و بەردەوامیی کێڵگەکەیان دەدا و خۆراکیان بەرهەم دەهێنا بۆ قوتابخانە تاوەکوو پشت بەخۆی ببەستێ و توانای ئەوەیان هەبوو کاڵا و شمەک بەرهەمبێنن بۆ فرۆشتنی لە بازاڕدا. هەروەها قوتابییەکانی کارلایڵ ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد و کۆرس و ئۆرکێسترایەکی شکۆداریان هەبوو و بەرنامەکانی وەرزشیان پەرەپێدا. لە هاویناندا بەزۆری قوتابییەکان لەگەڵ خێزانە کشتوکاڵییە لۆکاڵەکان و دانیشتووانی سارەکاندا دەژیان و ئەمەش تێکەڵبوون و تواندنەوەیانی زیاتر کرد و بە کرێ و مزێکی کەم کرێکارییان بۆ خێزانەکان دەکرد.

 

قوتابخانە ناوخۆییەکان و پاڵپشتیی فیدراڵی

کارلایڵ و بەرنامەکانی خوێندنی بوون بە مۆدێلی بیرۆی کاروباری هندی. لە ساڵی ١٩٠٢دا، ڕێگەی بە دروستکردنی ٢٥ قوتابخانە دا لە دەرەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاری لە ١٥ ویلایەت و هەرێمدا، کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاوکاریی دارایی دەکران و تێکڕا ژمارەی قوتابیانی تۆمارکراو تێیاندا لە ٦ هەزار زیاتر بوو. یاسای فیدراڵی وای پێویست دەکرد کە خوێندنی منداڵانی ئەمریکیی ڕەسەن لەم قوتابخانانەدا بەپێی پێوەرەکانی ئەنگلۆ - ئەمریکی بوایە. پاوکان و دایکان دەبوو ڕوخسەتی منداڵەکانیان بدەن کە پەیوەندی بکەن بە قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکانەوە و ئەگەر ڕەتیانکردەوە ئەوە کاربەدەستان دەکرا ناچاریان بکەن پشکی خۆیان لە قوتابی لە هەر مۆڵگەیەک دەستبێنن.

قوتابخانە ناوخۆییەکان لە مۆڵگەکانیشدا دەکرانەوە و بەزۆری دامەزراوەی مسیۆنێری یان ئینستیتیوتەکان بەڕێوەیەنا دەبرد، کە بە شێوەیەکی گشتی سەربەخۆ بوون لە ئەبرەشێێەتە ناوخۆییەکان، لە حاڵەتی ڕێباز و تایفە کاسۆلیکییەکاندا. بە هۆی دوورییەوە بەزۆری منداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە خێزان و خێڵەکانیان دادەبڕان کاتێ کە دەچوونە ئەو چەشنە قوتابخانانە لە مۆڵگەکانی ترەوە. لە ترۆپکی بەرنامەی فیدراڵیدا، بیرۆی کاروباری هندییەکان هاوکاریی دارایی ٣٥٠ قوتابخانەی ناوخۆییان کردووە.

لە دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، کاتێ قوتابییەکان دەگەیشتنە قوتابخانە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی دراماتیکی ژیانیان دەگۆڕا. هەر یەکەمجار قژ و پرچیان دەبڕدرا (کە ئەمەش بە سەرجاوەی شوورەیی و ئابڕووچوون دادەنرا لای کوڕانی زۆرێک لە خێڵەکان،  کە پرچی درێژیان بە بەشێک لە شوناسی پێگەیینی خۆیان دادەنا) ئەوجا دەبوو پۆشاکی یونیفۆرمی ڕەسمی لەبەر بکەن و لە قوتابخانەدا ناوی ئینگلیزی لەخۆ بنێن. لێرە ڕیگە نەدەدرا منداڵەکان بە زمانی تایبەتی خۆیان قسە بکەن تەنانەت لەنێوان خۆیشیاندا و دەبوو لە نوێژی کەنیسەدا بەشداربن و بەزۆرییش وەک مەسیحی تەعمید دەکران. وەک ئەوەت عادەت بوو لەو سەردەمەدا، دیسپلینی توند لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا باوبوو و فرەجار  سزای بەکۆمەڵ دەدران و بەتەنها بەند دەکران و سزای بەدەنیی دەدران لەسەر دەستی مامۆستاکان بە دار و ڕاستە و پشتێن. هەلبەت مامەڵەی ئەو منداڵانە زۆر خراپ بوو و بەردەوام تووشی ئازاردانی جەستەیی و سێکسی و کولتووری و ڕۆحی و پشتگوێ خستن دەبوون و مامەڵەکردنیان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا فەلاقە کردن بوو بە هۆی ئەوەوە کە بە زمانی رەسەنی خۆیان قسەیان دەکرد.

سەبارەت بە قوتابخانەی هندیی فینیکس، ئانا موور دەڵێ: کاتێ کە فیکەی هەشتی بەیانیی لێیدەدا و ئێمەش ئەگەر لە پاککردنەوەی ژووری نانخواردن نەبووینایەوە خانمی سەرۆکی ژووری نانخوارن بە دەورماندا دەسووڕایەوە و دەیبەستینەوە لەکاتێکدا کە هێشتا دەست و ئەژنۆمان لەسەر زەوی بوو.

 

خراپ ڕەفتار کردن لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا

ئەو منداڵانەی کە لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا وەرگیرابوو بەر گەلێ شێوەی مامەڵەی خراپ دەکەوتن. لێرە لەسەر شێوازی سپیپێستەکان ناودەنران و ناچاریان دەکردن کە بە ئینگلیزی قسە بکەن و ڕێگەیان پێ نەدەدرا پراکتیزەی کولتووری خۆیان بکەن. ئەو وانانەیان پێدەوتنەوە کە لەبارەی چۆنێتیی کاری دەستەوە بوو وەک کشتوکاڵ و ئەرکی ناوماڵە. کاتێ کە لە پۆلی خوێندنیشدا نەبوونایە دەبوو خەرێکی پاککردنەوە و جاککردنی قوتابخانەکە بوونایە. لێرە بارودۆخی پیس و نەشیاوی ژیان و قەرەباڵغی دەبوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و زۆرێک لە قوتابییەکان بەشی تێربوون خواردنیان وەرنەدەگرت. هەندێ جار ئەو قوتابییانەی کە هەوڵی هەڵاتنیان دەدا خەڵات دەکران و گەلێکیشیا لە تاو ستەم خۆیان دەکوشت. جاری واش بوو ئەو قوتابییانەی کە دەمردن لەلایەن هاوڕێکانی پۆلەکەیانەوە دەخرانە تابووتەوە و لە گۆڕستانی قوتابخانەکەدا دەیانناشتن.

منداڵانی گەلە ڕەسەنەکان بەزۆر لە خێزانەکانیان دایاندەبڕین و دەخرانە ئەم قوتابخانە ناوخۆییانەوە. ئەمانە لە نەریتە کولتوورییەکانیان داماڵران کاتێ کە فێری ئایدیای ئەمریکی کران لەبارەی گەڵالەکردن و شارستانییەتەوە. ئەم ئاوێتەکردن کردنە زۆرەملێیە بوو بە هۆکاری بەکارهێنانی زیاتری مادەی هۆشبەر و خۆکوشتن لە ناو ئەو قوتابیانەدا چونکە تووشی نەخۆشیی ئەقڵی و دەروونیی جۆراوجۆر بوون وەک خەمۆکی و تێکچوونی دوای تراوما. هەروەها ئەم نەخۆشییانە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن زیاد دەکات.

وەک دکتۆر جۆن ڕینەر ئیددیعا دەکات و وەسفی شێوازەکانی دیسپلین دەکات  و دەڵێت: "مندالە کوڕەکان دەخرانە سەر بۆشکەیەکی بەتاڵ و بە پشتێنێکی چەرمی درێژ فەلاقە دەکران". ئەم مێتۆدانە ئاسەواریان لەسەر جەستە بەجێهێشتووە و ئەم دامەزراوانەیان وا لێکردووە کە بەردەوام مەترسی بن لەسەر ئەو منداڵانە چونکە لە ترس و تۆقیندا دەژین لە توندوتیژی. زۆریک لەم منداڵانە لەو برینانە جاک نەبوونەوە کە لە ئەنجامی مامەڵەی خراپەوە تووشیان بوو و بەزۆرییش بێ چارەسەر مانەوە. 

 

شەرعییەت و سیاسەت

لە ساڵی ١٧٧٦دا، کۆنگرێسی کیشوەر ڕوخسەتی داوە بە کۆمیسیارە هندییەکان کە هاوکاریی قەشە و کاهینەکان بکەن مامۆستا و فێرکار بۆ کارکردن لەگەڵ هندییەکاندا. ئەم ئاڕاستەیە لە پاش جەنگی ١٨١٢ زیادی کرد.

لە ساڵی ١٨١٩دا، کۆنگرێس بڕی ١٠ هەزار دۆلاری تەرخانکرد بۆ دامەزراندنی مامۆستا و چاککردنی قوتابخانەکان. ئەم بڕە پارەیە بۆ قوتابخانەکانی کەنیسەی مژدەدان (تەبشیری) تەرخان کرا، چونکە حکوومەت میکانیزمێکی تری نەبوو بۆ پێخوێندنی دانیشتووانە هیندییەکان. لە ساڵی ١٨٨٧دا و بۆ ڕەخساندنی پشتیوانی دارایی بۆ کردنەوەی زیاتری قوتابخانە ناوخۆییەکان، کۆنگرێس یاسای ۆەروەردە و فێرکردنی زۆرەملیی هندیی دەرکرد.

لە ساڵی ١٨٩١دا، یاسایەکی ئیلزامیی بۆ کاربەدەستانی فیدراڵی دەرکرا بۆ ئەوەی بە زۆرەملێ منداڵە ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەزۆر لە ماڵەکانیان و مۆڵگەکانیان دەربێنن. حکوومەتی ئەمریکی باوەڕی وابوو کە ئەو منداڵانە ڕزگار دەکات لە جیهانی هەژاری و خەمۆکی و فێری "دەستڕەنگینیی ژیانیان" دەکات.

تاباسا تۆنی بووس من زانکۆی ناوەندی ئۆکڵاهۆما لە پەیپەرە باسێکیدا بە ناوی "لە فیشەک هەرزانتر" نووسیوێتی:

"زۆرێک لە باوکان و دایکان هیچ بژاردەیەکیان نەبوو بەدەر لە ناردنی منداڵەکانیان، کاتێ کەوا کۆنگرێس داوای لە کۆمیسیاری کاروباری هندی کرد پشکی ئازووقە و پۆشاک و بڕە پارەی ساڵانە لەو خێزانانە ببڕێت کە ناردنی منداڵە قوتابییەکانیان ڕەتکردووەتەوە. تەنانەت هەندێ دەزگاش پۆلیسی مۆڵگەکانی پارێزگارییان بەکارهێناوە بۆ فڕاندنی مێرمنداڵان، بەڵام تووشی گرفت بوون لەو ڕووەوە کاتێ کەوا پۆلیسی خێڵە ڕەسەنەکان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان کرد لە بێزاریدا، یان کاتی کە باوکان و دایکان منداڵەکانی خۆیان فێری خۆشاردنەوە دەکرد لە ڕێگەی یارییەکی تایبەتی منداڵانەی "چاوشارکێوە". هەندێ جار ئەو باوکانەی بەرگرییان دەکرد و ڕەتیان دەکردەوە منداڵەکانیان بنێرن دەگیران و بەند دەکران. لە ساڵی ١٨٩٥دا، نۆزدە پیاوی گەلی ڕەسەنی هۆپی لە ئەلکاتزار بەند کران چونکە ڕەتیانکردبووەوە منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە بەشە ناوخۆیی.

لە نێوان ساڵانی ١٧٧٨ و ١٨٧١دا، حکوومەتێکی فیدراڵی ٣٨٩ پەیماننامەی لەگەڵ خێڵە هندییە ئەمریکییەکاندا مۆرکرد. زۆربەی ئەم پەیماننامانە پابەندیی ئەوەیان تێدابوو کە حکوومەت خوێندن و خزمەتگوزاریی تر دابین بکات لەبەرانبەر زەویدا. دوایەمینی ئەم پەیماننامانە ئەوەی فۆرت لارامیی ساڵی ١٨٦٨ بوو، کە مۆڵگەی پارێزگاریی سیوکسی گەورەی دروستکرد. یەک لە بەندە تایبەتەکانی پەیماننامەی فۆرت لامی ئەو بایەخ پێدانە ڕووندەکاتەوە کەوا حکوومەتی فیدراڵی ڕەخساندوویەتی بۆ سروشتی "بەشارستانی کردنی" خوێندن و فێرکردن: "بەندی ٧، لەپێناوی دابینکردنی شارستانییەت بۆ هندییەکانی کە هاتوونەتە ئەم پەیماننامەیەوە، دان بە زەروورەتی خوێندندا نراوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە نیشتەجێ دەبن یان دەکرێ لە مۆڵگە ناوبراوەکانی کشتوکاڵیدا جێگیر ببن و لەبەر ئەوە بەڵێن دەدەن بە ناچار کردنی منداڵەکانیان، نێر و مێ، کە تەمەنیان لە نێوان ٦ و ١٦ ساڵدایە کە پەیوەندیی بکەن بە قوتابخانەکانەوە".

بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لە پێخوێندنی منداڵە هندییە ئەمریکییەکاندا بۆ یەکەمجار لە ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی ئاشتیی هندییەکاندا ناوی هاتووە بەگوێرەی یاسایەک کە لە ساڵی ١٨٦٧دا کۆنگرێس دەریکردووە. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە جیاوازیی زمانەکان کێشەیەکی گەورە بووە و داوای کردووە کە زمانە هندییەکان لەناوببرێن و لەجیاتیدا زمانی ئینگلیزی بەکاربهێنرێت. ئەم ڕاپۆرتە مشتومڕی بەرپاکرد لە خوێندن و فێرکردنی هندییەکاندا چونکە ئەو مسیۆنێرانەی کە بەرپرس بوون خوێندنی لاوانی خێڵە ڕەسەنەکان سیاسەتێکی خویندنیان بە دوو زمان پەیڕەوی دەکرد. لە ساڵی ١٨٧٠دا، سەرۆک گرانت ڕەخنەی لەم سەرەتای جووت زمانە گرت و داوای سیاسەتێکی نوێی کرد وەک ئامانجێکی سەرەکی بۆ لەناوبردنی زمانە ڕەسەنەکان.

لە ساڵی ١٨٧١دا، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیماننامەی زیاتری لەگەڵ گەلە هندییەکاندا قەدەغە کرد و یاسای تەرخانکردنی دەرماڵەشی بۆ خوێندنی هندیی دەرکرد کە داوای کردنەوەی قوتابخانەی ڕۆژ دەکات لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا (محمیات، reservations).

لە ساڵی ١٨٧٣دا، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هندییەکان ئارگومێنتی لەسەر ڕاپۆرتێک دەکرد کە دابوویە کۆنگرێس بەوەی کە قوتابخانەکان کاریگەر نەبوون لە خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی بۆ منداڵە هندییەکان چونکە ڕۆژانە لە ماڵەوە ماوەی بیست کاتژمێر بە زمانی دایکییان قسەیەن دەکرد. لە پاش ساڵێک کۆمیتەکانی کاروباری هندییەکان چوونە پاڵ هەردوو ئەنجومەنی   پیران و نوێنەران لە ڕەخنەکردنی قوتابخانەکانی ڕۆژدا بە پاساوی ئەوەی کەوا لە ڕادە بەدەر کار دەکەن بۆ بەردەوامی پێدانی "دۆخی تایبەتی هندییەکان وەک تاکەکەس لەبریی ئەوەی کە وەک هاووڵاتیبوونێکی سەربەخۆ ئامادە بکرێت".

"جووڵانەوەی قوتابخانە ناوخۆییەکان لە دوای شەڕی ناوخۆوە دەستیپێکرد، کاتێ کە ڕیفۆرمیستەکان سەرنجی خۆیان سەر دەرد و مەینەتیی گەلە هندییەکان و داکۆکییان لەسەر خوێندن و مامەڵەی گونجاو دەکرد بۆ ئەوەی هندییەکان وەک هاووڵاتییانی تریان لێبێت. یەک لە کۆششە یەکەمەکانی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە کردنەوەی قوتابخانەی کارلایڵی هندیی بوو لە پەنسلڤانیا، کە ساڵی ١٨٧٩ دامەزرا".

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، حکوومەتی فیدراڵی سیاسەتی تواندنەوەی تەواوی هندییە ئەمریکییەکانی پەیڕەوی کرد لە کۆمەڵگەی بالادەستی ئەمریکیدا.

لە ساڵی ١٩١٨دا، قوتابخانەی کارلایڵی ناوخۆیی داخرا جونکە شێوازی پرات بۆ توندنەوە یان تێکەڵکردنی قوتابییە هندییە ئەمریکییەکان لە ڕێگەی قوتابخانە ناوخۆییەکانی دەرەوەی مۆڵگەکاندا بە شێوازێکی بەسەرچوو لەقەڵەم درا. لە هەمان ساڵدا کۆنگرێس یاسایەکی نوێی دەرکرد بۆ خوێندنی هندییەکان ، کە ئەویش یاسای ٢٥ی مایسی ١٩١٨ بوو. ئەم یاسایە بە شێوەیەکی گشتی تێچووی خوێندنی جیای قەدەغە کرد بۆ ئەو منداڵانەی کەمترن لە چواریەکی ئەو هندییانەی کە باوک و دایکیان هاووڵاتیی ئەمریکین و رەگەزنامەیان هەیە، کاتێ کە لە ناوچەیەکدا دەژین کەوا خزمەتگوزاریی گشتیی گونجاوی تێدایە و قوتابخانە گشتیی خۆڕایی تییدا دەستەبەرە.

 

ڕاپۆرتی مەریام بۆ ساڵی ١٩٢٨

ساڵی 1926، وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئینستیتیوتی برووکینگزی ڕاسپارد کە ڕووپێوییەکی گشتیی بکات بۆ بارودۆخی هندییە ئەمریکییەکان و هەڵسەنگاندنی بەرنامە و سیاسەتەکانی فیدراڵی. ڕاپۆرتی مەریام، کە بە فەرمی ناونیشانی کێشەی ئیدارەدانی هندییەکانی هەلگرتووە، لە ١٩٢٨دا دراوەتە وەزارەتی ناوخۆ و سەبارەت بە خوێندن و فێرکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان ڕاسپاردەی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکات بۆ حکوومەت:

• هەڵوەشانەوەی کۆرسی یونیفۆرمی خوێندن، کە تەنها بەهای کولتووریی ئەوروپیی -  ئەمریکیی فێردەکردن.

•  پێخوێندن و فێرکردنی منداڵە بچووکەکانی کۆمەڵگە لە قوتابخانەکانی نزیک ماڵەکانیان و منداڵ هەراشەکان بچنە قوتابخانەکانی دوور لە مۆڵگەکان و لەوی کاریش بکەن.

•  بیرۆی کاروباری هندییەکان دەرفەتی ئەو خوێندن و کارانە بڕەخسێنێت کە پێویستیان پێیانە بۆ گونجان لەگەڵ کۆمەڵگەکانی ناوخۆیان و کۆمەڵگەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.

یاسای ساڵی ١٩٣٤ بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندییەکان

ئەم یاسایە سەردەمی تەرخانکردنی لە مێژوودا کۆتایی پێهێنا و مافی حوکمی خۆکردنی بۆ هندییەکان سەلماند و شیاندنی هندییەکانی سەلماند بۆ پێسپاردنی پێگە و پۆست لە بیرۆی کاروباری هندییەکاندا، ئەمەش هانی هندییەکانی دا کەوا بچنە قوتابخانە و کۆڵێجە پیشەییەکانەوە. لەم ماوەیەشدا، هەوڵ و کۆشش هەبوو بۆ هاندانی قوتابخانە کۆمەڵگەییەکانی    ڕۆژ و بێجگە لەوەش هانی تۆمارکردنی منداڵە هندییەکان دەدرا لە قوتابخانە گشتییەکاندا. لە هەمان ساڵیشدا یاسای جۆنسن ئۆمالی دەرکرا بۆ ئەوەی ویلایەتەکان خەرجی قوتابخانە گشتییەکانی هندییەکان لەئەستۆ بگرن. سندووقی پشتیوانیی ئام یاسایە وا داڕێژرابوو کە یارمەتیی کەمکردنەوەی تۆمارکردن بدات لە قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکانی هندییەکاندا و لەبریی ئەوە بخرێنە قوتابخانە گشتییەکانەوە.

 

سەردەمی کۆتایی پێهینان

ساڵی 1953، کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری هاوکاتی ژمارە ١٠٨یان دەرکرد، کە ئاڕاستیەکی نوێی لە سیاسەتی فیدراڵیدا پەیڕەویی کرد لە بەرانبەر هندییەکاندا. بڕیاردەری سەرەکیی ئەم چارەسەرە ، ئارسەر واتکینز (ویلایەتی یوتا) ڕایگەیاند کەوا "لە زووترین کاتدا، پێویستە لەسەرمان ئەو دۆخەی هندییەکان کۆتایی پێبێنین وەک ڕاسپاردەیەکی حکوومەت و هەموو ئەو ماف و ئیمتیازانەیان پێببەخشین کە پەیوەستە بە ڕەگەزنامەی ئەمریکییەوە". حکوومەتی فیدراڵی سیاسەتێکی تری نوێی جێبەجێ کرد بە ئامانجی گواستنەوەی گەلانی هندی بۆ شارەکان و دوور لە مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات، reservations) و کۆتایی هێنان بە خێلەکان وەک قەوارەی جیاجیا. لەم ماوەیەدا شەست و یەک خێڵ کۆتاییان پێهێنرا.

 

1968 بەرەو سەرەوە

لە ساڵی 1968دا، سەرۆک ليندن جۆنسن ئەم کارە ماوەی کۆتایی پێهێنانەی وەستاند و ڕێنماییدەرکرد بۆ وەزیری ناوخۆ بە دامەزراندنی ئەنجومەنی قوتابخانە هندییەکانی فیدراڵی بە مەرجی پێکهێنانی لە ئەندامانی کۆمەڵگە  یان کۆمیونیتییە ناوخۆییەکان.

ئەو یاسا سەرەکییانەی کە ئامانجیان چاککردنی خوێندن و فێرکردنی هندییەکان بوو لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا دەرکران. لە ساڵی ١٩٧٢دا، کۆنگرێس یاسای خوێندنی هندییەکانی دەکرد کە مامەڵەیەکی گشتگیر بوو بۆ بەدەمەوەچوونی بۆ پێداویستییە تایبەتمەندەکانی هندییە ئەمریکییەکان و خوێندکارانی ئالاسکا. ئەم یاسایە دان بەوەدا دەنێت کەوا هندییە ئەمریکییەکان پێداویستیی ئەکادیمیی فێرکردن و کولتووریی تایبەتمەند و پێداویستیی زمانەوانی و کولتووریی جیاکاریان هەیە. بێجگە لەوەش کاریگەرترین یاسا کە لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا مۆر کرابێت "یاسای چارەی خۆنووسین یارمەتیی خوێندن و فێرکردنی ساڵی ١٩٧٥ە"، کەوا هەل و دەرفەتی دیاریکردنی جارەنووسیان و خوێندنی منداڵەکانیان بوو لە ڕێگەی بڕە پارەی تەرخانکراو و بەڕێوەبردنیەوە لەلایەن تاکی خێڵەکانەوە.

 

نەخۆشی و مردن

لە ئەنجامی نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی گشتی و بارودۆخی قەرەباڵغی لە قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆیی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، قوتابییەکان بەر مەترسیی تووشبوون دەکەوتن بە نەخۆشییە درمییەکانی وەک سیل و سوورێژە و ئاوڵە و تراخۆما دەکەوتن. هیچکام لەم نەخۆشییانە تا ئەودەمە هێشتا بە ئەنتیبایۆتیک چارەسەر نەدەکران یان ڤاکسین و کوتان کۆنترۆڵ نەدەکران و درم و پەتا قوتابخانەکانیشی بە هەمان شێوەی شارەکان دەگرتەوە.

قەرەباڵغیی قوتابخانەکان بوو بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشی تێیاندا. "ئەو فەرمانبەرانەی کەوا کرێی کەمیان وەرگرتووە کە فرەجار چاودێرییەکی پزیشکیی ناڕێکوپێک دابین دەکەن. بە لای کەمەوە بەرپرسە کەمتەرخەمەکانی قوتابخانە ناوخۆییەکان بەردەوام گوێیان بە ڕێنماییەکانی جیاکردنەوەی ئەو منداڵانە نەدەدا کە نەخۆش کەوتبوون لە قوتابییەکانی تر". نەخۆشیی سیل بە شێوەیەکی تایبەتی کوشندە بوو لە ناو قوتابییەکاندا و زۆرێک لە منداڵەکان لە کاتی گیردانیاندا لە قوتابخانە هندییەکاندا دەمردن. بەزۆرییش قەدەغە بوو کە قوتابییەکان پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن و کاتێ کە منداڵەکان نەخۆش دەکەوتن کەسوکاریان ئاگادار نەدەکرانەوە و بەهەمان شێوەش کاتێ کە منداڵێک دەمرد زۆر جار خێزانەکانیان لێ ئاگادار نەدەکردەوە. "زۆر لە حاڵەتی مردنەکان لە ماوەی پەتا گەورەکەی ئەنفلۆنزادا بوو لە ساڵانی ١٩١٨ - ١٩١٩دا و دانیشتووانە ڕەسەناکانی ئەمریکا بەتوندی تووش بوون، لە قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکاندا ڕوویاندا".

ڕاپۆرتەکە مەریام لە ساڵی ١٩٢٨دا، ئاماژەی بەوە کردووە کەوا نەخۆشییە گوێزراوەکان لە ئاستێکی بەرفراواندا لە قوتابخانەکاندا بڵاو دەبووەوە بە هۆی بەدخۆراکی و قەرەباڵغی و خراپیی بارودۆخی تەندروستی و ئاو و ئاوەڕۆ و لاواز بوونی قوتابییان بە کارکردنی تاقەت پڕووکێنەوە. هەروەها ڕاپۆرتەک باسی لەوە کردووە کە تێکڕای مردن لە ناو قوتابییە ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا شەش هێندە و نیوی گرووپە ئیتنیکییەکانی تر بوو. ڕاپۆرتێک لەبارەی قوتابخانەی فینیکسی هندییەوە باس لەوە دەکات کەوا: "لە دیسەمبەری ساڵی ١٨٩٩دا، نەخۆشیی ئاوڵە قوتابخانەی فینیکسی هندیدا بڵاوبووەوە و بۆ مانگی کانوونی دووەم ڕەهەندێکی پەتای وەرگرت و بەدوایدا ژمارەی ٣٢٥ حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵە و ٦٠ حاڵەتی گەوکردنی سییەکان و ٩ حاڵەتی مردن لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا تۆمارکراوە".

 

ئاسەواری تواندنەوە و ئاوێتەکردنکردن

لە ساڵی ١٨١٠وە تا ساڵی ١٩١٧، حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی پاڵپشتیی دامەزراوە مسیۆنێرییەکان و قوتابخانە ناوخۆییەکانی کردووە. تا ساڵی ١٨٨٥، ١٠٦ قوتابخانەی هندیی کراوەتەوە و زۆرێکیان دامەزراوەی سەربازیی چۆڵکراویان بۆ بەکارهاتووە. بەکارهێنانی میلاکی سەربازی و بەندکراوانی هندی، وایکردبوو کە وەک ئامرازێکی حکوومەت بڕوانرێتە قوتابخانە ناوخۆییەکان بۆ بەدیهێنانی تواندنەوە و ئاوێتەکردن کردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە کولتووری ئەمریکیی باودا. هەوڵ و کۆششی تواندنەوە بەزۆر دوورخستنەوەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی دەگرتەوە لە خێزانەکانیان و کردنیان بە کریستیان و ڕێگری لێکردنیان کە فێری کولتوور و داب و نەریتی دانیشتووانی ڕەسەن ببن و پیادە ی بکەن و بە شێوازێکی توندی سەربازییانە بژین.

کاتێ کە قوتابییەکان دەگەیشتنە قوتابخانە ناوخۆییەکان، بەرەوڕووی هەمان ڕۆتینی نموونەیی دەبوونەوە. یەکەم، قوتابییەکان ناچار دەکران جلوبەرگی خێڵەکییان داماڵن و قژ و پرچیان دەبڕدرا. دووەم "سەپاندنی دیسپلینی سەربازیی پێویست و تەواوی ڕۆتینی قوتابخانە بە شێوازێکی سەربازی ڕێکدەخرا و هەموو لایەنێکی ژیانی قوتابییانە بەپێی خشتەیەکی توندوتۆڵ پیادە دەکرا". یەکێک لە قوتابییەکان بیرەوەریی ڕۆتینی ساڵانی ١٨٩٠کان دەگێڕێتەوە:

"منداڵە بچووکەکان لە هۆڵی نانخواردن نانیان دەخوارد. ئەوجا زەنگێکی بچووک لێیدەدا و هەر قوتابییەک کورسییەکی لەژێر مێزەکە دەردەهێنا و ئەمە وایدەگەیاند کە ئەوان لەسەری دادەنیشن، بۆیە منیش خێرا جانتاکەم ڕاکێشا و خۆم خزانە سەر تەختەکە و دانیشتم و کاتێ سەرم هەڵبڕی، ڕوانیم بەتەنها خۆم دانیشتووم و ئەوانیتر بەپێوە ڕاوەستاون. ئەو کاتەی ویستم هەڵسم و بە چوار دەوری خۆممدا ڕوانی زەنگی دووەم لێیدا و هەمووان دانیشتن. گوێم لە دەنگی پیاوێک بوو لە پەڕی هۆڵەکەوە و ئەوانیتر سەریان بەسر قابەکانی بەردەمیاندا شۆڕکردبووەوە و من نەمدەزنی چیبکەم. پاشان زەنگی سێهەم لێیدا و هەمووان چەقۆ و چەتاڵی خۆیان هەڵگرت و کەوتنە نانخواردن و منیش دەستم کرد بە گریان و نەمدەزانی چیبکەم".

لەو ساتەوە کە قوتابییان دەگەیشتنە قوتابخانە، ئیتر نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک "هندی بن". بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی ناوخۆیی "چ لە قتابخانە یان لە مۆڵگەی پارێزگاری گۆرانی وتن و سەماکردنی خێڵەکییانە و پۆشینی جلوبەرگی ئاهەنگ و "کێوییانە" و پراکتیزەکردنی ئایینە ڕەسەنەکانیان و ئاخاوتن بە زمانە خێڵەکییەکانیان و ڕەفتار کردن بەگوێرەی ڕۆڵە نەریتییەکانی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ قەدەغە بوو". مامۆستاکان ڕێنماییان وابوو کەوا "دەبوو جەخت لەسەر کچە هندییەکان بکرێتەوە کە هەرچی داپیرانیان بە شێوازێکی تایبەت کردوویانە هۆکارێک نییە کە ئەمانیش هەمان شت بکەن".

ڕاگواستنی گەلانی ڕەسەن بۆ مۆڵگەکان لە ڕۆژاوا لە سەرەتاکانی سەدەدا و تەشریع کردنی یاسای داوس لە ساڵی ١٨٨٧دا دواجار بوو بە هۆی زەوتکردنی نزیکەی ٥٠ ملیۆن ئەیکەر (فەدان) لە زەویوزاری هندییەکان. سەرکردایەتیی ئەنگلۆ دەستی بەسەر قوتابخانەکانی مۆڵگەکاندا (محمیات) گرت یان ڕووخاندنی. سیستەمی ئەو قوتابخانانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هندییەکاندا بوو چیتر بوونی نەما، "لەکاتێکدا کەوا هندییەکان دیلی دەستی خوێندنی فیدراڵی یان مسیۆنێری بوون".

هەرچەندە قوتابخانەکان ڕاستکردنەوەی زارەکییان بەکاردەهێنا بۆ سەپاندنی توانەوە و تێکەڵکردن، بەڵام ڕێکاری تودوتیژتریش بەکاردەهات، چونکە سزادانی جەستەیی باوبوو لە کۆمەڵگەی ئەمریکیی ئەوروپیدا. ئەرچولیتا و ئەوانیتر (٢٠٠٠) تێبینیی ئەو حاڵەتانەیان کردووە کەوا "دەمی قوتابییەکانیان بە سابوونی تفت و توون شۆردووە کاتێ کە بە زمانە ڕەسەنەکانیان قسەیان کردووە، یان لە ژووری پاسەوانان بەندیان کردوون و تەنها نان و ئاویان داونەتێ ئەگەر پێشێلی یاساوڕێسایان بکردایە و ڕۆژانە بەرەوڕووی سزای جەستەیی و ڕێکارە توندەکانی تری تەمێکردن دەبوونەوە". بێجگە لە ستەمی جەستەیی و دەروونی، هەندێ لە دەسەڵاتی قوتابخانەکان ستەمی سێکسییشیان لێدەکردن.

 

لەم ڕووەوە یەکێک لەو قوتابییە کچانەی جاران دەیگێڕایەوە کەوا:

"ترس و تۆقاندن هەمیشە بەتوندی لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئامادەبوو. بۆ نموونە، لەو ڕێکاری تەمێکردنە توندانە دەترساین کە هەندێ لە سەرپەرشتیارانمان بە خراپی پیادەیان دەکردن، چەشنی ئەو کەسەی کە هێند بەتوندیی گوێی ئامۆزاکەمی ڕاکێشا و لەبن دەریهێنا. پاش ئەوەی کچێکی تەمەن نۆ ساڵانمان شەو لە جێگەکەی خۆیدا لە بەشی ناوخۆیی دەستدرێژیی کرایە سەر، ئێمە کچەکان بەجارێ تۆقیبووین بە ڕادەیەک هەر کە چراکان دەکوژانەوە خێرا بازمان دەدایە ناو جێگەی یەکترەوە. ترس و تۆقینی بەردەوام وایلێکردبووین کە زیاتر دان بەخۆماندا بگرین کاتێ کە میزمان دەهات و پێمان باشتر بوو بەو حاڵەوە لە ناو جێدا بمێنینەوە نەک بە ڕاڕەوە تاریکەکەدا بڕۆین بۆ دەست بە ئاو گەیاندن. کاتێ کە گەورەتر بووین هەستمان بە ترس و لەرز دەکرد هەر کاتێ بچووینایەتە پۆلی ئەو مامۆستا پیاوانەوە کەوا گێچەڵی سێکسییان بە کچان دەکرد".

ئەو کچە گەنجانەی کە لە خێزانەکانیان دادەبڕان و دەخرانە قوتابخانە ناوخۆییەکانەوە و دواتر دەچوونە پەیمانگەکانی  وەک مامۆستایان و کشتوکاڵ، هاندەدران بۆ بەدیهێنانی دید و تێڕوانینی حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی کە خۆی دەبینییەوە لە "خوێندن و فێرکردنی کچانی هندیدا بە هیوای ئەوەی ڕاهێنانی باشیان پێبکرێت و ببنە کابانی باشی ماڵ و ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان ببینن لەگەڵ هاوسەرەکانیان بۆ "توانەوە و تێکەڵبوون" بە کولتووری باڵادەستی کۆمەڵگەی ئەمریکی.

ژنە مێژوونووس، برێندا چایڵد، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا قوتابخانە ناوخۆییەکان هەستی یەکێتیی هندیی بەهێز کردووە و هاوپەیمانیی نێوان خێڵە جیاوازە هندییەکانی پتەو کردووە کە هاوکار و هاوپەیمان بن لە دوادواییەکانی سەدەی بیستەمدا و بەم جۆرە مشتومڕ لەسەر ئەو مەسەلەیە دەکات:

ئەو خەڵکانەی کەوا پێشتر زمان و کولتوور و جوگرافیا جیای کردبوونەوە ئیستا وا لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا پێکەوە دەژین و کار دەکەن. بەو پێیە قوتابییەکان پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکتر پەیدا کردبوو و بەهرەمەند بوون لەو گۆڕانکارییە دەوڵەمەندەی نێوان کولتوورەکان. بێجگە لەوەش گەلێ جار وا ڕوویدەدا کە کوڕان و کچانی دەرچووی قوتابخانە حکوومییەکان، کەوا پێشتر پێکەوە قوتابیی هاوپۆل بوون، هاوسەرگیری بکەن و لە دەزگاکانی خزمەتگوزاریی هندییەکاندا لەسەر کار دابمەزرێن و کۆچ بکەن بۆ ناوجە شارنشینەکان و بگەڕێنەوە بۆ مۆڵگەکانی خۆیان و تێکەل بە سیاسەتی خێڵەکی ببن. بەم پێیەش ژمارەیەکی لە ئەژمار بەدەری هاوپەیمانیی نوێی کەسی و سیاسیی لە قوتابخانە ناوخۆییە حکوومییەکاندا دروستبوو.

جاكلين ئيمری، کە ئەنتۆلۆجیایەکی نووسینەکانی قوتابخانە ناوخۆییەکانی ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوە کردووە کەوا ئەم نووسینانە دەیسەلمێنن کە منداڵەکان نەرمییەکی کولتووری و شەخسییان پیشانداوە کە "زیاتر باو بووە لە ناو قوتابییەکانی قوتابخانە ناوخۆییەکاندا لەوەی کە بیری لێدەکەیتەوە". هەرچەندە دەسەڵاتدارانی قوتابخانە سانسۆریان خستبووە سەر بابەت و وتارەکان، بەڵام ئەمانە گەلێ شێوازی جۆراوجۆری بەرگری کردنی سیستەمەکانی قوتابخانە ڕووندەکەنەوە. زۆرێک لەو قوتابییانەی کە قوتابخانە ناوخۆییەکان خوێندبوویان، وەک گێرترود بۆنین و ئەنجڵ دی کۆرا و فرانسیس لا فلێش و لۆرا کۆرنیلیوس کێلۆگ بوون بە ڕۆشنبیر و خوێندەواری بەرز و پێشەنگی چالاکوانە هاوچەرخەکان لە ناو دانیشتووانی ڕەسەندا.

قوتابییەکان، پاش بەربوونیان یا تەواوکردنی خوێندن لە قوتابخانە ناوخۆییە هندییەکاندا، وا چاوەڕوان دەکرا بگەڕێنەوە بۆ مۆڵگەکانیان و هانی توانەوە و تێکەڵبوون بدەن لەوێ. بەلام زۆرێک لەوانەی گەڕانەوە گرفتاری دەردی نامۆبوون و بەربەستی زمان و کولتوور و شلەژان بووبوون، بێجگە لە فشاری تێکچوونی دوای تراوما و میراتێکی قورسی تراوما لەئەنجامی ستەم لێکردن و مامەڵەکردنی خراپەوە. ئەوان زۆر هەوڵیان دەدا بۆ ڕێزگرتنی بەتەمەنەکان بەڵام تووشی بەرپەرچدانەوە دەبوون لەلایەن خێزان و دۆستەکانیانەوە کاتێ دەیانویست دەست بە گۆڕانکارییە ئەنگلۆ -  ئەمریکییەکان بکەن.

خوێندکارانی قوتابخانە ناوخۆییەکان بەرەوڕووی ئاستەنگ و ناڕەحەتیی دەبوونەوە، بەڵام ئەوە ڕاینەگرتن لە بنیاتنانی بناغەی بەرگری کردن. لێرە قوتابییانی ڕەسەن سوودیان لە وانەکانی  قوتابخانە وەرگرتبوو بۆ قسەکردن و جالاکی نواندا. ئەوان زۆر زیرەک  و وریا بوون و بەئاگاهاتبوون لە چالاکی و کاری سیاسی و لەبەر ئەوەی خۆیان بە زۆرەملێ لە خێزانەکانیان دوورخرابوونەوە و دابڕابوون، گەلێکیان دواتر ڕەتیانکردەوە ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن بەزۆر لەدەستیان دەربکەن بە شاردنەوەیان و هاندانیان بۆ هەڵاتن. ئەم کارە فرەجار سەرکەوتوو نەدەبوو بەڵام فۆرمێک بوو لە بەرگریی کردن لەو ماوەیەدا.

وەک لە لایەن هەردوو مێژوونووس برایان کڵۆپۆتێک و بریندا چایڵدەوە باسکراوە کەوا "دانیشتووانی دوورەدەستی هندییەکان کە لا باکووری مینیسۆتادا دەژیان، لە ساڵی ١٩٠٠دا هڵوێستیکی ڕادیکاڵانەیان وەرگرت دژ بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی حکوومی". ئەو دانیشتووە ڕەسەنانە، کە گەلی ئۆجیبوی بوون، لە ڕێگەی بەرگریی چەکدارییەوە بەرهەڵستیی خۆیان دەربڕی بۆ دروستکردنی قوتابخانە لەسەر زەویی ئەوان. پیاوانی ئۆجیبوی وەک پاسەوانی چەکدار جواردەوری کرێکاران و ئەو شوینەیان گرت کە بینای قوتابخانەکەی تێدا دەکرا، وەک ئاماژەیەک کەوا پێیان خۆش نییە ئەم کرێکارانە هیچ بینایەک دروست بکەن لە خاکی ئەواندا. ئەم شیوازە لە بەرهەڵستیی چەکداری باو بووە لای کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە سەردەمی دروستکردنی قوتابخانە ناوخۆییەکاندا.

تاکتیکێکی بەناوبانگی بەرهەڵستی لەلایەن قوتابیانی قوتابخانە ناوخۆییەکانەوە قسەکردن و وەڵامدانەوە بوو بە زمانی ڕەسەنی دایکیان. چونکە قوتابخانەکان پێیان دادەگرت لەسەر لەناوبردنی زمانی یەکەمیان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ زمانی ئینگلیزیدا. بۆ ئەوان قسەکردن بە زمانی خۆیان سیمبۆڵی پەیوەستبوونی توندوتۆڵ بوو بە کولتووریانەوە، ئەگەرچی ئەمە سزادانی جەستەیی لێدەکەوتەوە کە لێی دەترسان، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام دەبوو لەسەر بەرگری کردن بەم شێوەیە بە ئامانجی ئەوەی کە لەو کارە نائومێدبن. ئەوان دەیانویست ئەوە دەرببڕن کە زمان و کولتووریان ڕەگی قووڵیان لە ناخیاندا هەیە و بە زەبری هێز ناگۆڕدرێت. فۆرمێکی تری بەرگری کردن هەڵسوکەوتی ناشیرین و ڕەفتاری گەوجانەی پەڕگر بوو کە بەزەحمەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. خراپ ڕەفتار کردن بەواتا پێشێلکردنی بەردەوامی یاساوڕێسا و هەڵسوکەوتی بەدەر لە مەودای کاراکتەر ئاگر تێبەردان یان شەڕنانەوە. ئەمە هەمووی کارێک بوو بە هیوای گێڕانەوەیان بۆ زێد و ماڵی خۆیان. لێرە قوتابییەکان دەیانویست لاساری بکەن نەک بۆ ئەوەی سزا بدرێن بەڵکوو بۆ ئەوەی لە قوتابخانە دەریان بکەن. بەرگری کردن فۆرمێک بوو لە بوێری و دژ بە قوتابخانە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنرا. ئیلهامبەخشیی ئەم هەوڵ و کۆششانە یەک لەویترەوە بوو و لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵییەوە و ڕێگایەک بوو بۆ پارێزگاریی لە زمانی دایکییان و کولتوور و شوناسی ڕەسەنەکان پەیوەست بوو بە گێڕانەوەی شارستانییەت. تاکتیکەکانی بەرگری کردن یارمەتیدەر بوون بۆ سستیی تێگەیشتن لە کولتووری ئەمریکی و فێربوونی. 

کاریگەرییە بەردەوامەکانی زەبروزەنگی قوتابخانە ناوخۆییەکان لەسەر کۆمەڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن مایەی لێخۆشبوونی گرووپە جۆراوجۆرەکان نەبوو. بە پێی ماری ئاننێت پێمبەر، کە دایکی ناچار کراوە بچێتە قوتابخانەی ناوخۆیی سانت ماریی کاسۆلیکی لە ویسکینسن و زۆر جار "لێدان و سووکایەتی پێکردن و پێنەدانی خواردنی" بیر دەهاتەوە لە سەر دەستی خوشکانی پاکیزە (کچە ڕاهیبەکان). هەمان ئەم کاریگەرییانە بەردەوامن لە سەر نەوەکانی دانیشتووانی ڕەسەن، ئەوانەی هەرگیز خۆیان نەچووبوونە ئەو قوتابخانانە و بە هەمان شێوەش لەسەر ئەو خێزانانەی کە ئازیزانی دەربازبوو یان بێسەروشوێنیان هەبوو لەو قوتابخانانەدا.

کاتێ ئەندامانی دەستەی وانە وتنەوە سەردانی قوتابییانی جارانیان کرد، کەوتنە هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنیان بەگوێرەی ئەم پێوەرانەی خوارەوە: "خێزانی خاوەن گوزەرانی ڕێکوپێک، جل و پۆشاکی هاووڵاتی، ئاهەنگی زەماوەندی مەسیحییانە، منداڵانی 'باش بایەخ پێدراو' ، زەویی لە چەندین شوێن، منداڵان لە قوتابخانەدا، عادەتی کار و پیشەی جیددی، ڕۆڵی سەرکردایەتی لە برەودان بە هەمان شێوازی ژیانی 'شارستانییانە' لە ناو خێزان و خێڵدا". زۆرێک لە قوتابییان گەرانەوە بۆ قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکان. جەنەراڵ ڕیچارد هێنری پرات، ئەو بەرپرسە ئیدارییەی قوتابخانەی کارلایلی پیشەسازیی هندیی دامەزراند کەوتە باوەڕهێنان بەوەی کەوا "بۆ بە شارستانی کردنی هندی. بیخەرە ناو شارستانییەتەوە و بۆ ئەوەی هەر بە شارستانی بمێنێتەوە، لێگەڕێ با بمێنێتەوە". 

 

قوتابخانەکان لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا و گۆڕانکارییەکانی دواتر

بەگشتی پەیوەندی کردن بە قوتابخانە هندییە ناوخۆییەکانەوە بە درێژایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم زیادی کردووە و لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا بووە بە دوو هێندە. لە ساڵی ١٩٦٩دا، بیرۆی کاروباری هندییەکان ٢٢٦ قوتابخانەی لە ١٧ ویلایەتدا کردووەتەوە، لە نێویشیاندا مۆڵگەکانی پارێزگاری و ناوچە جوگرافییە دوورەدەستەکان بوو. لە نزیکەی ٧٧ قوتابخانە ناوخۆیی کۆی ئەو منداڵانەی کە تۆمار کرابوون گەیشتبووە ٣٤٦٠٥ قوتابی و ١٥٤٥٠یان لە قوتابخانەکانی ڕۆژی بیرۆی کاروباری هندییەکان بوون و ٣٨٥٠ منداڵ لە بەشە ناوخۆییەکاندا جێگەیان کرابووەوە "لە کاتی پەیوەندی کردنیان بە قوتابخانە گشتییەکانەوە بە پاڵپشتیی دارایی بیرۆی کاروباری هندییەکان و بێجگە لەوەش ٦٢٦٧٦ گەنجی هندی پەیوەست بووبوون بەو قوتابخانە گشتییانەوە کە یاسای جۆنسن ئۆمالیی پاڵپشتیی دارایی دەکردن و بیرۆی کاروباری هندییەکان بەڕێوەی دەبردن". هەڵبەت تێکڕای پەیوەستبوون بەو قوتابخانانەوە گەیشتبووە بەرزترین ئاستی لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا و لە ساڵی ١٩٧٣دا مەزەندە کرابوو کە ٦٠ هەزار منداڵی هندیی ئەمریکی تۆمار کرابوون بۆ ئەوەی بچنە بەر خوێندن لە تەنها یەک قوتابخانەی ناوخۆییدا.

هەڵکشانی چالاکیی گشتگیری هندی (پان هندیزم) و بەردەوامیی سکاڵای گەلە هندییەکانی خێڵەکی لەبارەی قوتابخانەکانەوە و ئەو توێژینەوانەی کە لە کۆتایی ١٩٦٠کان و ناوەڕاستی ١٩٧٠کاندا ئەنجامدران (چەشنی ڕاپۆرتەکەی کەنەدی لە ساڵی ١٩٦٩دا و لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی خوێندنی هندییە ئەمریکییەکان) سەریان کێشایەوە بۆ دەرکردنی "یاسای بڕیاردان لە چارەنووسی خۆ و یارمەتیدانی خوێندنی ساڵی ١٩٧٥". ئەمەش جەختی کردەوە لەسەر بواردان بە خێڵەکان کەوا گرێبەست لەگەڵ دام و دەزگا فیدراڵییەکاندا ئەنجام بدەن بۆ لەئەستۆگرتنی بەرنامەگەلی چەشنی خوێندن و فێرکردن. هەروەها ئەمە دەرفەتی ڕەخساند بۆ خێڵەکان کە قوتابخانەی کۆمەڵگەیی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بکەنەوە لە مۆڵگەکانیاندا.

لە ساڵی ١٩٧٨دا، کۆنگرێس "یاسای چاودێریی منداڵانی هندیی" دەرکرد و سەرۆک ئیمزای کرد و ئەمەش مافی یاسایی بە باوک و دایکانی ئەمریکیی ڕەسەن دا لە ڕەتکردنەوەی ناردنی منداڵەکانیان بۆ هەر قوتابخانەیەک خۆیان گەرەکیان نەبێت (دیارە مەبەست قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکانە - وەرگێڕ). بەڵگەکانی پەیوەست بە ساڵانی دوور و درێژی خراپ مامەڵەکردنی قوتابییان لە قوتابخانە ناوخۆییەکانی دەرەوەی مۆڵگەکاندا بە نەفرەت کرد و ڕۆڵیان بینی لە دەرکردنی یاسای چاودێریی منداڵانی هندیدا و کۆنگرێس پاش گوێگرتن لە بەڵگە و شایەتییەکان لەبارەی دۆخی ژیانەوە لە قوتابخانە ناوخۆییەکانی هندییەکاندا ئەم یاسایەی پەسەند کرد.

لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا، گەلێ لە قوتابخانە هندییە گەورەکان لە ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا داخران و هەندێک لەو قوتابخانانەی کە لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا بوون (محمـیات) لەلایەن خێڵەکانەوە دەستیان بەسەرداگیرا. بۆ ساڵی ٢٠٠٧، ژمارەی ئەو منداڵە هندییە ئەمریکییانەی کە لە بەشە ناوخۆییەکانی ئەو جەشنە قوتابخانانەدا دەژیان دابەزی بۆ ٩٥٠٠ قوتابی.  ئەم ژمارەیە ئەو ٤٥ قوتابخانە ناوخۆییەی ناو مۆڵگەکان و حەوت قوتابخانەی ناوخۆیی دەرەوەی مۆڵگەکان و ١٤ بەشی ناوخۆیی قوتابییانی دەوروبەری مۆڵگەکانیشی دەگرتەوە. لە ساڵی ١٨٧٩وە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، مەزەندە دەکرێت کەوا سەدان هەزار منداڵی ئەمریکیی ڕەسەن پەیوەندییان کردبێت بە قوتابخانە هندییە ناوخۆییەکانەوە. تا ئێستاش، کە ساڵی ٢٠٢٣یە، هێشتا چوار قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی دەرەوەی مۆڵگەی پارێزگاری ماون و حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکا بەڕێوەیان دەبات.

 

سەدەی ٢١

لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٢٠دا، بیرۆی خوێندن و فێرکردنی هندییەکان نزیکەی ١٨٣ قوتابخانە بەڕێوەدەبات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی نین و دەکەونە مۆڵگەکانی پارێزگارییەوە reservations. ئەم قوتابخانانە  ٤٦ هەزار خوێندکار لەخۆدەگرن. ڕەخنە مۆدێرنەکان بایەخیان داوە بە کوالیتیی ئەو خوێندن و فێرکردنەی پێشکەش دەکرێت و پابەند بوون بە بە پێوەرەکانی خوێندنی حکوومەتی فیدراڵی. لە مارتی ٢٠٢٠دا، بیرۆی کاروباری هندییەکان لە بنەمایەک بووەوە بۆ داڕشتنی سیستەمی پێوەرو ‌هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە بۆ تەواوی قوتابخانەکانی بیرۆی کاروباری هندییەکان. پاڵنەر و مۆتیڤی پشت ئەم بنەمایە شیاندنی قوتابییانی بیرۆیە و ئامادەکردنیانە بۆ کۆڵێج و پیشە جۆراوجۆرەکان.

 

هەندێك لەو کتێبانەی کە لەسەر قوتابخانە ناوخۆییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکانن:

Education for Extinction: American Indians and the Boarding School Experience, 1875 –1928, author David Wallace Adams (1995)

خوێندن و فێرکردن لەپێناوی لەناوچووندا: هندییە ئەمریکییەکان و ئەزموونی قوتابخانە ناوخۆییەکان .....

Indian Horse, author Richard Wagamese (Ojibwe) (2012)ئەسپی هندی       

 

  In popular culture                                       لە کولتووری میللیدا                                      

" Reservation of Education"، a 1973 rock song by Native American rock band XIT.

"مۆڵگەی پارێزگاریی"، گۆرانییەکی ڕۆکی ساڵی ١٩٧٣، لەلایەن تیپی ڕۆکی ئەمریکیی ڕەسەنەوە.

Our Spirits Don't Speak English: Indian Boarding School, documentary produced by Rich-Heape Films (2008)

ڕۆحی ئێمە بە ئینگلیزی قسە ناکات: قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی هندی، فیلمێکی بەڵگەنامەیی .....

The Only Good Indian, 2009 film starring Wes Studi

 تەنها هندیی باش، فیلمێکی ساڵی ٢٠٠٩ ....

Playing for the World, documentary produced by Montana PBS (2010)

گەمەکردن لەپێناوی جیهاندا، فیلمێکی بەڵگەنامەیی ......

Our Fires Still Burn, documentary produced by Audrey Geyer (2013)

ئاگری ئێمە تا ئێستا دەگڕێت، فیلمێکی بەڵگەنامەیی ......

Unspoken: America's Native American Boarding Schools, documentary produced by KUED (2016)

 قسە لەسەر نەکراو: قوتابخانە ناوخۆییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان، فیلمێکی بەڵگەنامەیی .....

Indian Horse, based on the book with the same name written by Richard Wagamese (Ojibwe), produced by Devonshire Productions and Screen Siren Pictures (2017)

ئەسپی هندی، پشتبەستوو بەو کتێبەی کە هەمان ناوی هەیە .....

1923, television series in which one of the main storylines depicts a Native American boarding school.

 1923، زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنییە کە یەکێک لە چیرۆکە سەرەکییەکانی وێنەی قوتابخانەیەکی ناوخۆیی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا پیشان دەدات.

Stolen: Surviving St. Michael's, podcast (2022)

 دزراو: مانەوە لە ژیاندا لە سانت مایکڵ ....

Reservation Dogs, season 3, episode 3, "Deer Lady" (2023)

سەگەکانی مۆڵگەی پارێزگاری، وەرزی ٣، ئەڵقەی ٣، "خانمی ئاسک" ....

 

سەرچاوە:

ویکیپیدیا  Wikipedia

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×