ئیبراهیم ڕەئیسی: هێرشەكەی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت‌
  2024-04-02       244       

سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، جارێكی دیكە ئیسرائیل پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانی كرد، هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر كونسوڵخانەی وڵاتەكەمان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بێ وەڵام نابێت.

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە بارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە دیمەشق پەیامێكی بڵاوكردەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی رایگەیاندووە، جارێكی دیكە ئیسرائیل پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانی كرد، ڕژێمی ئیسرائیل دەبێت بزانێت بەو كردەوە نامرۆڤانەیە ناگاتە ئامانجەكانی.

دەشڵێت، هەنگاوی دەستدرێژیكارانەی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵخانەی وڵاتەکەمان لە دیمەشق بووە هۆی كوژرانی سەردار محەمەد ڕەزا زاهیدی و محەمەد هادی حاجی ڕەحیمی و پێنج هاوكاریان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیسرائیل، دەبێت بزانێت بەرەی مقاوەمە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و ڕق و كینەی گەلانی ئازاد بەرامبەر بە ستەکانى ئیسرائیل زیاتر دەبێت، هەروەها هێرشەكەی شەوی ڕابردووش بێ وەڵام نابێت.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی كردە سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە محەمەد ڕەزا زاهدی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و پێنج كەسی دیكەش كوژران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×