ئەردۆغان: ئەو ئەنجامەی دەمانویست بەدەستمان نەهێنا
  2024-04-01       297       

سەرۆکی ئاک پارتی رایگەیاند، ئەو ئەنجامەی دەیانویست لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا بەدەستیان نەهێنا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە ئەنقەرە رایگەیاند:" گەل لەسەر سندووقی دەنگدان ئیرادەی بەیان دەکات، گەل لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە قسە دەکات و پەیامەکەی بە سیاسەتمەداران دەگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد:" 31ی ئازار کە تیایدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەچوو بۆ ئێمە کۆتایی نییە و لە راستیدا خاڵێکی وەچەرخانە، لەگەڵ ئەوانەی دەنگیان بە ئاک پارتی و هاوپەیمانی جومهور دا، هەموو ئەوانەی مافی دیموکراسی خۆیان بەکارهێنا هێزیان بەخشییە سندووقەکانی دەنگدان و سەرکەوتن".

باسی لەوەشکرد:" بەداخەوە ئەو ئەنجامەی خوازیاری بووین و ئومێدمان دەکرد بەدەستیبهێنین لە تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەدەستمان نەهێنا، لە دوو مانگی رابردوودشدا سەردانی 32 شاری جیاوازم کرد، بە گەلەکەم شادبووم، ئەنجامەکەی بەمشێوەیە بووە، لە هەموو شتێکدا خێرێک هەیە".

دوێنێ یەکشەممە 31ی ئازار، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستا %99.82 دەنگەکان جیاکراوەتەوە، بەگوێرەی ئەو دەنگانەش کە جیاکراونەتەوە جەهەپە %37.74، ئاک پارتی %35.49 و دەم پارتی %5.68ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×