ئاوات شێخ جەناب: ئەمڕۆ زانیاریی تایبەت بە موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بۆ بەغدا نێردرا
  2024-03-27       512       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای تەواوبونی وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، زانیاری تایبەت بە موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كرا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبونەوەدا، کە تەوەری سەرەکی بوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، کورتەیەکی دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش موچەی موچەخۆرانی هەرێم خستۆتەڕو.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەمیانەی ڕونکردنەوەکانیدا، وەزیری دارایی هەرێم "ئاماژەی بە هەمو ئەو ڕێکارو هەنگاوانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداون بە ناردنی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ناردنی لیستی موچەی سەرجەم موچەخۆران، لە ناویشیاندا زانیاری تایبەت بە موچەی هێزەکانی پێشمەرگەو دامەزراوەکانی ئاسایش کە ئەمڕۆ(چوارشەممە) دوای تەواوبونی وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کرا. بۆیە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لەبەرئەوەی هیچ پاساو و بیانویەک نەماوە بۆ خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/27، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبونەوەدا، کە تەوەری سەرەکی بو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، کورتەیەکی دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش موچەی موچەخۆرانی هەرێم خستەڕو. لەمیانەی ڕونکردنەوەکانیدا، ئاماژەی بە هەمو ئەو ڕێکارو هەنگاوانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوم بە ناردنی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ناردنی لیستی موچەی سەرجەم موچەخۆران، لە ناویشیاندا زانیاری تایبەت بە موچەی هێزەکانی پێشمەرگەو دامەزراوەکانی ئاسایش کە ئەمڕۆ دوای تەواوبونی وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کرا، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لەبەر ئەوەی هیچ پاساو و بیانویەک نەماوە بۆ خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم.

سەرۆک وەزیران، سوپاسی وەزیری دارایی کرد بۆ ڕونکردنەوە و خستنەڕوی ڕاستییەکان بە داتاو زانیاری وردەوە دەربارەی بارودۆخی دارایی بۆ ڕایگشتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەمومان داکۆکی لە قەوارەی دەستوریی هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و ڕێگە نەدەین سازش لە سەر مافەکانمان بکرێت و هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دوپات کردەوە کە خوازیاری ڕێکەوتنی هاوسەنگانەیە لە نێوان هەردولا لە چوارچێوەی دەستور و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکە دەستوریەکانی، بەم ئاراستەیەش، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم هەمو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردوە و ئیتر دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ ئەرکی دەستوری خۆی جێبەجی بکات لە ناردنی شایستەی داراییەکانی هەرێم بۆ تەواوکاری موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش بۆ مانگی شوبات و هەروەها موچەی تەواوی مانگی ئادار و مانگەکانی داهاتوش.

سەبارەت بە پرۆسەی تەوتینکردنی موچەی هەرێم، سەرۆکی حکومەت باسی لە گرنگیی پڕۆژەی ( هەژماری من ) كرد کە پڕۆژەیەکی پێشکەوتوە و لە لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندیی عێراقە، چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و ئاسانکارییەکی زۆریش پێشکەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەشێکە لە پرۆسەی تەوتینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە بڕگەی یەکەم لە کارنامەکە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:-

1. ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچەی سەرجەم موچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئاداری 2024 تاوەکو ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی، لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی دەستوریی حکومەتی فیدراڵ بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی بۆ موچەی مانگەکانی شوبات و ئادار و مانگەکانی داهاتو، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو ئەرکەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستور جێبەجێ کردوە کە لە دوا هەنگاویشدا ئەمڕۆ 27ی ئاداری 2024 سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش لە دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کراوە.

2. ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر سودمەند نەبون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبون.

3. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی کرێی ئاو و کارەبای کەڵەکەبو لەسەر هاوڵاتییان تا ئاساییبونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.

4. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی ڕسومات و کرێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە دەکەوێتە ئەستۆی کاسبکاران و پیشەوەران تاوەکو ئاساییبونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.

5. کەمکردنەوەی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندوی هاوردەکراو بۆ مەبەستەکانی سەربڕین و بەخێوکردن بە ڕێژەی (50%) لەسەدا پەنجا لە ڕەسمی ئێستا و پێویستە لە دوای یەک ساڵ پێداچونەوەی بۆ بکرێت.

6. لێخۆشبون لە تەواوی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبو لەسەر خاوەنکاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی (90) نەوەد ڕۆژ بە مەرجێک لەو ماوەیەدا، تەواوی پارەی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات.

7. لێخۆشبون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ لەسەر هاوڵاتییان بە ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی سزاکانی کۆن و بەردەوام لە دوای دەرچونی ئەم بڕیارە تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی 2024/9/30.

8. پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لە چوارچێوەی یاساکانی باج بۆ باجدەران لە چین و توێژەکانی کاسبکاران و پیشەوەران و لێخۆشبون لە تەواوی سزای دواکەوتنی پێدانی باج کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم چین و توێژانە.

9. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ئەو ڕێژەی داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە.

10. پێویستە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارانە جێبەجێ بکەن.

بڕگەی دوەم تایبەت بو بە بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی تایبەت بە ڕاکێشانی کاش بە دراوی دۆلاری ئەمەریکی کە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابوری خرایەڕو، ئامانج لەم بڕیارانە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دینارە لەبەرامبەر بەهای دۆلاری ئەمەریکی.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی پێویست بۆ بابەتەکە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەن بڕیاری پێویستی لێ بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×